دەنگ نێت
۲۳۹ ملیۆن دیناری داهاتی دەروازەی پشتە لەلایەن فەرمانبەرێکەوە دەبردرێت و تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە، رادیۆی دەنگ وردەکاریی بردنی پارەکە ئاشکرا دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، ئەو فەرمانبەرەی پارەکەی بردوە، ناوی (وەهران)ـە، پێشتر فەرمانبەر بوە لە بەڕێوبەرایەتی گومرگی گەرمیان و دواتر بەشێوەی تەنسیب گواستراوەتەوە بۆ بانکی پەروێزخان، لەساڵی ۲۰۱۰ـوە دەستبەکار بوە لە گومرگ و خۆی بە کادری مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی نیشتیمانی ناساندوە. باوکی ئەفسەری حکومەتی پێشوی عێراقە و لە دوای روخانی رژێمەوە لە دەرەوەی وڵات دەژێت و دەوترێت لە وڵاتی سوریایە.
نوسینگەی گومرکی دەروازەی پشتە لەلایەن وەزیری دارایی هەرێمەوە لە مانگی ۱۱ـی ساڵی ۲۰۲۳ کراوەتەوە، نوسینگەکە سەر بە بەڕێوبەرایەتی گومرکی گەرمیانە و لەلایەن ئەوانەوە فەرمانبەری بۆ تەنسیب کراوە، ئەگەرچی دەروازەکە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجەیە، بەڵام بەوهۆیەی پێشتر لە سنوری ئیدارەی گەرمیان بوە، هەر لە لایەن گەرمیانەوە بەڕێوەدەبرێت.
بەپێی یاسا ئەبێت هەمو رۆژێک پارەی نوسینگەکە بگەڕێتەوە بۆ بانک، بەڵام بەهۆی نەبون و دابیننەکردنی ئۆتۆمبێلەوە، لە نوسینگەکەدا پارەی گومرکی دەروازەکە کۆکراوەتەوە و هەمو پێنجشەمەیەک بە ئۆتۆمبێلی بانکی پەروێزخان دەگوازرایەوە بۆ بانکی پەروێزخان.
پارەکە چۆن براوە؟
بڕی ئەو پارەیەی براوە، ٢٣٩ ملیۆن و ٨٤٥ هەزار دینار بوە کە داهاتی رۆژ و نیوێک بوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فەرمانبەرەکە پاش کۆکردنەوەی پارەکە و بردنی، تەلەفۆنی بۆ هاوڕێیەکی کردوە و وتویەتی مناڵەکەم نەخۆشە و مۆڵەتم وەرگرتوە.
وتیشی: تەنها پارەی لە جۆری ۲٥ هەزار دیناری و ٥۰ هەزار دیناری بردوە و دەستی نەداوە لە پارەکانی دیکە.
پارەکانیشی کردوەتە نێو جانتایەک و لە کامێرای چاودێرییشدا ئەم کردەوەیە تۆمارکراوە.
باسی لەوەشکرد لە دوای روداوەکەوە مۆبایلی داخراوە و نازانرێت بۆ کوێ رۆشتوە، گومانیش دەکرێت بۆ دەرەوەی وڵات هەڵهاتبێت.
جگە لەو پارەیە، ئەم کەسە "جەمعیەیەکی" لەگەڵ هاوڕێکانیشیدا کردوە و ئەوەشی بردوە، هەروەک چەند ئۆتۆمبێلێکیشی بە شێوازی قیست راکێشاوە کە وەک دەوترێت ٣ دانەیە.
پۆلیس چی دەڵێت؟
عەلی جەمال قەدوری، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بەرادیۆی دەنگی راگەیاند: لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گومرگی گەرمیانەوە ئاگادار کراینەوە کە فەرمانبەرێکیان بڕی ۲۳۹ ملیۆن و ٨٤٥ هەزار دیناری بردوە و هەڵهاتوە.
وتیشی: پۆلیسی دەستی بە لێکۆڵینەوە کردوە و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو فەرمانبەرە دەرچوە بەپێی ماددەی ۳۱٥ لە یاسای سزادانی عێراقی.
مادەی ٣١٥ لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەتە بە "ئیختیلاس" و بردنی پارەی گشتی، تیایدا هاتوە: سزا دەدرێت بە بەندکردن فەرمانبەرێک یان کەسێکی راسپێردراو بە ئەرکی گشتی، ئەگەر پارەیەکی گشتی بدزێت یان بشارێتەوە و بخاتە لاوە.
رادیۆی دەنگ بۆ بەدواداچونی زیاتر پەیوەندی بە چەند بەرپرسێکی پەیوەندیدار بەو کەیسەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکانیان بەردەست نەبون.