١٢٧ کارمەندی گرێبەستی تەندروستی گەرمیان لە بەهەمیشەیی کردن بێبەش دەکرێن

2024/11/25 - 06:32 | 906 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
نوێنەرێکی کارمەندانی گرێبەستی تەندروستی گەرمیان رایدەگەیەنێت بەهۆی خاڵێکەوە ئەوان لەوە بێبەشکراون کە بکرێن بە فەرمانبەری هەمیشەیی، داوای چارەسەرکردنی کێشەکەشیان دەکات.
 
 سەڵاح حەسەن، بە رادیۆی دەنگی وت: دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی فەرمانی بە هەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی دەرکرد، لە خاڵی شەشەمدا کردویەتی بە مەرج کە بۆ ئەوەی فەرمانبەرە گرێبەستەکە دابمەزرێت، دەبێت فەرمانی گرێبەستکردنی لە لایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی بۆ دەرچوبێت.
 
وتیشی: بەمپێیە بێت ئێمە کە ١٢٧ فەرمانبەری گرێبەستی تەندروستی گەرمیانین، بێبەش دەبین لەوەی بکرێین بە هەمیشەیی، چونکە ئێمە لەسەر بودجەی پەرەپێدان بە گرێبەست دامەزراوین نەک لەسەر بەڕێوبەرایەتی گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی.
 
ئاماژەی بەوەشکرد ئەم خاڵە ناهەقییەکی زۆرە دەرهەق بە ئەوان کە تیایاندایە ١٣ ساڵ خزمەتی هەیە و لەکاتی شەڕی داعش و بڵاوبونەوەی کۆرۆنادا بەردەوام بون لە خزمەت و دانەبڕاون.
 
داوایشی لە حکومەت کرد کە بەدەمیانەوە بێن و جیاکاریی نەکات لەنێوان فەرمانبەرانی گرێبەست و هەمو فەرمانبەرە گرێبەستەکان بەیەک چاو تەماشا بکات و هەموی بکات بە هەمیشەیی.
 
هێمای بۆ ئەوەشکرد جگە لە ئەوان، فەرمانبەری دیکەی گرێبەست زۆرن کە ئەوانیش فەرمانی بەڕێوبەرایەتی گشتی بودجەیان نییە و لەسەر بودجەی پەرەپێدان بە گرێبەست دامەزراون و ئەوانیش بێبەش دەبن لە بە هەمیشەیی کردنیان.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,257,242     ژمارەی میوان 2808