لە گەرمیان ژماره‌ى ژنان له‌ كه‌رتى تایبه‌تى پزیشكی دا رو له‌ زیادبونه‌

2024/08/24 - 01:15 | 273 جار بینراوە    
 
رادیۆی ده‌نگ- شرین ئه‌حمه‌د
 
كاتێك ئه‌ڤین به‌شى په‌رستاریی ته‌واو كرد، بڕیاریدا هه‌ر له‌ماڵه‌وه‌ دانه‌نیشێت، وه‌ك زۆربه‌ى ده‌رچوانى به‌شه‌ پزیشكیان ده‌یویست له‌ كه‌رتى حكومی دا كاربكات، به‌ڵام بێهیوا بو كاتێك دڵنیا بویه‌وه‌ ناتوانێت دابمه‌زرێت، به‌وهۆیه‌ى دامه‌زراندن راگیراوه‌.
 
ئه‌و نه‌یهێشت بێهیوای به‌سه‌رییدا زاڵ بێت و بێكار لێی دابنیشێت، هه‌ربۆیه‌ روى له‌ كه‌رتى تایبه‌ت كرد و چه‌ند ساڵێكه‌ وه‌كو په‌رستار له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كدا كارده‌كات.
 
هاوشێوه‌ى ئه‌ڤین، به‌شێكى به‌رچاو له‌ كچانى ده‌رچوى به‌شه‌ پزیشكییه‌كان له‌ گه‌رمیان، رویان له‌كاركردن له‌ كه‌رتى تایبه‌ت كردوه‌، به‌شێوه‌یه‌ك نزیكه‌ى نیوه‌ى ئه‌و كادیرانه‌ پێكدێنن كه‌ له‌م كه‌رت و بواره‌دا كارده‌كه‌ن.
 
پێشتر به‌شداریی كچان له‌ كه‌تى تایبه‌ت زۆر كه‌م و سنوردار بو، به‌تایبه‌تى له‌ بواری ته‌ندروستى دا، به‌ڵام ئێستا به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئاخۆ چی گۆڕاوه‌؟
 
ئەڤین محەمەد، كه‌ پەرستارە له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌هلی له‌ گه‌رمیان، وتى: کۆمەڵێک هۆکار بۆ ئه‌مه‌ هه‌یه‌، له‌وانه‌: رێژەی زۆری کورسی بەشە پزیشکیەکان بۆ ئافرەتان دانراوە، هەروەها زۆربونی پەیمانگا ئەهلیەکان و هۆکارێکی تریش ئەوەیە کە ئافرەتان نایانەوێت به‌ بێكاریی لەماڵەوە بمێننەوە.
 
بەپێی ئامارێکی لقی گەرمیانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی كوردستان، له‌ گەرمیان سێ نەخۆشخانەی ئەهلی و کۆمەڵگەیه‌کی پزیشکیی ئه‌هلی بونی هەیە، تێكڕا 153 کارمەندی ئه‌و چوار ناوه‌نده‌ لەرەگەزی مێن، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌كاته‌ نیوه‌ى ژماره‌ى سه‌رجه‌م كارمه‌ندانیان.
 
عەدنان ئەحمەد، سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی كوردستان، بە رادیۆی دەنگی وت: ئێستا زۆربەی قاوش و بەشه‌كانى فریاكه‌وتنیش له‌ نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كان کچان بەڕێوەیان دەبەن.
 
باسی لەوەشکرد: پێشتر ئه‌گه‌ر گرفتێك له‌ ده‌وامكردنى شه‌واندا هه‌بوبێت بۆ كچان، ئێستا ئه‌وان شه‌وانیش ده‌وام ده‌كه‌ن به‌ بێ گرفت و توانیویانە زۆر باش ئاستەنگیەکانیان تێپەڕێنن. 
 
 
زیادبونى به‌شداریی ژنان له‌ كه‌رتى تایبه‌تى ته‌ندروستى له‌گه‌رمیان، بێ گرفت نه‌بوه‌، وه‌ك كچه‌ په‌رستارێك جه‌ختى لێكرده‌وه‌، پرسه‌كه‌ لایه‌نى باش و خراپی هه‌یه‌.
 
ئه‌سرا ئه‌حمه‌د، كه‌ یاریده‌ده‌رى پزیشكه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كى ئه‌هلی له‌گه‌رمیان، بۆ رادیۆی ده‌نگ وتى: لایەنە باشەکەی ئەوەیە ئەو زانستەی لە پەیمانگا و زانکۆکاندا فێریدەبین لەیادمان دەمێنێتەوە و زیاتریش پەرەی پێ دەدەین، لایەنە خراپ و گرفتەکەش ئەوەیە کارکردنی لەکەرتی تایبەت ماندوبونێکی زۆر و پارەیەکی کەمی هەیە.
 
ده‌وامى زۆر و موچه‌ى كه‌م، یه‌كێكه‌ له‌و خه‌مانه‌ى كه‌ كچان له‌ كه‌رتى تایبه‌تى ته‌ندروستى دا جه‌ختى لێده‌كه‌نه‌وه‌، تا ئه‌و راده‌یه‌ى به‌ قۆستنه‌وه‌ى بزانن.
 
ئه‌سرا، له‌مباره‌یه‌وه‌ وتى: خاوەنکارەکان ئەو هەلەیان قۆستوه‌تەوە کە دەزانن کچان نایانەوێت لە نێوان چواردیوار بمێننەوە و دەیانەوێت پەرە بەتواناکانیان بدەن، هه‌ربۆیه‌ زۆرجار به‌ موچه‌یه‌كى كه‌م ده‌خرێنه‌ سه‌ر كار كه‌ یه‌كسان نییه‌ به‌ ماندوبون و ده‌وامیان. 
 
ئه‌ڤین-یش جه‌ختى له‌م خاڵه‌ كرده‌وه‌ و وتى: ژنان دەیانەوێت پەرە بەتواناکانیان بدەن بۆیە لەکەرتى تایبەتدا کاردەکەن، سەرەڕای ئەو بڕە پارە کەمەی پێیان دەدرێت. 
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,091,616     ژمارەی میوان 1095