ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
٥١ ملیۆن دینار بۆ پێشینەی مانگانە "نەسریە"ـی ئیدارەی گەرمیان زیادکرا

2024/08/08 - 09:12 | 265 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بڕیاری داوە بە زیادکردنی ٥١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار بۆ پێشینە "نەسریە"ـی مانگانەی ئیدارەی گەرمیان.
 
بەپێی نوسراوێکی ئەنجومەنی وەزیران کە بۆ وەزارەتی دارایی ناردوە، ئاماژەی بەوەکردوە پێشینەی ئیدارەی گەرمیان لە ٢٦ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینارەوە زیاد بکرێت بۆ ٧٨ ملیۆن دینار، بەمەش ٥١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دیناری پێشینەی مانگانە بۆ ئیدارەکە زیادکراوە.
 
رونیشیکردوەتەوە: پێشینەی بەردەوامی ئیدارەی گەرمیان، لە ١١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینارەوە کراوە بە ٢٥ ملیۆن دینار.
 
هەربەپێی نوسراوەکە، پێشینەی بەردەستی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە ٥ ملیۆن دینارەوە کراوە بە ١٥ ملیۆن دینار، هاوکات دەسەڵاتیش دراوە بە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بۆ بەخشینی پاداشت و یارمەتی بە فەرمانبەرانی ئیدارەکە و دەرەوەی ئیدارەکەش. 
 
لەلایەکی ترەوە پێشینەی باری لەناکاو بۆ ئیدارەی گەرمیان لە ٥ ملیۆن دینارەوە کراوە بە ٣٠ ملیۆن دینار، هاوکات پێشینەی باری لەناکاو بۆ قایمقامیەتەکان لە ٥ ملیۆن دینارەوە کراوە بە ٨ ملیۆن دینار.
 
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە نوسراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە ئەم بڕیارانە لە سەرەتای ئەم مانگەوە (ئابی ٢٠٢٤) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,222,637     ژمارەی میوان 2683