گونده‌كانى گه‌رمیان كاره‌با له‌ خۆر به‌رهه‌مدێنن

2024/11/21 - 05:49 | 152 جار بینراوە    
 
رادیۆی ده‌نگ- زریان محه‌مه‌د
 
له‌ ئێستادا به‌شێكى به‌رچاو له‌دانیشتوانى گونده‌كانى گه‌رمیان بۆ به‌ده‌ستهێنانى وزه‌ى كاره‌با رویان له‌ به‌كارهێنانى سیسته‌مى گۆڕینی وزه‌ى خۆر بۆ كاره‌با كردوه‌، ئه‌و هاوڵاتیانه‌ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ سودى زۆرى پێگه‌یاندون، چالاكوانێكى ژینگه‌یش بابه‌ته‌كه‌ به‌ گرنگ ده‌بینێت و جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ دۆستى ژینگه‌یه‌.
 
سیسته‌مى "سۆلار" یان ئه‌وه‌ى له‌ناوهاوڵاتیاندا به‌ "طاقة شمسي" ناوده‌برێت، بریتییه‌ له‌ سیسته‌مێكى كاره‌بای له‌رێگه‌ى چه‌ند پاترییه‌كه‌وه‌ كه‌ به‌ تیشكی خۆر بارگاویی ده‌كرێن. به‌ربڵاوبون و ئاسانبونى سیسته‌مه‌كه‌، هانى ژماره‌یه‌كى به‌رچاو له‌ گوندنشینانى گه‌رمیانى داوه‌ بۆ دانانى.
 
نه‌به‌رد ئیبراهیم، دانیشتوى گوندى سه‌یده‌ى سه‌ر به‌ ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا له‌ گه‌رمیان، له‌باره‌ى دانانى سیسته‌مى سۆلار بۆ به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با له‌ رێگه‌ى وزه‌ى خۆره‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات: بۆماوه‌ى 6 مانگه‌ ئه‌م سیسته‌مه‌م داناوه‌ و به‌رده‌وام 4 ئه‌مپێر كاره‌بامان هه‌یه‌، سودى زۆرى پێگه‌یاندوم و رزگارمان بوه‌ له‌ مۆلیده‌ كه‌ پێشتر هه‌مان بوه‌.
 
وتیشى: هه‌مو ئه‌و پێداویستیانه‌ى كه‌ پێویستمانه‌ رۆژانه‌ ده‌توانین كارى پێبكه‌ین به‌بێ گرفت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جگه‌ له‌ خۆم ماڵى باوكم و دو برام و پورم و خوشكیشم دایانناوه‌ و گرفتیان نیه‌.
 
 
هه‌ندێك له‌ گوندنشیانى دیكه‌، وزه‌كه‌ جگه‌ له‌ به‌كاربردنى ناوماڵ، بۆ كارى دیكه‌ش به‌كاردێنن، له‌نمونه‌ى ئیشپێكردنى ماتۆِری بیره‌كان.
 
حه‌سه‌ن سلێمان، دانیشتوى گوندى قه‌ڵاچه‌رمه‌ڵه‌ سه‌ر به‌ قه‌زاى كفرى، وتى: له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكى وه‌رزى هاوین گرفتى كاره‌بامان هه‌بو بۆ سه‌رچاوه‌ى ئاوى گونده‌كه‌، چونكه‌ دوره‌ ده‌ستبو له‌ گونده‌كه‌وه‌ و كاره‌باى بۆ نه‌رۆشتبو، چه‌ند جارێك به‌ڵێنى چاره‌سه‌ركردنیان پێداین به‌ڵام نه‌كرا، بۆیه‌ خۆمان سیسته‌مى سۆلار‌مان دانا.
 
جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: پێشتر پشتمان به‌ مۆلیده‌ ده‌به‌ست كه‌ هه‌م كێشه‌ى زۆر بو هه‌م تێچونیش، به‌ڵام ئێستا ئه‌و سیسته‌مى سۆلاره‌ 16 ئه‌مپێر كاره‌بای ته‌واو و بێ كێشه‌مان پێده‌دات.
 
سه‌ركه‌وتنى چه‌ند ئه‌زمونێكی دانانى ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌ گونده‌كان، هانى گوندنیشیانى به‌گشتى داوه‌ كه‌ رو له‌ به‌كارهێنانى بكه‌ن.
 
حه‌سه‌ن سلێمان، له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: نزیكه‌ى 20 گوند له‌و سنوره‌ى ئێمه‌ هه‌یه‌ زۆرینه‌ ماڵه‌كان كردویانه‌ به‌و سیسته‌مه‌ و پشت به‌ وزه‌ى خۆر ده‌به‌ستن بۆ به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با.
 
 
لایخۆشیه‌وه‌، مه‌ریوان مه‌حمود، وه‌ستاى دانانى سیسته‌مى سۆلار له‌ گه‌رمیان، جه‌ختى له‌ زیادبونى خواست له‌سه‌ر ئه‌م سیسته‌مه‌ كرده‌وه‌ و وتى: خواست له‌سه‌ر دانانى سیسته‌مى سۆلار بۆ ئه‌مساڵ زۆر زیاتر بوه‌ له‌ چاو ساڵانى رابردو به‌تایبه‌ت له‌ گونده‌كان، به‌ جۆرێك ده‌توانم بڵێم %90ـى گونده‌كان ئێستا ئه‌و سیسته‌مه‌یان هه‌یه‌.
 
باسى له‌وه‌شكرد: جگه‌ له‌ گونده‌كان له‌ ئێستادا له‌ باخ و پرۆژه‌كانى ناوشاریش كار له‌سه‌ر دانانى ئه‌و سیسته‌مه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ زۆر پاكه‌ و كێشه‌ى زۆر كه‌مه‌.
 
روكردنه‌ ئه‌م سیسته‌مه‌، له‌لای چالاكانى ژینگه‌ مایه‌ى خۆشحاڵییه‌، به‌وپێیه‌ى دۆستی ژینگه‌یه‌.
 
سۆران نه‌ریمان، چالاكوانى ژینگه‌یی له‌ گه‌رمیان هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: دانانى سیسته‌مى سۆلار له‌ ئێستا یه‌كێكه‌ له‌ هه‌نگاوه‌ گرنگه‌كان كه‌ هاوڵاتیان ده‌ستیان بۆ بردوه‌، چونكه‌ پاكترین و‌زه‌یه‌ و دۆستى ژینگه‌یه‌ و بێ گرفت و وزه‌یه‌كى به‌رده‌وامه‌.
 
ده‌شڵێت: نه‌ك ته‌نها هاوڵاتیان، به‌ڵكو حكومه‌تیش پێویسته‌ كار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بكات و پشتى پێببه‌ستێت بۆ به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با و سه‌رچاوه‌ى وزه‌ى كاره‌با بگۆڕێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چیتر پشت به‌ مۆلیده‌ نه‌به‌سترێت بۆ به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با كه‌ كاریگه‌ریه‌كى زۆر سلبی و خراپی بۆ سه‌ر ژینگه هه‌یه‌‌.
 




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,256,828     ژمارەی میوان 2398