وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى چاره‌سه‌ر وه‌رگرتن به‌ ته‌له‌فۆن و ڤايبه‌ر و واتسئاپ قه‌ده‌غه‌ ده‌كات

2024/09/02 - 07:07 | 227 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت
 
وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى بڕیارده‌دات كه‌ ده‌بێت پزیشكی پسپۆڕ له‌كاتى خه‌فه‌ریاتدا خۆی له‌نه‌خۆشخانه‌ ئاماده‌بێت نه‌ك به‌ ته‌له‌فۆن و ڤایبه‌ر و واتسئاپ چاره‌سه‌رى نه‌خۆش بكات، له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌ندیكای پزیشكانى كوردستان داواى پێداچونه‌وه‌ به‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌دات و چه‌ند "كه‌موكورتیه‌ك" له‌وباره‌وه‌ ده‌خاته‌ڕو.
 
وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم، له‌ رۆژى 8ـى ئابی 2024، نوسراوێكى گشتاندوه‌ له‌باره‌ى مانه‌وه‌ى پزیشكانى پسپۆڕ و نیشته‌جێی دێرین له‌ رۆژانى ئێشكگریان له‌ نه‌خۆشخانه‌كاندا.
 
له‌ نوسراوه‌كه‌دا كه‌ وێنه‌ى ده‌ست رادیۆی ده‌نگ كه‌وتوه‌، هاتوه‌: نابێت پزیشك له‌ رۆژى ئێشكگریی "خه‌فاره‌ت"ـى دا له‌ ده‌ره‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌ بێت و له‌ كاتى بونى نه‌خۆش دا په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی پێوه‌بكرێت، به‌ڵكو ده‌بێت له‌ناو نه‌خۆشخانه‌كه‌دا و له‌سه‌ر نه‌خۆشه‌كه‌ ئاماده‌ بێت.
 
هه‌روه‌ك جه‌ختی كردوه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ى نابێت وێنه‌ و ڤیدیۆی نه‌خۆش له‌ رێگه‌ى به‌رنامه‌كانى په‌یوه‌ندی (ڤایبه‌ر و وه‌ىتسئاپه‌وه‌) بنێردێت بۆ پزیشك به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ر، به‌ڵكو ده‌بێت پزیشكه‌كه‌ له‌و كاته‌ى كه‌ ئێشكگره‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌دا بێت و نه‌خۆشه‌كه‌ راسته‌وخۆ چاره‌سه‌ر وه‌ربگرێت.
 
هه‌روه‌ك جه‌ختی له‌وه‌شكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ پزیشكانى نیشته‌جێی دێرین و خولاو، بۆیان نیه‌ به‌ ته‌له‌فۆن را  و سه‌رنج و راسپارده‌ له‌ پزیشكی پسپۆڕی ئێشكگر وه‌ربگرن، به‌ڵكو پێویسته‌ پزیشكه‌ پسپۆڕه‌كه‌ خۆی له‌ نه‌خۆشخانه‌دا بێت.
 
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م نوسراو و خاڵانه‌ى تێیدا هاتوه‌، سه‌ندیكای پزیشكانى كوردستان، نوسراوێكى ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى كردوه‌ و داواى پێداچونه‌وه‌ى به‌ فه‌رمانه‌كانى ده‌كات.
 
له‌ نوسراوه‌كه‌ى سه‌ندیكای پزیشكانى كوردستان كه‌ وێنه‌ى ده‌ست رادیۆی ده‌نگ كه‌وتوه‌، هاتوه‌: پرۆسه‌ى بینینی نه‌خۆش  و چاره‌سه‌ركردنى، رون و ئاشكران و به‌رپرسیارێتیه‌كان دابه‌ش كراون و مه‌رج نیه‌ هه‌مو نه‌خۆشێك پێویستی به‌ بینین هه‌بێت له‌لایه‌ن هه‌مو پزیشكانى نه‌خۆشخانه‌وه‌.
 
ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌ كه‌ پزیشكان خۆیان كێشه‌یان نه‌بوه‌ له‌ روى ئاماده‌بونه‌وه‌، ئه‌و كێشانه‌ى هه‌ن په‌یوه‌ندیدارن به‌ قه‌یرانى دارایی هه‌رێم كه‌ وه‌كخۆیان ده‌یڵێن "حكومه‌تى عێراقی بۆ حكومه‌تى هه‌رێمى دروست كردوه‌".
 
باسی له‌وه‌شكردوه‌ كێشه‌یان نیه‌ له‌ مانه‌وه‌ى پزیشكانى پسپۆڕ له‌ ماوه‌ى 24 سه‌عاتى ئێشكگرییاندا له‌ نه‌خۆشخانه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ پێویستی به‌ رێكاری كارگێڕیی هه‌یه‌، له‌نمونه‌ى دابینكردنى شوێنى گونجاوى مانه‌وه‌ و هه‌روه‌ها خه‌رجكردنى ده‌رماڵه‌ و شایسته‌ى دارایی.
 
سه‌ندیكای پزیشكان داوا له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه‌، پێداچونه‌وه‌ به‌ فه‌رمانه‌كه‌یان بكه‌ن و پاش چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كه‌موكورتیانه‌ى كه‌ باسكراوه‌، دواتر به‌پێی ستانداره‌ده‌ جیهانییه‌كان، ئێشكگرى پزیشكان رێكبخرێته‌وه‌.
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,044,583     ژمارەی میوان 4478