ده‌نگ نێت
له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌ده‌م مناڵه‌كه‌یه‌وه نه‌هاتون، باوكی مناڵێك كه بریندارى روداوى هاتوچۆ بوه له كه‌لار، سكاڵا له‌سه‌ر پزیشكێكى پسپۆڕ و به‌ڕێوبه‌رى ته‌ندروستى گه‌رمیان تۆمار ده‌كات، به‌ڕێوبه‌رى ته‌ندروستى گه‌رمیانیش ده‌ڵێت: مافی خۆیه‌تى سكاڵا تۆمار بكات و كێشه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه زۆرێک لە پزیشكه‌كانمان راژه‌یان گوازراوه‌ته‌وه سه‌ر زانكۆ.
ساڵح محه‌مه‌د، باوكی ئه‌و مناڵه‌یه كه برینداربوه، به رادیۆی ده‌نگى وت: مناڵه‌كه‌م له دواى كاتژمێر 11ـى پێشنیوه‌ڕۆ ئۆتۆمبیل لێی دا و برینداربو و گه‌یه‌نرایه نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى كه‌لار، له‌وێ ستافه‌كه له په‌رستار و پزیشكانى نیشته‌جێ و خولاو به‌ده‌میه‌وه هاتون، به‌ڵام هه‌تاوه‌كو كاتژمێر 4:30ـى دوانیوه‌ڕۆ، پزیشكی پسپۆڕی مێشك و ده‌مار نه‌هاته سه‌ر مناڵه‌كه‌م.
وتیشی: به‌پێی خشته د. سیروان عوسمان- كه پسپۆڕی مێشك و ده‌ماره، خه‌فه‌ر بوه، كه‌چى ته‌له‌فۆنیان بۆ كردوه و ئه‌ویش وتویه‌تى من خه‌فه‌ر نیم و نه‌هاتوه، هاوكات ته‌له‌فۆنمان بۆ د. سیروان محه‌مه‌د- به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان كردوه و ئه‌ویش وه‌ڵاممانى نه‌داوه‌ته‌وه و دواتر كاتژمێر چوار و نیو هاتوه‌ته سه‌ر مناڵه‌كه‌م.
باسی له‌وه‌شكرد: دواى نزیكه‌ى 5 كاتژمێر، مناڵه‌كه‌ى به ئه‌مبوڵانس گوازراوه‌ته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه‌ى سلێمانى بۆ چاره‌سه‌رى پێویست.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد له بنكه‌ى پۆلیسی نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى كه‌لار سكاڵاى له‌سه‌ر ئه‌و پزیشكه تۆماركردوه به‌هۆی ئاماده‌نه‌بونى، هه‌روه‌ك سكاڵاى له‌سه‌ر به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان تۆماركردوه له‌سه‌ر نه‌هاتنى ئه‌و پزیشكه پسپۆڕه بۆ بینینی مناڵه‌كه‌ى.
لایخۆشیه‌وه، د. سیروان محه‌مه‌د- به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان، جه‌ختى له بونى روداوه‌كه كرده‌وه و به رادیۆی ده‌نگى وت: ئه‌و مناڵه پزیشكی نه‌شته‌رگه‌ری گشتى بینیویه‌تى و هه‌ندێك چاره‌سه‌رى سه‌ره‌تایی بۆ كراوه، به‌ڵام پێویستی به بینینی پزیشكی پسپۆڕی مێشك و ده‌مار بوه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای چه‌ندین په‌یوه‌ندی كه‌چى نه‌هاتوه‌ته سه‌رى.
باسی له‌وه‌شكرد ئه‌م كێشه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى كه میلاكی كۆمه‌ڵێكى پزیشكی پسپۆڕ كه بۆ ئه‌وان زۆر پێویست بون، به‌بێ ره‌زامه‌ندى ئه‌وان گوازراوه‌ته‌وه بۆسه‌ر میلاكی زانكۆی گه‌رمیان، یه‌كێك له‌وانه ئه‌و پزیشكه بوه، ئه‌مه‌ش واده‌كات هه‌ندێك له‌و پزیشكانه كه گوازراونه‌ته‌وه سه‌ر زانكۆ، ده‌وامى پێویست له نه‌خۆشخانه‌كاندا نه‌كه‌ن سه‌رباری ئه‌وه‌ى به‌پێی یاسا و فه‌رمانه‌كان ده‌بێت بیكه‌ن.
وتیشی: ئه‌و هاوڵاتیه مافی خۆیه‌تى سكاڵا له‌سه‌ر هه‌ر پزیشك و به‌رپرسێك تۆمار بكات كه خۆی به كه‌مته‌رخه‌مى ده‌زانێت.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد ئه‌وان لایخۆیانه‌وه رێكارى كارگێڕی و ئسوڵی ده‌گرنه‌به‌ر.
رادیۆی ده‌نگ بۆ وه‌رگرتنى قسه‌ى ئه‌و له‌وباره‌یه‌وه، په‌یوه‌ندیی به د. سیروان عوسمانه‌وه كرد، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كه‌ى به‌رده‌ست نه‌بو.