ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
سەرۆکی زانکۆی گەرمیان لەبارەی گۆڕانکارییەکانەوە رونکردنەوە دەدات

2024/07/23 - 09:28 | 799 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
سەرۆکی زانکۆی گەرمیان لەبارەی گۆڕینی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ و راگری کۆلێژی زانست رونکردنەوە دەدات و دەڵێت: ساڵێکە نوسراومان کردوە بۆ گۆڕانکاریکردن لە پۆستەکان.
 
بەپێی ئەو نوسراوێک کە وێنەی دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە، د. فەرهاد قادر، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، فەرمانێکی دەرکردوە بۆ بەخشینی د. یادگار عەلی مەحمود- یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، لە جێگەکەیشی دا د. محەمەد ئیبراهیم خەلیلـی داناوە. هاوکات لە نوسراوێکی تردا بڕیاریداوە بە بەخشینی د. عومەر یونس- راگری کۆلێژی زانست و دانانی د. عەدنان مەحمود لەجێگەکەی، ئەمە جگە لەوەی لە نوسراوەکەدا ئاماژە بە هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە نەدراوە، بەڵام ئەوە خراوەتەڕو کە بە وەکالەت دادەنرێن هەتا لە رێگەی بانگەوازەوە پۆستەکان پڕدەکرێنەوە.
 
د. فەرهاد قادر، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانەوە بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ماوەی یاسایی بۆ هەر پۆستێک لە زانکۆ ٤ ساڵە، لە حاڵەتی پێویستدا دەتوانرێت بۆ ماوەی ٤ ساڵی دیکە درێژ بکرێتەوە ئەگەر هاتو کەسەکە بە ئەسیڵی دانرابو و وەکالەت نەبو، بەڵام ئەم دو بەڕێزە هەردوکیان بە وەکالەت دانراون، یەکێکیان نزیکەی ٦ ساڵە لە شوێنەکەیەتی واتا ۲ ساڵ بەسەر ماوەکەی رۆشتوە، یەکێکیشیان نزیکەی ۹ ساڵە لەو شوێنەیە، لە پێشتریشدا خەڵکی ترمان هەبوە و گۆڕانکاریمان تێدا کردوە.
 
وتیشی: زیاتر لە ساڵێکە رێکارەکانمان بۆ گۆڕینیان گرتوەتەبەر، چونکە ماوەی یاساییان تەواوبوە، ئەم گۆڕانکارییانە لە دەسەڵاتی سەرۆکی زانکۆ نییە، بەڵکو پێشنیاری سەرۆکی زانکۆیە و وەزیری خوێندنی باڵا واژوی دەکات، ئەمەش ساڵێکە نوسرامان کردوە بۆ سەروی خۆمان بۆ گۆڕینی تەواوی ئەو کەسانەی کە ماوەی یاساییان تێپەڕاندوە.
 
بەوتەی سەرۆکی زانکۆی گەرمیان لە ئێستادا بەکاتیی شوێنەکان پڕکراوەتەوە تاوەکو وەزارەت بەشێوەیەکی فەرمی راگەیاندن بۆ ئەو پۆستانە دەکات "هەمو پۆستەکان بەنوسراو بەرزکراونەتەوە بۆ ئەوەی گۆڕانکاریان تێدا بکرێت، بەڵام بەتەدریجی پڕدەکرێنەوە بۆ ئەوە گۆڕانکاریان تێدا بکرێت".
 
وتیشی: من گۆڕانکارییەکانم لەخۆمەوە دەستپێکردوە، تەنانەت دو مانگ پێش تەواوبونی ماوەی یاساییم وەکو سەرۆکی زانکۆ، داواکاریم پێشکەشکردوە بۆ دەستبەرداربون لە پۆستەکەم.
 
جگە لەو پۆستانەی گۆڕانکارییان تێداکراوە، ژمارەیەک پۆستی دیکەش هەن بەتایبەتی راگری کۆلێژەکان کە ئەوانیش ماوەیەکی زۆر بەسەر خولەکەیاندا رۆشتوە و نەگۆڕاون.
 
لەبارەی ئەمەشەوە، سەرۆکی زانکۆی گەرمیا. وتی: بەڵێ چوار پۆستی ترمان ماوە کە ماوەکەیان بەسەرچوە، رێکاری کارگێڕیی خۆمانمان گرتوەتەبەر بۆ ئەوەی لەداهاتودا ئەو شوێنانە پڕبکرێنەوە.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,130,560     ژمارەی میوان 1388