سەگی بێلانە کێشەیەک بەبێ چارەسەر

2024/11/13 - 12:48 | 199 جار بینراوە    
 
رادیۆی دەنگ- شیرین ئەحمەد
 
ژمارەی سەگی  بێلانە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان رۆژ دوای رۆژ زیاد دەکات، بەڕێوبەری ڤێتێرنەری باس لە مەترسیەکانی ئەم زیادبونە دەکات، حکومەتیش دەستەوەستانە.
 
سەگی بێلانە، ئەگەرچی دیاردەیەکە بەگشتی لە هەمو ناوچەکاندا بونی هەیە، بەڵام لەگەرمیان بە فراوانی هەیە و هۆکاریشن بۆ پەلاماری هاوڵاتیان و زیانی دیکەی ژینگەیی.
 
د. ئاریان ئیبراهیم، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ڤێتێرنەری گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ باسی لەوەکرد: زۆربونی سەگی بەرەڵا و نەدۆزینەوەی چارەسەر بۆی، مەترسیەکی زۆری هەیە لەسەر هاوڵاتیانی سنورەکە. 
 
ئەو مەترسییەکانی بەمشێوەیە رونکردەوە: لەکاتی گەستنی سەگ جۆرێک لەنەخۆشی بڵاودەبێتەوە کە پێی دەوترێت هاریی، ئەمەش ترسناکترین جۆری ڤایرۆسە کە هێرش دەکاتە سەر خانەکانی مێشک و حاڵەتی مردنی لێدەکەوێتەوە، جگە لەمەش لەکاتی گەستن چەندین بەکتریا و ڤایرۆس دەچنە نێو خوێنی کەسەکەوە. 
 
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، مانگانە بەلای کەمەوە ١٠ حاڵەتی سەگ گەستن لە گەرمیان تۆماردەکرێت.
 
رزگار لەتیف، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لەکەلار، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: لەنێو حاڵەتە جۆراوجۆرەکانی گەستن و پێوەدانی ئاژەڵەوە، ئەمساڵ و لەماوەی ١٠ مانگدا، ١٠٠ حاڵەتی سەگ گەستن هەبوە.
 
چارەسەر بۆ ئەم حاڵەتە، دروستکردنی پەناگەیە بۆ ئەوەی هەمو سەگە بێلانەکانی تێداکۆبکرێتەوە، ئەم پەناگانەش لە چەند شوێنێکی هەرێم وەکو هەولێر و سلێمانی بونیان هەیە، بەڵام لەگەرمیاندا نییە.
 
د. ئاریان ئیبراهیم، جەختیکردەوە: تاکە چارەسەری ریشەیی بۆ گرفتەکە، دابینکردنی پەناگەیەکە بۆ ئەوەی ئەو سەگانەی تێدا بهێڵرێتەوە و رێکارە تایبەتەکانیان بەرامبەر بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی رێگە لەزیادبونیان بگیرێت و ئەم مەترسیە لەسەر سنورەکە نەمێنێت.
 
کێشەی دورستکردنی پەناگەی سەگە بێلانەکان لەگەرمیان زۆرە، سەرەکیی ترینیان، نەبونی زەوییە.
 
پێش نزیکەی سێ مانگ زەویەک بۆ دروستکردنی پەناگەی تایبەت بە سەگە بێلانەکانی سنورەکە تەرخانکرا کە روبەرەکەی ٦ دۆنم زەوی بو لە گوندی کەواچەرمو، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی هاوڵاتیانەوە هەڵوەشایەوە. 
 
لەبارەی چارەسەری گرفتەکە، سەرۆکی لیژنەی داڵدەدانی سەگە بێلانەکانی گەرمیان، عەمید؛ حسێن شێرزاد، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ماوەی یەک ساڵە داوامان کردوە لە شارەوانی بۆ دابینکردنی زەویەک بۆ دروستکردنی پەناگە بۆ سەگە بێلانەکانی سنورەکە، بەڵام یەک زەویمان بۆ دابین کرا، ئەویش بەهۆی نزیکی لەشوێنی نیشتەجێبون و ناڕەزایەتی هاوڵاتیانەوە هەڵوەشایەوە، لە ئێستادا چاوەڕێین شارەوانی زەوی دیکەمان بۆ دابین بکات.




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,256,884     ژمارەی میوان 2451