به‌نداوى باوه‌شاسوار، پرۆژه‌یه‌كى گه‌وره‌ و سودلێبینینێكى کەم

2024/08/02 - 05:34 | 335 جار بینراوە    
 
رادیۆی ده‌نگ- محه‌مه‌د مه‌حمود
 
بەڕێوبەری بەشێک لە فەرمانگەکانی کفری و چالاکوانانى قه‌زاكه‌، جەخت لەوە دەکەنەوە کە نه‌توانراوه‌ وه‌كو پێویست سود له‌ بەنداوی باوەشاسوار وه‌ربگیرێت، ژماره‌یه‌ك پێشنیازیش له‌وباره‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ڕو.
 
بەنداوی باوەشاسوار له‌ كفری، لەساڵی ۲۰۱۲ـەوە تەواوبوە و توانای گلدانه‌وه‌ى ٦ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هه‌یه‌، له‌ئێستاشدا ۳ ملیۆن و ۷٥۰ هەزار مەتر سێجا ئاوی تێدایە.
 
عەزیز کەریم، بەڕێوبەری بەنداوی باوەشاسوار، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: بەنداوەکە قوڕولیتەی زۆر لە بنەکەیدایە، چونکە له‌كاتێكدا تواناكه‌ى بۆ گلدانه‌وه‌ى ٦ ملیۆن مەتر سێجای ئاو دروستكراوه‌، به‌ڵام ئێستادا بە ٥ ملیۆن ۳۰۰ هەزار مەتر سێجا سەرڕێژ دەبێت.
 
به‌نداوه‌كه‌ بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە سودی لێنابینرێت
 
هەرچەندە قەزای کفری لەروی دابینکردنی ئاوى ماڵانه‌وه‌ کێشەی نییە، بەڵام خراپی کوالێتی ئاوی قەزاکە دانیشتوانەکەی توشی چەندین گرفت کردوە، چونکە سەرچاوەی ئاوەکەیان بیری ئیرتوازیە و ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ش کوالێتیه‌كه‌ى باش نیه‌، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی تائێستا نەتوانراوە سود لەئاوی بەنداوی باوەشاسوار وەربگیرێت بۆ دابینكردنى ئاوی قه‌زاكه‌؟
 
حەمید رەشید، بەڕێوبەری فەرمانگەی ئاوی کفری، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: تاوەکو ئێستا هیچ سودێکمان لە ئاوی بەنداوەکە وەرنەگرتوە، چونکە هیچ پاڵاوگە و کۆمپاکتێکی لێ نییە، بەڵام دەرخستەمان کردە بۆ دروستکردنی پاڵاوگە و کۆمپاکتێک و ئێستا لە وەزارەتی پلاندانانە.
 
وتیشی: پێشتر ئاوی قه‌زاكه‌مان له‌ پرۆژه‌ى ئاوی خورماتوه‌وه‌ ده‌هات، به‌ڵام پاش روداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر، ئاوه‌كه‌ بڕا، بۆیه‌ بڕیارماندا پەنا بەرینەبەر بەکارهێنانی ئاوی بیر.
 
له‌باره‌ى سودبینین له‌ ئاوی به‌نداوى باوه‌شاسوار، حه‌مید ره‌شید وتى: ئیداره‌ى بەنداوی باوەشاسوار ره‌زامه‌ندى داوه‌ لە کاتژمێرێکدا ۲۰۰ مەتر سێجا ئاومان پێ بدەن بۆ ئەوەی تێکەڵی حەوزى ئاوی قه‌زاكه‌ بكرێت و دابەشی بکەین بەسەر هاوڵاتیاندا.
 
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى تاچه‌ند ئاوی به‌نداوه‌كه‌ شیاوه‌ بۆ خواردنه‌وه‌؟ به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه‌ى ئاوی كفری وتى: ئاوی بەنداوەکە بەکەڵکی خواردنەوە دێت و هەمو پشکنینێکمان بۆ کردوە و کێشەی نییە و لەئاوی بیرەکان باشترە.
 
 
له‌به‌رامبه‌ردا به‌ڕێوبه‌رى به‌نداوى باوه‌شاسوار، جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ ئه‌گه‌رچی ئاوی به‌نداوه‌كه‌ شیاوه‌ بۆ خواردنه‌وه‌ و به‌كارهێنان، به‌ڵام كێشه‌ى دیكه‌ى هه‌یه‌.
 
عەزیز کەریم، وتى: بەهۆی ئەوەی بڕەکەی کەمە، ناتوانین بیدەین بەماڵان، فه‌رمانگه‌ى ئاو دەڵێت لە کاتژمێرێکدا ۲۰۰ هەزار لیتر ئاویان دەوێت، بەڵام ئێمە رازی نین، چونکە ئاوەکەی کەمە و حەوزەکەمان ئاوی کەم دەگرێتەخۆی. 
 
وتیشی: ئەکرێت ئەگەر لەپشتەوەی بەنداوەکە حەوزێکی تری بۆ بکرێت، چونکە بەنداوەکە کاتێک ئەمساڵ سەرڕێژ بو ٥ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار مەتری سێجا ئاوی تێدابو، لەئێستادا کەمی کردوە بۆ ۳ ملیۆن و ۷٥۰ هەزار مەتر سێجا، به‌وهۆیه‌ى چەند مانگێكه‌ لێی خه‌رج ده‌كرێت.
 
ئه‌گه‌رچی به‌ راسته‌وخۆیی سود له‌ به‌نداوه‌كه‌ نابینرێت وه‌كو سه‌رچاوه‌ى ئاوی خواردنه‌وه‌، به‌ڵام به‌ ناڕاسته‌وخۆیی سودی هه‌یه‌.
 
به‌ڕێوبه‌رى به‌نداوى باوه‌شاسوار، وتى: زیاتر له‌ هەزار بیر لە قەزاكه‌دا هه‌یه‌، ئه‌مانه‌ش سەرچاوەی ئاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ بەنداوی باوە شاسوار، چونكه‌ كه‌ ئاوی ژێرزەوی له‌ شاره‌كه‌دا کەمی نەکردوە، هۆكاره‌كه‌ى دەگەڕێتەوە بۆ بونى بەنداوی باوەشاسوار كه‌ ئه‌و بیرانه‌ له‌ كونیله‌ و درزه‌كانى ژێرزه‌وییه‌وه‌ ئاویان له‌ به‌نداوه‌كه‌وه‌ بۆ ده‌ڕوات.
 
سودی بەنداوەکە لە روی کشتوکاڵییەوە
 
قەزای کفری یەکێکە لەو ناوچانەی كارى كشتوكاڵی تێدا ده‌كرێت و بەشێک لەدانیشتوانەکەی سەرقاڵی کشتوکاڵن، بەڕێوبەری کشتوکاڵی کفریش جەخت دەکاتەوە لەوەی دەتوانرێت سودی زیاتر لە بەنداوەکە ببینرێت بۆ بوارى كشتوكاڵ.
 
عەلی عەباس، بەڕێوبەری فه‌رمانگه‌ى کشتوکاڵی کفری، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: بەنداوەکە تاوەکو ئێستا نزیکەی هەزار دۆنم زەوی به‌راو کردوە، سەروی ۱۰۰ جوتیاریش سودی لێدەبینن.
 
عەزیز کەریم، بەڕێوبەری بەنداوی باوەشاسوار، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات جگە لە دابینکردنی ئاو بۆ جوتیارەکان، به‌نداوه‌كه‌ له‌ رێگه‌ى كه‌ناڵێكه‌وه‌ كه‌ ده‌ڕوات بۆ سنورى ۱۲ ئیمام، نزیكه‌ى ۲۰ خاوەن ئاژەڵ کە مەڕوماڵاتێکی زۆریان هەیە، سودی لێدەبینن.
 
به‌ڵام به‌ڕێوبه‌رى كشتوكاڵی كفری، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت سودی زیاتر له‌ به‌نداوه‌كه‌ ببینن بۆ پرۆژه‌ى كشتوكاڵی "لە ئێستادا ئەم بەنداوە سودی زیاتر بۆ بەراوکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان هه‌یه‌، ئێمە دەمانەوێت پرۆژەی دیكه‌ى كشتوكاڵی له‌سه‌ر بونیاد بنێین، له‌نمونه‌ى پرۆژه‌ى به‌رهه‌مهێنانى ماسی، كه‌چى رێگەی پێنادرێت به‌و هۆیه‌ى ئاوەکەى کەمە و بەش ناکات".
 
 
ئه‌م بۆچونه‌، عه‌زیز كه‌ریم جه‌ختى لێكرده‌وه‌، كاتێك وتى: پرۆژەی بەخێوکردنی ماسی ئاوی زۆر دەوێت و بەنداوەکە لەتوانایدا نییە.
 
چالاکوانێکیش جەخت دەکاتەوە پێویسته‌ به‌نداوه‌كه‌ سودی زیاتری له‌ بوارى كشتوكاڵدا لێببینرێت.
 
قادر ئیسماعیل، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: پێویستە جوتیارەکان سودی زیاتر له‌ به‌نداوه‌كه‌ ببینن لە روی کشتوکاڵییەوە، چونکە رۆژانە ئاویان له‌ به‌نداوه‌كه‌وه‌ بۆ بەردەدرێتەوە.
 
سودبینین له‌ به‌نداوه‌كه‌ بۆ كه‌رتى گه‌شتیاریی
 
ئه‌گه‌رچی بەنداوی باوەشاسوار بوه‌ به‌ روگه‌یه‌كى گه‌شتیاریی بۆ هاوڵاتیان چ له‌ قه‌زاكه‌ و چ له‌ ده‌ره‌وه‌یشی دا، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بونى پرۆژه‌ى گه‌شتیاریی تیایدا، ئه‌م كه‌رته‌ لاوازه‌.
 
قادر ئیسماعیل، چالاكوان له‌ قه‌زاى كفری، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: به‌نداوه‌كه‌ ده‌كرێت ببێت به‌ شوێنێكى گه‌شتیاریی گرنگ، به‌ڵام ئاوڕی جیدیی لێنه‌دراوه‌ته‌وه‌.
 
له‌به‌رامبه‌ردا به‌ڕێوبه‌رى گشتى گه‌شتوگوزارى گه‌رمیان، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه‌ پرۆژه‌یه‌كیان بۆ به‌نداوه‌كه‌ ئاماده‌ كردوه‌ و هه‌مو رێكاره‌كانى ته‌واو بوه‌، ته‌نها راگه‌یاندن و وه‌رگرتنى ماوه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاوه‌.
 
 
هێرش فه‌یزوڵلا، بۆ رادیۆی ده‌نگ وتى: بڕی ٤۲٦ ملیۆن دینار بۆ دروستكردنى پرۆژه‌یه‌كى گه‌شتیاریی مۆدێرن له‌سه‌ر به‌نداوى باوه‌شاسوار ته‌رخانكراوه‌ كه‌ به‌ "كۆڕنیشه‌كه‌ى به‌نداوى باوه‌شاسوار" ناوده‌برێت.
 
وتیشی: هه‌مو ره‌زامه‌ندییه‌كى پرۆژه‌كه‌ هاتوه‌ته‌وه‌ و ته‌نها ئه‌وه‌ ماوه‌ ته‌نده‌ره‌كه‌ى له‌ ئیداره‌ى گه‌رمیان بۆ ئه‌نجام بدرێت و كۆمپانیایه‌ك وه‌ریبگرێت و ده‌ستبه‌كار بكات.
 
سودە ژینگه‌ییه‌کانی به‌نداوی باوەشاسوار
 
به‌ڕێوبه‌رى به‌نداوه‌كه‌، جه‌خت له‌و سود و رۆڵه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئێستا به‌نداوه‌كه‌ هه‌یه‌تى له‌ بوارى ژینگه‌دا.
 
عه‌زیز كه‌ریم، وتى: شارەوانی كفری باخچه‌ی هەیە كه‌ ئاودانه‌كه‌ى لەسەر ئاوی بەنداوەکەیە، به‌هه‌مانشێوه‌ پارکی شار و باخێكی ٥۰ دۆنمی كه‌ سه‌ر به‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دارستان و پاوانه‌، له‌سه‌ر ئاوی ئه‌م به‌نداوه‌ ئاوده‌درێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى چه‌ندین باخی نزیكی هاوڵاتیانیش سود له‌ ئاوی به‌نداوه‌كه‌ ده‌بینن و ئه‌مه‌ش رێژه‌ى سه‌وزایی له‌ قه‌زاكه‌دا به‌رز كردوه‌ته‌وه‌.
 
له‌به‌رامبه‌ردا، چالاكوانێك باس له‌وه‌ده‌كات راسته‌ به‌نداوه‌كه‌ سودی ژینگه‌یی هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌كرا سوده‌كه‌ى له‌م لایه‌نه‌وه‌ زیاتر بێت.
 
قادر ئیسماعیل، بۆ رادیۆی ده‌نگ وتى: به‌نداوه‌كه‌ لەروی سەوزکردنەوە خراپە، نەتوانراوە پشتێنه‌یه‌كى سەوز بە دەوریدا دروست بکرێت و دیمەنێکی جوان دروست بکات، ئەمەش بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا عەقڵیەتێكی ئیدارەدانمان نەبوە، ئه‌گینا ئه‌م به‌نداوه‌ سودێکی زۆری هەیە بۆ پاکبونەوەی ژینگەی کفری و دابه‌زینی پلەکانی گەرما له‌ وه‌رزی هاویندا.
 

 




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,044,147     ژمارەی میوان 4246