رادیۆی دەنگ- محەمەد مەحمود
تائێستا پرسی داننان بە زانکۆی گەرمیان لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە بە هەڵواسراویی ماوەتەوە، هۆکارەکەیشی بونی ژمارەیەک کۆلێژی زانکۆکەیە لە خانەقین، لەئێستاشدا ٣ سیناریۆ لەئارادان بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە.
زیاتر لە ۱۰ ساڵە کۆلێژەکانی خانەقین بون بە بەربەست لەبەردەم دانپێدانان بە زانکۆی گەرمیاندا، چونکە ئەم کۆلێژانە لە سنوری پارێزگای دیالەن و سەر بە زانکۆی گەرمیانن، لەکاتێکدا زانکۆکە سەر بە پارێزگای سلێمانییە.
کولێژەکانی زانکۆی گەرمیان لە خانەقین، ژمارەیان سێ کۆلێژە: کۆلێجی زمان و زانستە مرۆڤایەتیەکان، کۆلێجی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان و کۆلێجی کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیای زانیاریی.
ئەم کۆلێجانە ٣ ساڵە خوێندکاری قۆناغەکانی ۱ و ۲ و ۳ـی نییە، ئەوەی هەیە تەنها خوێندکاری قۆناغی چوارە کە نزیکەی ۲٥۰ خوێندکارن.
بینای کۆلێژەکانیش موڵکی زانکۆی گەرمیان نیین، بەڵکو موڵکی حکومەتی عێراقن و هی فەرمانگەکانی ئیستخباراتی پێشو و و چالاکی وەرزشی و پەروەردەیە.
رۆژی چوارشەمە (١٣ـی تشرینی دوەمی ٢٠٢٤) سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و چەند ئەندام پارلەمانێکی کورد لە فراکسیۆنی یەکێتی لە بەغدا، لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵای عێراقدا کۆبونەتەوە بەمەبەستی تاوتوێکردنی داننان بە زانکۆی گەرمیان و چارەنوسی کۆلێژەکانی خانەقینی سەر بە زانکۆکە.
لە ئێستادا ۳ سیناریۆ و بژاردە هەیە بۆ داننان بە زانکۆکە، کە ئەمانەن:
سیناریۆی یەکەم
زانکۆی گەرمیان وەک ئەوەی هەیە دانی پێدابنرێت لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە، ئەمەش گرفتی زۆرە، چونکە زانکۆی گەرمیان لە سنوری پارێزگای سلێمانییە و ئەو کۆلێژانە لە سنوری پارێزگای دیالەن، بەپێی یاساش نابێت زانکۆیەک لە دو پارێزگادا هەبێت.
د. ئاراز فەریق زەینەڵ، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵای عێراق و ئەو لیژنانەی پەیوەندیدارن بە داپێدانانەکەوە دانیشتین و بڕیارە لیژنەکە راپۆرتی خۆی پێشکەش بە وەزیری خوێندنی باڵای عێراق بکات.
وتیشی: ئەم کارە بەیەک دانیشتن کۆتایی نایەت، چاودێریی دەوێت، چونکە ئەم کارە ۱۰ ساڵە درێژەی کێشاوە و تاوەکو ئێستا دانی پێدا نەنراوە، بەڵام هەنگاوی باشمان ناوە و چاوەڕێ دەکەم بەمنزیکانە دانپێدانانەکە وەرگرین.
سیناریۆی دوەم
کۆلێژەکانی خانەقینی زانکۆی گەرمیان لەم قۆناغەدا لەسەر زانکۆی گەرمیان لاچن و بکرێن بە زانکۆیەکی سەربەخۆ، بەپێی زانیارییەکانیش ئەگەر ئەم بژاردە جێبەجێ بکرێت لە ماوەی کەمتر لەساڵێکدا ئەو کولێژانە دەبن بە زانکۆی خانەقین و دەکەونە سەر عێراق.
د.ئاراز فەریق زەینەڵ، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: خەڵکی خانەقین خۆیان داوا دەکەن زانکۆیەکیان هەبێت و لەم قۆناغە بخرێتە سەر پارێزگای دیالە، بەپێی یاساش هەر شارێک دو کۆلێژی هەبێت بۆی هەیە داوای زانکۆیەکی سەربەخۆ بکات.
وتیشی: هاوشێوەی شارەکانی دیکەی هەرێم، خانەقینیش دەبێتە زانکۆیەکی سەربەخۆ، چونکە لەروی ستاف و بیناوە هیچ گرفتێکیان نییە.
سەرۆکی زانکۆی گەرمیان جەختی لەوە کردەوە لە کۆبونەوەیان لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵای عێراقی، ئەم بابەتەیان باسکردوە و بەدەمەوەهاتنیش هەبوە و هیچ رێگریەک نییە.
سیناریۆی سێیەم
زیاتر لە ۱۰ ساڵە هەوڵدەدرێت دان بنرێت بەزانکۆی گەرمیان و وەفد دەنێردرێتە بەغدا، بەڵام تائێستا هیچ شتێک نەکراوە، ئەگەریش هیچ یەکێک لەو دو بژاردەیە سەرینەگرت، ئەوا وازلێهێنان و هێڵانەوەی کێشەکە وەکخۆی، بژاردەیەکی ترە.
سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، ئاماژەی بەوەدا: ئەم بژاردانە کۆبونەوەی تری لەسەر دەکەین و دیراسەی لەسەر دەکەن بۆ ئەوەی لەداهاتو یەکێک لەو بژاردانە پەسەند بکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، لەنێو بژاردەکاندا و لەم کاتەدا، بژاردەی دوەم زیاتر لەوانی تر بۆ ئەوەدەچێت جێگیر بکرێت، چونکە عێراق لەم کاتەدا ئەمە بە ئاسانترین و باشترین دادەنێت.
لەئێستاشدا بەفیعلی کارکردن بەم ئاراستەیەدا دەستیپێکردوە، ئەویش کاتێک لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵ زانکۆی دیالە نوسراوێکی ئاراستەی قایمقامیەتی خانەقین کردوە بۆ ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی دروستکردنی زانکۆیەک یان کۆلێژێک لە شارەکە، قایمقامیەتی قەزاکەش لیژنەکەی پێکهێناوە.
هەر دوێنێش لیژنەیەکی سەرۆکایەتی زانکۆی دیالە سەردانی قەزای خانەقینی کردوە بەمەبەستی بەدواداچون بۆ کردنەوەی زانکۆیەک بەناوی (خانەقین).