دەنگ نێت
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پرۆسەی سەرژمێریی لە گەرمیان ئاشکرای دەکات چونی ئەو هاوڵاتیانەی نفوسیان خانەقینە بۆ گوندەکانی سنوری گەرمیان بەمەبەستی خۆتۆمارکردن لە پرۆسەی سەرژمێریی، کارێکی بێسودە.
ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی بهێنرێت، بە رادیۆی دەنگی وت: ژمارەیەک لەو هاوڵاتیانەی نفوسیان خانەقینە، بەنیازن لە سبەینێوە بچنە گوندەکانی ئەوبەری سیروان بۆ ئەوەی لەوێ خۆیان تۆماربکەن لەکاتی سەرژمێرییدا.
وتیشی: ئەم کارە وەکو دڵسۆزییەک بۆ ئەو مەبەستە دەکەن کە لە سنوری خانەقین خۆیان ناونوس بکەن و رێژەی کورد لەو سنورەدا بە بەرزیی بمێنێتەوە.
رونیشیکردەوە: بەڵام بەداخەوە ئەم کارە بێسودە، چونکە گوندەکانی ئەوبەری سیروان (ناحیەی قۆرەتو و مەیدان) لەسەر ئیدارەی گەرمیانن و لەلایەن تیمەکانی پارێزگای سلێمانییەوە ناونوس دەکرێن نەک تیمەکانی پارێزگای دیالە، بۆیە ئەم کارەیان سودی نابێت.
زیاتر وتی: بەپێچەوانەوە رەنگە زیانی هەبێت، چونکە ئەو خێزانانە پێش چەند مانگێک و لەچوارچێوەی پرۆسەی گەمارۆسازیی و ژمارەلێداندا، لەو قەزا و ناحیانە تۆمارکراون کە ئێستا لێیان دەژین، بۆیە کاتێک لە گوندیش تۆماردەکرێن، ئەوا ناوەکانیان دەبێتە دوبارە و لە سیستەمەکەدا رەنگە بسڕێتەوە و هەر ئەوەی یەکەمیان حساب بکرێت.
ئەو سەرچاوەیە وایدەبینێت ئەم کارە دەبو پێشتر ئامادەکاریی بۆ بکرێت بەتایبەتی لەلایەن پارتە سیاسییە باڵادەستەکانەوە، بەڵام بێدەربەستی و خەمساردییەکی یەکجار زۆر هەیە و هیچ نەکراوە بۆ ئەو مەبەستە، هاوڵاتیانیش هیچ هۆشیارییەکیان نییە و بەرچاویان رون نییە و نازانن چی بکەن.
لەوبارەوە رونیکردەوە: دەیان خێزانی عەرەب لە سنوری کەلار هەن، بەڵام ئەوان چونکە هۆشیارییان هەبو لەسەر پرۆسەکە، لەکاتی گەمارۆسازیی دا رازیی نەبون لە سنوری کەلار تۆماربکرێن، بەڵکو وتویانە لەکاتی سەرژمێریەکە دەچینە شارەکانی پێشوی خۆمان و لێرە لە کەلار ناونوسمان مەکەن، بەڵام ئەو خێزانە کوردانەی نفوسیان خانەقینە نە ئەمەیان زانیوە و نە پێیان وتراوە و زۆرینەی رەهاشیان لە گەرمیان تۆمارکراون، بۆیە لە رۆژی سەرژمێری بچنە شوێنێکی تر وەکو گوندەکان یان تەنانەت قەزای خانەقینیش، ئەوا بە دوبارە حساب دەکرێت و ئەگەری سڕینەوەی ناویان هەیە و بە لای زۆریشەوە ئەوەی دوەمیان دەسڕێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ ژمارەیەک هاوڵاتی گوندی نارێنی سەر بە ناحیەی قەرەتەپە، راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و باسیان لەوەکرد کە گەڕاونەتەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە گوندەکەیان تۆماربکەن لە سەرژمێرییدا، کەچی تیمەکان ئامادەنەبون ناویان تۆماربکەن بەو پاساوەی خانویان لە گوندەکەدا نییە.
سەرچاوەکەی پرۆسەی سەرژمێریی لە گەرمیان، لەوبارەوە وتی: لەحاڵەتی نەبونی خانودا گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتیانە و تۆمارکردنیان قورسە، چونکە سەرژمێرییەکە لەسەر بنەمای ماڵ ئەنجام دەدرێت و پرسیاری وردی لەسەر ماڵ و خێزانەکە تێدایە، کەسێک کە ماڵی لەو جێگەیەدا نەبێت ناتوانێت وەڵام بداتەوە.