عەلی شەهید محەمەد دەچێتە جێگەی سالار مەحمود؟

2024/09/19 - 01:45 | 4708 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
چەند رۆژێکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەتەوە کە عەلی شەهید محەمەد- بەڕێوبەری پێشوتری ئاسایشی گەرمیان، لە شوێنی سالار مەحمود- لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتمانی دەستبەکار دەبێت، عەلی شەهید محەمەد و وتەبێژی مەڵبەندی گەرمیان یەکێتیش لەوبارەوە قسە بۆ رادیۆی دەنگ دەکەن.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان لە سنوری گەرمیان، لیژنەیەکی تایبەت بە پێشمەرگە دێرینەکانی ئەو حزبە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن پێکهێنراوە بەناوی لیژنەی "تێکۆشەرە دێرینەکان"، ئەو لیژنەیە عەلی شەهید محەمەد- پێشمەرگەی دێرینی یەکێتی و بەڕێوبەری پێشوتری ئاسایشی گەرمیان کراوە بە سەرۆکی.
 
عەلی دەروێش، وتەبێژی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی، جەختی لەم زانیارییە کردەوە و بە رادیۆی دەنگی وت: بەڕێز عەلی شەهید محەمەد، یەکێکە لە تێکۆشەرە دێرینەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پێمان باشە رۆڵێکی هەبێت لەم هەڵبژادنەدا.
 
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، لیژنەی پێشمەرگە دێرینەکان، لە مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی دەستبەکار بوە و ژور و هۆڵەکانی بینای مەڵبەندی گەرمیانی خراوەتەبەردەست.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بۆ رادیۆی دەنگ وتی: بەوپێیەی سالار مەحمود- لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی کاندیدە بۆ هەڵبژاردن، بۆیە زۆرجار لە ژورەکەیدا نابێت، ئەو لیژنەیەش زۆرجار لە ژوری لێپرسراوی مەڵبەند دادەنیشن، هەربۆیە لەناو خەڵکدا وابڵاوبوەتەوە کە بەرپرسیارێتی مەڵبەندەکە دراوە بە عەلی شەهید محەمەد، لەکاتێکدا هیچ شتێکی لەوشێوەیە لەئارادا نییە.
 
لایخۆشییەوە، عەلی شەهید محەمەد، جەختی لەو زانیارییە کردەوە و بە رادیۆی دەنگی وت: وەکو سەرۆکی لیژنەی بانگەشەی پێشمەرگە دێرینەکان دەستبەکاربوم و هیچ شتێک لەئارادا نییە بۆ دەستبەکاربونم وەکو بەرپرسی مەڵبەند.
 
هاوکات وتەبێژی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتیش، جەختی لەوەکردەوە "ئەوەی هەیە تاوەکو ئێستا هەر دەنگۆیە و هیچ شتێکی فەرمی نییە".
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,091,605     ژمارەی میوان 1084