هاوین هاته‌وه‌ و كێشه‌ى ئاوی گونده‌كانى گه‌رمیان سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه‌

2024/07/18 - 10:54 | 400 جار بینراوە    
 
رادیۆی ده‌نگ- زریان محه‌مه‌د
 
یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ى كه‌ روبه‌ڕوى به‌شێك له‌ گونده‌كانى گه‌رمیان بوه‌ته‌وه‌، نه‌بونى سه‌رچاوه‌ى ئاوى خواردنه‌وه‌یه‌، ئه‌م گرفته‌ش به‌تایبه‌تى له‌ وه‌رزی هاویندا زیاتر زه‌ق ده‌بێته‌وه‌، دانیشتوانى گونده‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن چه‌ندین ساڵه‌ به‌م كێشه‌یه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، حكومه‌تیش ده‌ڵێت: پلان هه‌یه‌ پرۆژه‌ى ئاو بگه‌یه‌نینه‌ به‌شێك له‌و گوندانه‌.
 
له‌ گونده‌كانى گه‌رمیاندا، سه‌رچاوه‌ى ئاوه‌كان جۆراوجۆرن، بیرى ئیرتیوازى و كانیاو و ناعور و پۆندن، به‌ڵام زۆرینه‌یان بیرى قوڵن، سه‌رباری ئه‌مه‌ش، نه‌توانراوه‌ كێشه‌ى كه‌می ئاویان چاره‌سه‌ر بكرێت.
 
محه‌مه‌د حه‌مه‌ كه‌ریم، ئه‌نجومه‌نى گوندى زه‌ماوه‌نگه‌ى سه‌ر به‌ قه‌زاى كه‌لار وتى: ده‌یان ساڵه‌ گونده‌كه‌مان گرفتى سه‌رچاوه‌ى ئاوى هه‌بوه‌ و تاوه‌كو ئێستاش به‌رده‌وامى هه‌یه‌ و چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌.
 
ده‌شڵێت: ئه‌م گونده‌ى ئێمه‌ 45 ماڵى تیایه،‌ ناعورێكى بچوكمان هه‌یه‌ وه‌كو سه‌رچاوه‌ى ئاو، ناعوره‌كه‌ بچوكه‌ و به‌شمان ناكات، جارى وا هه‌یه‌ به‌ 3 رۆژ ئاومان پێنادرێت، بۆیه‌ ناچارین به‌م گه‌رماى هاوینه‌ بڕۆین و له‌ گونده‌كاتى تر ئاو بهێنین به‌ ته‌نكه‌ر.
 
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌گه‌ر ساڵانه‌ باران ببارێت باشه‌، ئه‌گه‌ر وه‌كپێویست نه‌بارێت، ئه‌وا سه‌رچاوه‌ى ئاومان هه‌ر نامێنێت به‌تایبه‌ت له‌ 2 ساڵى وشكه‌ ساڵیه‌كه‌ زۆر كێشه‌بو بۆ ئێمه‌.
 
هاوكات، عه‌لى محه‌مه‌د، ئه‌نجومه‌نى گوندى به‌ردى عه‌لى خوارو سه‌ر به‌ ناحیه‌ى قۆره‌تو، باس له‌ گرفتى سه‌رچاوه‌ى ئاوى گونده‌كه‌یان ده‌كات و ده‌ڵێت: گونده‌كه‌مان 6 ماڵى تیایه‌ و له‌ دواى راپه‌ڕینه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا گرفتى سه‌رچاوه‌ى ئاوى خواردنه‌وه‌مان هه‌یه‌، چونكه‌ گونده‌كه‌مان سه‌رچاوه‌ى ئاوى سوێره‌ و شیاو نیه‌ بۆ خواردنه‌وه‌، ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ بۆ مه‌ڕ و ماڵات به‌كارى ئه‌هێنین.
 
ده‌شڵێت: بۆ ئاوى خواردنه‌وه‌ى خۆمان ناچارین به‌ ته‌نكه‌ر ئاو له‌ گوندى حه‌وشكوڕوه‌وه‌‌ ئه‌هێنن و هاوكارمان بون و ئاومان پێده‌ده‌ن، له‌ كاتێكدا پێشتر حكومه‌ت به‌ ته‌نكه‌ر ئاوى بۆ ئه‌هێناین، به‌ڵام ساڵانیكه‌ نه‌یانهێناوه‌ و گرفتى سه‌رچاوه‌ى ئاویشمان تاوه‌كو ئێستا به‌رده‌وامى هه‌یه‌.
 
حكومه‌ت هه‌نگاوى ناوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى گرفتى سه‌رچاوه‌ى ئاوى ئه‌و گوندانه‌ى كه‌ كێشه‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌وته‌ى دانیشتوانى گونده‌كان، وه‌كپێویست نیه.
 
عه‌لى محه‌مه‌د، ئه‌نجومه‌نى گوندى به‌ردى عه‌لى خوارو، هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: له‌ ئێستادا بڕیاره‌ پرۆژه‌یه‌ك بهێنرێته‌ سنوره‌كه‌ و هاتون كه‌شفیان بۆ كرده‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پرۆژه‌یه‌ جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌كراوه‌.
 
دۆخه‌كه‌ بۆ گوندى زه‌ماوه‌نگه‌ش هه‌مان شێوه‌یه‌، وه‌ك ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ى وتى: حكومه‌ت پرۆژه‌یه‌كى به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ له‌ روبارى سیروانه‌وه‌ ئاومان بۆ بهێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ 2 ساڵه‌ تاوه‌كو ئێستا نه‌توانراوه‌ ته‌واو بكرێت.
 
له‌به‌رامبه‌ردا، نه‌وزاد حه‌مید، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوى ده‌وروبه‌رى گه‌رمیان ده‌ڵێت: له‌ ماوه‌ى 2 ساڵى وشكه‌ ساڵیه‌كه‌دا زیاتر له‌ 50 گوندمان كێشه‌ى سه‌رچاوه‌ى ئاوى بۆ دروست ببو و روبه‌ڕوى كه‌م ئاوى بونه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ماوه‌ى ئه‌م 2 ساڵه‌ى دوایی كه‌ رێژه‌یه‌كى باش باران باریوه‌ كێشه‌ى به‌شێكى زۆریان چاره‌سه‌ر بوه‌ و سه‌رچاوه‌ى ئاوه‌كانیان بوژاوه‌ته‌وه‌ و توانیومانه‌ گرفتى زیاتر له‌ 20 گوند له‌و گوندانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
 
وه‌ك ئه‌و به‌ڕێوبه‌ره‌ ئاماژه‌ى پێدا، به‌شێك له‌و پرۆژانه‌ به‌هاوكاری رێكخراوه‌كان كراوه‌، له‌وانه‌ رێكخراوى هاوكاریی ئه‌ڵمانیی. له‌ باره‌ى ئه‌وه‌ى حكومه‌ت خۆی چی كردوه‌ و چ پلانێكى هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى سه‌رچاوه‌ى ئاوى ئه‌و گوندانه؟ به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوى ده‌وروبه‌رى گه‌رمیان وتى: ئه‌مساڵیش نزیكه‌ى 10 گوندمان پرۆژه‌ى ئاوى بۆ ده‌رچوه‌ چ به‌ شێوه‌ى راسته‌وخۆ بێت كه‌ له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه‌ جێبه‌جێى بكه‌ین چ له‌ رێگه‌ى به‌ڵێنده‌رایه‌تیه‌وه‌ بێت.
 
رونیشیكرده‌وه‌: هه‌ندێك له‌و گوندانه‌ سه‌رچاوه‌ى ئاویان هه‌یه‌ نۆژه‌نى ده‌كه‌ینه‌وه‌ و هه‌ندێكیشیان له‌ روبارى سیروانه‌وه‌ ئاویان پێده‌گه‌یه‌نین، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى 10 گوندى دیكه‌مان هه‌یه‌ سه‌رچاوه‌ى ئاویان بوژاوه‌ته‌وه‌ به‌هۆى زۆرى رێژه‌ى بارانبارینه‌وه‌.
 
ئه‌و گوندانه‌شى كه‌ پلانه‌ ئه‌مساڵ ئیشیان بۆ بكرێت و سه‌رچاوه‌ى ئاویان پێ بگه‌یه‌ندرێت بریتین له‌: به‌ردى عه‌لى سه‌رو، به‌ردى عه‌لى خوارو، شێخ فه‌یزوڵڵا، زه‌ماوه‌نگه‌، ژاڵه‌ى سه‌فه‌ر، سه‌ید خه‌لیلى ده‌روێش، گه‌رمكى حاجى عه‌لى، پیره‌وه‌نى و سه‌ید كه‌وه‌ن‌.
 
ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى به‌پێى وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوى ده‌وروبه‌رى گه‌رمیان نزیكه‌ى 15 گوند له‌ سنوره‌كه‌ خۆیان سه‌رچاوه‌ى ئاویان بۆ خۆیان دروستكردوه‌ و ئه‌وان وه‌كو حكومه‌ت ته‌نها مۆڵه‌تى بیریان بۆ وه‌رگرتون و به‌هۆى قه‌ریرانى داراییه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ بۆیان ئه‌نجام بده‌ن.
 
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى له‌ ئێستادا چه‌ند گوندی گه‌رمیان گرفتى سه‌رچاوه‌ى ئاویان هه‌یه‌ و پرۆژه‌یان بۆ نه‌كراوه‌، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوى ده‌وروبه‌رى گه‌رمیان وتیشى: ته‌نها نزیكه‌ى 10 گوند گرفتى سه‌رچاوه‌ى ئاویان هه‌یه‌ و له‌ پلانماندایه‌ پرۆژه‌ى دابینكردنى ئاو بۆ ئه‌وانیش ئه‌نجام بده‌ین.




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,269,021     ژمارەی میوان 872