دەنگ نێت
دوای دانانی سێرکت برێکەر بۆ ئەو کارەبایەی لە گەرمیانەوە دەفرۆشرێتە عێراق بەمەبەستی رێگریکردن لە دابەزینی ڤۆڵتییە، بەڵام هێشتا هاوڵاتیان گازندەی لاوازیی لە ڤۆڵتییەی کارەبای نیشتمانی دەکەن، وتەبێژی کارەبای گەرمیانیش رونکردنەوە دەدات.
لەسەرەتای مانگی حوزەیرانەوە، کۆمپانیای تۆرۆس ئارم، لە رێگای هێڵی کارەبای نیشتمانی گەرمیانەوە، بەشێک لە کارەبا بەرهەمهاتوەکەی فرۆشت بە عێراق، ئەمەش کاریگەریی هەبو لە دابەزاندنی ڤۆڵتییەی کارەبای نیشتمانی لە قەزای کەلار. دوای نزیکەی ٢ مانگ، سێرکت برێکەرێک لە وێستگەی کەلار بۆ ئەو کارەبایە دانرا کە دەچێتە عێراق، بەمەش دۆخی ڤۆڵتییەی باشتر کرد، بەڵام هێشتا هەر جێگیر و تەواو نییە.
ئالان ئەرکان، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی کارەبای گەرمیان، لە لێدوانیدا بۆ رادیۆی دەنگ، جەختی لەوەکردەوە دو هۆکار هەیە بۆ نزمی ڤۆڵتیە، یەکەمیان ئەو کارەبایەی دراوەتە عێراق کاریگەری کردوەتە سەر ڤۆڵتیە و دایبەزاندوە، دوەمیش ئەم شەپۆلە گەرمایەیە کە لەئێستادا هەیە.
دەشڵێت: لەئێستادا کاریگەری بۆسەر ڤۆڵتیە تۆزێک کەمترە بەهۆی دانانی سێرکت برێکەرەکەوە کە لەڕێگەی چوار هێڵەوە کارەباکە دەگوازێتەوە.
باسی لەوەشکرد: بۆ زانینی ئەوەی کە ڤۆڵتیە کەمتر بوە یاخود زیاتر، پێویستە هەر ماوەیەک تێست بکرێت دواتر ئەنجامەکەی بزانرێت.