ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
سەرۆکی زانکۆی گەرمیان یاریدەدەرەکەی لەکاردەخات و راگری کۆلێژێکیش دەگۆڕێت

2024/07/23 - 02:39 | 1064 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و راگری کۆلێژی زانست لەکاردەخات و دو کەسی دیکە لەشوێنەکەیان دادەنێت، بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی رونبکاتەوە.
 
بەپێی ئەو نوسراوەی کە وێنەی دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە، د. فەرهاد قادر، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، فەرمانێکی دەرکردوە بۆ بەخشینی د. یادگار عەلی مەحمود- یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، لە جێگەکەیشی دا د. محەمەد ئیبراهیم خەلیلـی داناوە.
 
لە نوسراوەکەدا ئاماژە بە هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە نەدراوە، بەڵام ئەوە خراوەتەڕو کە یاریدەدەری تازە بە وەکالەت دادەنرێت هەتا لە رێگەی بانگەوازەوە پۆستەکە پڕدەکرێتەوە.
 
هەروەک سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، فەرمانێکی دیکەی دەرکردوە بۆ بەخشینی د. عومەر یونس لە راگری کۆلێژی زانست و دانانی د. عەدنان مەحمود لەجێگەکەی.
 
ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەو پۆستانە دەبێت لەرێگەی راگەیاندن و چاوپێکەوتنەوە پڕ بکرێتەوە، نەک بە دانانی راستەوخۆ لەلایەن سەرۆکی زانکۆوە.
 
رادیۆی دەنگ بۆ بەدواداچونی ئەم پرسە، چەند جارێک پەیوەندیی بە سەرۆکی زانکۆی گەرمیان- د. فەرهاد قادرەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبو.
 
ئەم گۆڕانکارییانە لەکاتێکدایە کە ماوەی سەرۆکایەتی د. فەرهاد قادر تەواو بوە و بڕیارە لەم ماوەیەدا د. ئاراس فەریق وەکو سەرۆکی نوێی زانکۆی گەرمیان دەستبەکاربێت.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,004,627     ژمارەی میوان 679