وەزارەتی پەروەردە داوای٣٠ وانەبێژ دەکات و پەروەردەی گەرمیان لەجیاتیان مامۆستای تر دادەنێت

2024/08/15 - 03:23 | 225 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
بۆ بەشداریی لە خولێکی پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتوان داوای ژمارەیەک مامۆستا لە سنوری گەرمیان کراوە بەشێوەیەک ئەولەویەت بدرێت بە مامۆستایانی وانەبێژ، بەڵام لەکۆی (٣٠) کەس کە ناویان نێردراوە، هیچیان وانەبێژ نین و زۆرینەیان سەرپەرشتیار "مشرف" و بەڕێوبەری قوتابخانەن، هاوکات لە کەلار پەروەردەی قەزاکە کاتێک نوسراوی ئاراستەی قوتابخانەکان کردوە کە ئەو مۆڵەتەی بۆی دیارییکراوە تەواو بوە، لەبەرامبەریشدا بەڕێوبەرێکی پەروەردە رونکردنەوە دەدات و دەڵێت: وەزارەتی پلاندانان خۆی ئەو (٣٠) کەسەی ویستوە و بۆ قۆناغی داهاتوی پرۆسەکەش هەزاران مامۆستای دیکە دادەنێین کە زۆرینەیان وانەبێژن.
 
بەپێی ئەو نوسراوانەی کۆپیان دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە، وەزارەتی پلاندانان بۆ پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتوان، نوسراوی ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە کردوە بۆ ئەوەی لە هەر قەزایەک ژمارەیەک مامۆستایان بۆ تەرخان بکەن بەمەبەستی بەشدارییکردن لە خولێکی راهێنانی راهێنەران، وەزارەتی پەروەردەش نوسراوەکەی گشتاندوە بەسەر بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکاندا و ئەوانیش بۆ پەروەردەی قەزاکان.
 
نوسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە بۆ بەڕێوبەرایەتییە گشتیەکانی پەروەردە، لە رێکەوتی ٢٩ـی ٧ـی ٢٠٢٤ دەرچوە، پەروەردەی گەرمیانیش لە رۆژی ١ـی ٨ـی ٢٠٢٤ بە نوسراو ئاراستەی پەروەردەکانی کەلار و کفری کردوە، پەروەردەی کەلاریش لە رۆژی ٦ـی ٨ـی ٢٠٢٤ بە نوسراو ئاراستەی قوتابخانەکانی کردوە.
 
کێشەکە ئەوەیە کە وەزارەتی پەروەردە داوای کردوە ناوەکانیان هەتا رێکەوتی ٥ـی ٨ـی ٢٠٢٤ بۆ بنێرن، کەچی پەروەردەی کەلار رۆژێک دوای کۆتاییهاتنی ئەو وادەیە، واتا لە ٦ـی ٨ـی ٢٠٢٤ نوسراوی بۆ قوتابخانەکان کردوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، لە نوسراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا، داواکراوە ئەولەویەت بدرێت بە مامۆستایانی وانەبێژ، کەچی بەپێی ئەو لیستەی لەبەردەست رادیۆی دەنگ دایە، لە کۆی (٣٠) ناو کە لە سنوری پەروەردەی گەرمیان بەرزکراوەتەوە بۆ بەشدارییکردن لە پرۆسەکە، (١٥) کەسیان سەرپەرشتیاری پەروەردەیی "مشرف"ـن، (١٠) کەسیان بەڕێوبەری قوتابخانەن، (٢) کەسیان یاریدەدەری بەڕێوبەری قوتابخانەن و (٣) کەسیان مامۆستان، بەوپێیەش هیچ مامۆستایەکی وانەبێژی تێدانییە، ئەمەش لەکاتێکدایە لە نوسراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا بە دەق هاتوە: "تا مامۆستای وانەبێژ هەبێت، نابێت مامۆستای میلاک دابنێن".
 
ئەو ناوانەی بەرزکراونەتەوە، بەشداریی لە خولێکی (٨) رۆژەدا دەکەن لەبارەی پرۆسەی گەمارۆدان و ژمارەدانان لەچوارچێوەی پرۆسەی سەرژمێرییدا، بۆ هەر رۆژێکیش (١٠٠) هەزار دینار پاداشتیان پێدەدرێت.
 
لەبەرامبەردا، عەدالەت لەتیف، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی کەلار، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ئەم (٣٠) کەسەی کە ناویان بەرزکراوەتەوە، پێش ١٤ ساڵ خولیان لەم بوارەدا بینیوە کە ئەوکات زۆربەیان مامۆستا بون نەک سەرپەرشتیار و بەڕێوبەر.
 
وتیشی: ئیشی ئەم (٣٠) کەسە ئەوەیە کە خولێکی راهێنانی راهێنەران دەبینن و دواتر دێنەوە لە گەرمیان خول بۆ ئەو مامۆستایانە دەکەنەوە کە بەشداریی لە پرۆسەکەدا دەکەن، چونکە پرۆسەکە گەورەیە و بە هەزاران کارمەندی دەوێت.
 
لەبارەی ئەوەی بۆچی کار بەو بڕگەیەی نوسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە نەکراوە کە باس لە دانانی مامۆستای وانەبێژ دەکات، عەدالەت لەتیف وتی: خودی وەزارەتی پلادانان داوایان لە وەزیری پەروەردە کردوە بۆ ئەوەی ئەو کەسانە دابنرێن بۆ ئەم خولە کە پێشتر خولیان بینیوە و شارەزاییەکیان هەیە، ئەوەبو وەزارەتی پەروەردەش نوسراوێکی تریان کرد و تێیدا ئاماژەیان بەوەدابو کە وەزارەتی پلاندانان چیان بوێت بۆیان جێبەجێ بکەن.
 
بەڕێوبەری پەروەردەی کەلار ئاماژەی بەوەکرد بۆ قۆناغی داهاتو وانەبێژ دادەنێن و وتی: لەداهاتودا بۆ پرۆسەکە نزیکەی سێ هەزار مامۆستامان دەوێت، لەوەدا وانەبێژان دەگرێتەوە.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,091,904     ژمارەی میوان 1383