دەنگ نێت
هێزێکی کۆماندۆ لە نزیک مەزاری دێبنەـی گەرمیان لێپێچینەوە دەکات لە سەردانیکەرانی مەزاری ئەنفالکراوان و دەوروبەری، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆش لە گەرمیان دەڵێت: تەداخولی خێزانەکان ناکەین، ئەم لێپێچینەوە تەنها "ماتۆڕسوار و سەرخۆشەکان" دەگرێتەوە، کە بە وتەی خۆی کاری بێزارکاریی و نایاسایی ئەنجام دەدەن.
بەپێی وتەی هاوڵاتیەک کە بە رادیۆی دەنگی راگەیاندوە، هێزەکانی کۆماندۆ لە سنوری دێبنە و مەزاری ئەنفالکراوانی دێبنە لێپێچینەوە لەهاوڵاتیان دەکەن، لەکاتێکدا بەشێک لەهاوڵاتیانی ئەو سنورە ئێواران دەچنە ئەو شوێنە بەمەبەستی پشودان و نانخواردن.
لەبەرامبەردا، ئاکۆ نەجم، فەرماندەی فەوجی ٤ـی هێزەکانی کۆماندۆ لە گەرمیان، بەرادیۆی دەنگی راگەیاند: لە ئیدارەی گەرمیان نوسراوێکمان بۆ هاتوە کە خەڵکانێک ئەو خێزانانە بێزار دەکەن کە دەچنە دەوروبەری مەزارەکە بۆ پشودان.
باسی لەوەشکرد: ئەو کەسانە لەو سنورەدا خواردنەوەی کحولی ئەخۆنەوە و ماتۆڕسوارن و هەندێکجار تەقە دەکەن و ئاژاوەگێڕیی دەکەن و دار و نەمامەکان دەسوتێنن.
وتیشی: "مەزاری دێبنە لای ئێمە و خەڵکی گەرمیان شوێنێکی پیرۆزە، ئایا رەوایە کۆمەڵێک ماتۆڕسوار بێن لە ئێوارەوە بۆ سێ و چواری بەیانی بەماتۆڕ خەڵک بێزاربکەن و تیایدا بخۆنەوە و تاوەکو سبەی سەرخۆشبن؟ یان کاری نایاسایی ئەنجام بدەن؟"
لەبارەی تەداخولکردن و بێزارکردنی خێزانەکان، ئاکۆ نەجم، وتی: هیچ خێزانێکمان بێزار نەکردوە، تەداخولی هیچ خێزانێکمان نەکردوە، تەنها کێشەمان لەگەڵ ئەو گەنجانەیە کەدێن بە ماتۆڕ خەڵک بێزار دەکەن و سەرخۆش دەبن، جاری واهەیە دە دوازدە گەنج بە ماتۆڕ دێن و پێشی ماتۆڕەکانیان بەرز دەکەنەوە، تەنها لێپیچینەوە لەوانە دەکرێت.