مەکۆی کەلار و کفری گۆڕان: کۆمەڵێک گەنجمان لە حکومەتی خۆجێی گەرمیان هێناوەتە پێشەوە

2024/07/25 - 10:00 | 338 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
باژێروانەکانی کەلار و کفری بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لەوەدەکەنەوە بزوتنەوەکەیان گەنجی هێناوەتە پێشەوە بەتایبەتی لە حکومەتی خۆجێی گەرمیان، دەشڵێن لەسەر ئەم رێبازە بەردەوام دەبن.
 
ئەمڕۆ بە ساڵیادی راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان هەژمار دەکرێت، کاتێک بۆ یەکەمجار لە ٢٥ـی تەموزی ٢٠٠٩، بزوتنەوەکە بۆ یەکەمجار بەشداریی لە هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان کرد.
 
مەریوان رەحیم، باژێروانی مەکۆی کەلاری بزوتنەوەی گۆڕان، لەوبارەوە دەڵێت: لەسەرەتای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە پارلەمانتارەکان خەڵکی بە ئەزمون و بەتوانا بون، ئێستاش کۆمەڵێک گەنجی دیکەمان هێناوەتە پێشەوە بەتایبەت لە حکومەتی خۆجێی گەرمیاندا.
 
لایخۆشیەوە، رۆڤان سەروەت، باژێروانی مەکۆی کفری بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: لەدوای کۆنفرانسی دوەمی گۆڕان، کارەکتەری گەنج هاتوەتە ناو ئۆرگانە سەرەکییەکانی گۆڕانەوە بەتایبەت جڤاتی نیشتیمانی، بەتایبەت ئێستا هەنگاوەکانمان دەستپێکردوە بۆ هەڵبژادنی خانە و دیاریکردنی رێکخەرێکی نوێ.
 
دەربارەی ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە کادیر و هەڵسوڕاوی گۆڕان لە بزوتنەوەکە نیگەرانن و لێی دورکەوتونەتەوە، رۆڤان سەروەت وتی:  لەگەڵ کارەکتەرە دیار ە زویربوەکانی گۆڕان لە گفتوگۆداین بۆ گەڕانەوەیان و ئاشتکردنەوەیان.
 
ماوەیەکە هەردو مەکۆکەی گۆڕان باس لە ئەنجامدانی گۆڕانکاریی لە پۆستەکانیان لە حکومەتی خۆجێی گەرمیان دەکەن.
 
لەمبارەیەوە، رۆڤان سەروەت، باژێروانی مەکۆی کفری بزوتنەوەی گۆڕان وتی: بە هاوبەشی مەکۆی کفری و کەلار بڕیارمان داوە دو پۆست کە پشکی بزوتنەوەی گۆڕانن لە گەرمیان گۆڕانکارییان تێدابکەین و لەوبارەشەوە کاندیدی خۆمان رادەستی ئیدارەی گەرمیان کردوە و بڕیارە لەم ماوەیەدا یەکلابکرێنەوە.
 
بڕیارە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. گۆڕان لە هەڵبژاردنەکەدا بەشدارە و لە ئاستی گەرمیان ٥ کاندیدی هەیە.
 
مەریوان رەحیم، لەمبارەوە وتی: بۆ ئەم هەڵبژاردنەش خەڵکی ترمان هێناوەتە پێشەوە کە گەنجی پڕ وزەن و خاوەنی شەهادە و کەسایەتی باش و بنەماڵەی باشن.
 
ئەم وتانەی ناوبراو لەکاتێکدایە کە دەنگی بزوتنەوەکە لە هەڵبژاردنەکاندا بەدوای یەکدا کەمیکردوە.
 
لەوبارەیەوە وتی: راستە سزادراوین لەلایەن خەڵکەوە، بەڵام ئەمڕۆ لە ساڵیادی راگەیاندنی بزوتنەوەکەماندا هاوڵاتییەکی زۆر ئامادەبون و سەلماندمان کە چەندێک خەڵک لەگەڵماندایە.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,091,977     ژمارەی میوان 1456