وادەی تەواونەکردنی ‌‌پرۆژەی رێگه‌ى سه‌یدخه‌لیل و گۆبان بو بە ٧ ساڵ

2024/08/18 - 12:25 | 211 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
بۆماوه‌ى ٧ ساڵه‌ نه‌توانراوه‌ پرۆژەی رێگاسازیى گوندەکانی سه‌یدخه‌لیل و گۆبانـی سەر بە کەلار ته‌واو بكرێت، به‌ڕێوبه‌رى رێگاوبانى گه‌رمیانیش ده‌ڵێت: بودجه‌كه‌ى له‌سه‌ر پترۆ دۆلاره‌ و كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ بخرێته‌وه‌ سه‌روه‌زاره‌تمان.
 
عه‌دنان خه‌لیل، به‌ڕێوبه‌رى به‌رێوبه‌رایه‌تى رێگاوبانى گه‌رمیان، بۆ رادیۆى ده‌نگ باسى له‌وه‌كرد: پرۆژه‌ى رێگه‌ى گوندەکانی سه‌یدخه‌لیل-گۆبان لە کەلار، كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاى ئاودێره‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت،  له‌ ساڵى ٢٠١٨ـە‌وه‌ ده‌ستبه‌كار بوه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى بودجه‌كه‌ى له‌سه‌ر پترۆ دۆلاره‌ له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایی كاركردن تێیدا راگیراوه‌.
 
وتیشى: له‌ ئێستادا له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران لیژنه‌یه‌ك پێكهێنراوه‌ بۆ ئه‌و پرۆژانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر پترۆ دۆلارن بۆ ئەوەی‌ بخرێنه‌وه‌ سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كانیان، ئێمه‌ش ئه‌م پرۆژه‌یه‌مان هه‌یه‌و چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ین بخرێته‌وه‌ سه‌ر وه‌زاره‌تمان و وه‌زاره‌تمان ئاگادارمان بكاته‌وه‌ و ده‌ست به‌ كاركردن بكه‌ینه‌وه‌ تێیدا.
 
ده‌شڵێت: گوژمه‌ى ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش خۆى له‌ ملیۆنێک و ٦٠٨ هه‌زار دۆلار ده‌بینێته‌وه‌.
 
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌م پرۆژه‌یه‌ كه‌ ٥٠٪ـی كاره‌كانى ته‌واو بوه‌ به‌ڵێنده‌ر هیچ بڕه‌ بودجه‌یه‌كى بۆ خه‌رج نه‌كراوه،‌ له‌ كاتێكدا سێ جار چه‌كى بۆ كراوه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانى وه‌زاره‌تین شایسته‌ داراییه‌كانى به‌ڵێنده‌ر خه‌رج بكات و پرۆژه‌كه‌ش بێته‌وه‌ سه‌ر وه‌زاره‌ت.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,091,859     ژمارەی میوان 1338