دەنگ نێت
لەسەر سکاڵای کۆمپانیای قەیوان، یەحیا ئیکرام- کاندیدی لیستەکەی عەلی حەمەساڵەح لە گەرمیان، دەستگیر دەکرێت، برایەکیشی هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ رێگریکردن لە دانانی ستونی ئەو کارەبایەی دەفرۆشرێتە عێراق.
قادر ئیکرام، برای یەحیا ئیکرام کە کاندیدی لیستی هەڵوێستە لە گەرمیان و عەلی حەمەساڵەح سەرۆکایەتی لیستەکە دەکات، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: براکەم زەوی و خانوی هەیە نزیک شارەدێی گردەگۆزینە، کۆمپانیای قەیوان کە کارەبا لەهەرێمەوە رەوانەی ناوچەکانی عێراق دەکات لەرێگەی دانانی ستونی کارەباوە، چەند ستونێکی کارەبا کەوتوەتە ناو زەوی براکەمەوە.
وتیشی: براکەم ڕێگری لێکردوە، چەند جارێک ستونی کارەبایان دانا، بەڵام براکەم رێگری لێدەکرد و ئەیڕوخاند، جارێک بانگکرایە ئاسایش و نوێنەری کۆمپانیای قەیوان هات رێکبکەوێت لەگەڵیدا، بەڵام براکەم هەمو شتێکی رەت کردەوە و وتی گرنگ ئەوەیە کارەباکە نەبەن.
دەشڵێت: هەردولا سکاڵایان لەسەر یەکتری تۆمارکرد، سکاڵای براکەم تائێستا کاری پێنەکراوە و کەسی لەسەر دەستگیر نەکراوە، بەڵام لەسەر سکاڵاکەی کۆمپانیای قەیوان ئەمڕۆ براکەم بانگ کرایە ئاسایش بەمەبەستی ئیفادە وەرگرتن، کەچی دەستبەسەر کراوە.
بەوتەی براکەی یەحیا ئیکرام، نازانن ئەم کەیسە چ پەیوەندیەکی بە ئاسایشەوە هەیە، بەڵام وەکخۆی وتی: "ئاسایش تەداخولی تێدا کردوە".
کۆمپانیای تۆرۆس ئارم کە سەر بە گروپی کۆمپانیاکانی قەیوانە، لە سەرەتای حوزەیرانی ئەمساڵەوە دەستی بە فرۆشتنی کارەبا کردوە کە لە وێستگەیەکی کۆمپانیاکە لە قەزای بازیان بەرهەمدەهێنرێت، ئەم کارەبایە سەرەتا لە رێگەی هێڵی کارەبای نیشتمانی هەرێمەوە گەیەنراوەتە پارێزگای دیالە، پاشان کۆمپانیاکە خۆی هەستاوە بە دروستکردنی هێڵێک لە رێگەی دانانی ستونی کارەبا لە نێوان کەلار- جەلەولا.