پسپۆڕێك: ئاوی ژێرزه‌وی گه‌رمیان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ى كه‌مكردن و نه‌ماندایه‌

2024/09/02 - 06:39 | 133 جار بینراوە    
 
رادیۆی ده‌نگ- شیرین ئه‌حمه‌د
 
پسپۆڕێکی ژینگە و ئاو دەڵێت: ئاوی ژیرزەوی لەگەرمیان مەترسی لەسەرە و پێویستە لەجیاتی به‌كارهێنانى ئه‌و، پشت به‌ ئاوی سه‌رزه‌وی و عه‌مباركردنى بدرێت، بەڕێوبەری ئاوی ژێرزەوی گەرمیانیش باس لەوەدەکات مەترسی لەسەر نیە و بەپێی رێژەی بارانبارین ساڵانە ئاوی ژێرزەوی زیاد و کەم دەکات. 
 
له‌ سنورى ئیداره‌ى گه‌رمیاندا، ئاوی ژێرزه‌وی كه‌ زۆرتر له‌ رێگه‌ى لێدانى بیری قوڵه‌وه‌ ده‌رده‌هێنرێت، یه‌كێكه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ به‌ربڵاوه‌كانى ئاو له‌ سنوره‌كه‌دا و له‌ دواى روخانى رژێمى به‌عسیشه‌وه‌ ساڵ دواى ساڵ له‌گه‌ڵ زیادبونى ژماره‌ى باخى هاوڵاتیان و پرۆژه‌كانى بیناسازی و كشتوكاڵی و پیشه‌سازیی، رێژه‌ى لێدانى ئه‌م بیرانه‌ش زیادی كردوه‌.
 
بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی گەرمیان، زیاتر لە 2 هەزار بیری یاسایی له‌گه‌ڵ نزیکەی 1700 بیری نایاسایی له‌ سنوره‌كه‌دا هه‌ن.
 
ئه‌گه‌رچی ئامارێكى ورد نییه‌، به‌ڵام پێدراوه‌كان ئاماژه‌ به‌ كه‌مبونه‌وه‌ى ئاوی ژێر زه‌وی له‌ گه‌رمیان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ قوڵتر بونى بیره‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت.
 
د. عه‌بدولموته‌ڵب ره‌فعه‌ت- مامۆستاى زانكۆی گه‌رمیان و پسپۆڕی بواری ژینگە و ئاو و مامۆستا له زانکۆی گەرمیان، دەڵێت: ئه‌گه‌رچی هیچ داتایه‌كى فه‌رمیی له‌به‌رده‌ستدا نییه‌، به‌ڵام به‌پێی به‌دواداچونه‌كانمان قوڵیی بیری ئیرتیوازیی له‌ ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى رابردودا، لەنێوان 40 بۆ 50 مەتر بوە، بەڵام ئێستا هیچ بیرێکی ئیرتوازی نیە لەو قوڵیە لێبدرێت، بەڵکو قوڵییەکانیان 70 مەتر تێدەپەڕێنێت.
 
به‌ڵام به‌ڕای به‌ڕێوبه‌رى ئاوی ژێرزه‌وی گه‌رمیان، دابه‌زینی ئاستى ئاوى بیره‌كان، په‌یوه‌ندیان به‌ ئاستى بارانبارینه‌وه‌ هه‌یه‌.
 
حامد جومعە، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەی ئاوی ژێرزەوی گەرمیان، بەرادیۆی دەنگی وت: لە هاویناندا سنورەکە زۆر گەرمە و لەزستانیشدا بارانبارین بەشێوەیەکی ناڕێکە، ئەمەش وادەکات هەندێکجار بەشێک لە بیرەکانی سنورەکە ئاستی ئاوەکەیان داببەزێت.
 
دەشڵێت: هەر ساڵێک بارانی باش باری بێت، ئاستی ئاوی بیرەکانیش بەشێوەیەکی باش بەرزدەبێتەوە و هیچ بیرێکی سنورەکە ئاستی ئاوەکەی دانابەزێت.
 
یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ى واده‌كه‌ن ئاستى ئاوی ژێرزه‌وی كه‌م بێته‌وه‌، بونى بیری زۆره‌، به‌تایبه‌تى بیری نایاسایی، كه‌ ژماره‌كه‌یان به‌ خه‌مڵاندن نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ ژماره‌ى بیره‌ یاساییه‌كان، ئه‌گه‌ر زیاتریش نه‌بێت.
 
به‌ڵام به‌وته‌ى حامد جومعه‌، لەماوەی سێ ساڵی رابردودا و تائێستا رێگریەکی زۆرباشکراوە لەلایەنی لیژنە ئەمنیەکانەوە بۆ هەڵکەندنی بیری نایاسایی.
 
وتیشی: لەگەڵ کەمبونەوەی ژماره‌ى بیرە نایاساییه‌كان، مەترسیش بۆ سەر ئاوی ژێرزەوی دروستنابێت.
 
له‌به‌رامبه‌ردا، د. عەبدولموتەڵیب رەفعەت، پسپۆڕی ژینگە و ئاو و مامۆستا له زانکۆی گەرمیان، پێیوایه‌ پلانێكى ورد نیه‌ بۆ پاراستنى ئه‌و سامانه‌ نیشتمانییه‌.
 
وتى: ئاوی ژێرزەوی بەیەکێک لەگرنگترین سەرچاوەکانی ئاو دادەنرێت و موڵکی نەوەی داهاتوە و پێویستە پارێزگاری لێ بکەین و سود لە ئاوی سەرزەوی وەربگیرێت له‌ روبار و پۆند و هاوشێوه‌كانى.
 
دەشڵێت: ئه‌و مامەڵەیه‌ى له‌گه‌ڵ ئاوی ژێرزه‌وی دا ده‌كرێت له‌ سنوره‌كه‌، مامه‌ڵه‌یه‌كى نازانستییه‌، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی رێژه‌كه‌ى و مەترسی بۆ ساڵەکانی داهاتو.
 




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,044,186     ژمارەی میوان 4274