رادیۆی دەنگ- محەمەد مەحمود
بۆ یەکەمجار تورکمانەکانی گەرمیان، نوێنەرێکیان دەچێتە پارلەمانی کوردستان، کاندیدەکانیش بە گشتی رایان لەبارەی سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمجارەوە جیاوازە.
بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پارلەمانی کوردستان، ٥ کورسی بۆ پێکهاتەکان دیارییکراوە کە دوان لەوانە بۆ تورکمانەکانن، یەکێک لە کورسییەکان لە پارێزگای هەولێر و ئەوەکەی تر لە پارێزگای سلێمانییە.
پێکهاتەی تورکمان لە پارێزگای سلێمانی، زۆرتر لە گەرمیان و بەتایبەت لە قەزای کفریدا چڕبونەتەوە، هەربۆیە سەرجەم کاندیدەکانی ئەو پێکهاتەیە لە بازنەی سلێمانی کە ژمارەیان ٦ کەسە، خەڵکی ئەم سنورەن.
کاندیدە تورکمانەکان رایان لەسەر شێوازی هەڵبژاردنەکە جیاوازە، هەیە پێی باشە و هەشە پێی خراپە.
زینە عادل، یەکێکە لە کاندیدانی تورکمان لە بازنەی سلێمانی، پێیوایە یەک کورسی تورکمان بۆ پارێزگای سلێمانی باشە، چونکە بە وتەی خۆی دەنگدەری تورکمان هەر یەک کورسی دەبێت.
بەڵام ئەو تێبینی لەسەر دابەشکردنی کورسییەکانی تورکمان بەسەر بازنەکاندا هەیە "شێوازی بازنە بازنەمان پێ باش نییە، چونکە من هەندێک لە دۆست و خزمەکانم لە هەولێر و ناوچەکانی ترن و ناتوانن دەنگم پێبدەن".
لەبەرامبەردا نەجدەت نوری، یەکێکی دیکە لە کاندیدانی تورکمان لە بازنەی سلێمانی، داکۆکی لەم سیستەمەی ئێستا دەکات.
ئەو بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: پێشتر سودمان وەرنەدەگرت لە کۆتای تورکمان و تەنها پارێزگای هەولێر کاندیدی دەردەچو، بەڵام ئێستا سلێمانیش دەتوانێت کاندیدێکی دەربچێت.
کێشەیەک کە بەردەوام لە هەڵبژاردنی کاندیدی پێکهاتەکان جەختی لێدەکرێتەوە، ئەوەیە کە نوێنەرانی راستەقینەیی ئەو پێکهاتەیە دەرناچن، بەوپێیەی پارتە کوردییەکان دەستوەردان دەکەن.
سەزگین مسڵح، کاندید بۆ کورسییە کۆتاکەی تورکمان لە بازنەی سلێمانی، جەختی لەم خاڵە کردەوە و بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: بۆ نمونە لە هەولێر کاندید لەسەر تورکمان دەردەچو دەیانوت فڵان و فڵان پارتە و نوێنەرایەتی تورکمان ناکات، ئێمە داوای ئەوەمان کرد پارتە دەسەڵاتدارەکان دەستوەردان لە هەڵبژاردنی نوێنەری پێکهاتەکان نەکەن، بۆ ئەوەی نوێنەری راستەقینەمان دەربچێت.
نەجدەت نوری، بەرپەرچی ئەو رایە دەداتەوە.
وتی: هەندێک شت ئاساییە، بۆنمونە من برا و برازا و کەسم لەنێو هێزە ئەمنیەکان بێت و دەنگم پێبدەن، ئەمە کەی پێیدەوترێت دەرچێنراو، ئەو کەسەشی دەردەچێت، دەبێتە نوێنەری تورکمان و نوێنەری کوردستانیش.
جیاواز لە پێنج خولەکەی دیکە، لە بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پارلەمانی کوردستاندا، کاندیدە تورکمانەکان لە ناو شار و ناحیەکانی سنورەکە و تەنانەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش، ئامادەگییان هەبو.
ئەوان بە گشتی رازیین لە دۆخی بانگەشە، ئەگەرچی هەندێک تێبینیان هەیە.
سەزگین مسڵح، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: ئەم هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنەکانی رابردو هێمنتر بو، گرفتی دڕینی پۆستەرەکانمان هەبو، بەڵام کەمبو و حکومەتی خۆجێی کفری هاوکارمان بون.
وتیشی: لەروی مادییەوە قورسایی بانگەشەکە لەسەر خۆمان بو، "هەرخۆمان هاوکاری خۆمانین".
نەجدەتیش هاوڕایە لەگەڵ سەزگین و پێیوایە لە بانگەشدا "شتەکان زۆر بەباشی رۆشتون، حزبەکانیش زۆر مامەڵەیەکی باشیان لەگەڵ کردوین".
بەلای زینە عادلـەوە، ئەگەرچی بەگشتی پرۆسەی خۆکاندیدکردنی بە ئاسان و بێگرفت تێپەڕیوە، بەڵام نیگەران بو لەوەی فلێکس و پۆستەرەکانی دڕێنراون، وەکخۆی وتی: "ئەوە گرفتی یەکەممان بو لەم بانگەشەی هەڵبژاردنەدا".