ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
یەکەم بەرپرسی گۆڕان بە فەرمی دەستی لەکار هەڵگرت

2024/10/13 - 03:16 | 1711 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
بەڕێوبەری ناحیەی سەرقەڵا لە گەرمیان، وەکو یەکەمین بەرپرسی حکومیی گۆڕان، دەستی لە پۆستەکەی هەڵگرت و لە جێگەکەیدا کەسێکی دیکە دانرا.
 
ئێوارەی هەینی رابردو، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە وەکالەت رایگەیاند کە بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی بڕیار درا بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و راپەڕین بکشێتەوە.
 
هەر دوای ئەوە، پێنج بەڕێوبەری گۆڕان لە گەرمیان ئامادەیی خۆیان بۆ کشانەوە و دەستلەکارکێشانەوە لە حکومەت دەربڕی، کە بریتی بون لە: ژیلوان عادل- بەڕێوبەری گشتی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان، شادییە حسێن- بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان، د. سیروان محەمەد- بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان- تەها ئیراهیم، بەرێوبەری ناحیەی سەرقەڵا و کاروان رەئوف- بەڕێوبەری سایلۆی کەلار.
 
بەپێی نوسراوێکی ئیدارەی گەرمیان کە ئەمڕۆ (١٣/ ١٠/ ٢٠٢٤) دەرچوە و کۆپی دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە، فەرمانیکردوە بە پەسەندکردنی داواکاریی: تەها ئیبراهیم- بەڕێوبەری ناحیەی سەرقەڵا لە پۆستەکەی لەسەر داوای خۆی، بەمەش بو بە یەکەم بەرپرسی حکومیی گۆڕان کە دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت.
 
هاوکات بۆ شوێنگرتنەوەی ناوبراو، ئیدارەی گەرمیان، دلێر عەبدوڵڵا مەحمود- بەڕێوبەری ناحیەی معەوەمی راسپاردوە، هەرچی تەها ئیبراهیمیشە وەکو بەڕێوبەری ناحیەی معەوەم گوازراوەتەوە دیوانی قایمقامیەتی قەزای کفری.
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,222,706     ژمارەی میوان 2731