ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبیله‌كه‌ى به‌رپرسی لقی گه‌رمیانى پارتى چۆن رویدا؟

2024/07/15 - 02:27 | 541 جار بینراوە    
 
رادیۆی ده‌نگ
 
به‌یانى ئه‌مڕۆ ته‌قینه‌وه‌یه‌ك كه‌لاری هه‌ژاند، ئه‌گه‌رچی ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ روى به‌هێزیه‌وه‌ هێنده‌ به‌هێز نه‌بو و له‌روى زیانیشه‌وه‌ زیانى گیانى لێنه‌كه‌وته‌وه‌، به‌ڵام ده‌یان پرسیار و ئه‌گه‌رى وروژاندوه‌، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ى ته‌قینه‌وه‌كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ به‌رپرسی لقی گه‌رمیانى پارتى ئه‌نجامدراوه‌.
 
سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ دوشه‌مه‌ (15/7/2024)، له‌ كاتژمێر نۆ و نیوی به‌یانى، له‌ گه‌ڕه‌كى شه‌هیدانى قه‌زاى كه‌لار، ئۆتۆمبیلی ئه‌كره‌م ساڵح- به‌رپرسی لقی 22ـى گه‌رمیانى پارتى دیموكراتى كوردستان، له‌وكاته‌دا كه‌ خۆی له‌ناو ئۆتۆمبیله‌كه‌ بوه‌ و ویستویه‌تى بچێته‌ سه‌ر كار، ته‌قیه‌وه‌. روداوه‌كه‌دا جگه‌ له‌ سوتانى ئۆتۆمبیله‌كه‌، هیچ زیانێكى گیانی لێنه‌كه‌وته‌وه‌.
 
ئه‌كره‌م ساڵح، له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا، روداوه‌كه‌ى به‌ "كرده‌وه‌ى تیرۆرستى" وه‌سفكرد، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌كرد ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن لایه‌نى رێكخراوه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌. باسی له‌وه‌شكرد ته‌قینه‌وه‌كه‌ رێك له‌ شوێنى دانیشتنى ئه‌و له‌ ناو ئۆتۆمبیله‌كه‌ى دا كه‌ ریزی پشته‌وه‌ى شۆفێره‌، رویداوه‌.
 
پێیشیوابو چاودێریكراوه‌ و بۆمبه‌كه‌ به‌ كۆنترۆڵ پێیدا ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌ و به‌تایبه‌تى ئه‌وى به‌ ئامانج گرتوه‌، چونكه‌ وه‌كخۆی وتى: پێش ئه‌وه‌ى من سوارى ئۆتۆمبیله‌كه‌ ببم به‌ چاره‌كێك، ئۆتۆمبیله‌كه‌ هێنراوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام نه‌ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌ هه‌تا ئه‌وكاته‌ى من سه‌ركه‌وتم.
 
ئه‌نجامدانى ته‌قینه‌وه‌كه‌، زیاد له‌ گومان و پرسیارێكى دروستكردوه‌، به‌وه‌ى كێ له‌ پشتیه‌وه‌یه‌ و چۆن ئه‌نجامدراوه‌؟ ئه‌گه‌رچی پێشینه‌ى روداوى له‌مشێوه‌یه‌ هه‌بوه‌، به‌ڵام یه‌كه‌مجاره‌ به‌رپرسی لقێكى پارتى به‌مشێوه‌یه‌ به‌ ئامانج بگیرێت، به‌تایبه‌تى له‌ زۆنی ژێر ده‌سه‌ڵاتى یه‌كێتى "زۆنى سه‌وز".
 
له‌باره‌ى ده‌ستى پشته‌وه‌ى روداوه‌كه‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌كره‌م ساڵح و وته‌بێژی پۆلیسی گه‌رمیان، له‌ دو كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانیدا جه‌ختیان له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ چاوه‌ڕێی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌كه‌ن. وته‌بێژی پۆلیس باسی له‌وه‌كرد ئاسایش لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ روداوه‌كه‌ ده‌كات و به‌ڵگه‌ى پێویست كۆده‌كرێنه‌وه‌ چ هی ته‌قینه‌وه‌كه‌ و چ كامیراكانى چاودێریی.
 
ئه‌نجامدانى ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌، پاش هه‌فته‌یه‌ك دێت له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى كارگێڕیی لقی گه‌رمیانى پارتى، كه‌ جیاواز له‌ جارانى پێشو، شه‌ڕ و هه‌را و ناكۆكییه‌كى زۆری لێكه‌وته‌وه‌.
 
هه‌فته‌ى رابردو، ئه‌نجومه‌نى نوێی لقی گه‌رمیانى پارتى هه‌ڵبژێردرا، پێش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ چه‌ندین شه‌ڕ و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ له‌میانه‌ى به‌ڕێوه‌چونى هه‌ڵبژاردنى بازنه‌ و ناوچه‌كاندا له‌نێو خودی كادیره‌كانی پارتى دا رویاندابو، ته‌نانه‌ت ڤیدیۆی هه‌ندێك له‌و شه‌ڕانه‌ش بڵاوكرانه‌وه‌.
 
له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا، دو به‌ره‌ هه‌بون، به‌ره‌یه‌ك كه‌ به‌ ته‌كه‌تولی به‌رپرسی لق ناوده‌برا، له‌گه‌ڵ به‌ره‌یه‌كى دیكه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر یان دژى به‌ره‌كه‌ى به‌رپرسی لق بون. به‌ره‌كه‌ى به‌رپرسی لق سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌ى له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا به‌ده‌ستهێنا، به‌شێوه‌یه‌ك زۆرینه‌ى ره‌هاى ناوچه‌كانى ئه‌و حزبه‌ و ته‌واوى ئه‌نجومه‌نى نوێی لقه‌كه‌، له‌خۆیان بون.
 
به‌ڵام ئه‌م بردنه‌وه‌یه‌ هه‌روا به‌ ئاسانی به‌دیینه‌هات، به‌ڵكو چه‌ندینجار پێكهه‌ڵپژان و شه‌ڕ و هه‌راى لێكه‌وتوه‌، ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ هه‌ندێك له‌ هه‌ڵبژاردنى ناوچه‌كان دوابكه‌ون و رابگیرێن بۆ ماوه‌ى چه‌ند رۆژێك، هه‌روه‌ك ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى لقی گه‌رمیانى پارتیش له‌ باره‌گاى لقه‌كه‌ له‌ قه‌زاى كه‌لار ئه‌نجام نه‌درێت و ببرێته‌ باره‌گاى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى كه‌ركوك/ گه‌رمیانى پارتى له‌ هه‌ولێر.
 
له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا به‌رپرسی لقی گه‌رمیانى پارتى ره‌دیكرده‌وه‌ كرده‌وه‌كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ناكۆكیی ناوخۆیی حزبه‌كه‌یانه‌وه‌ هه‌بێت و به‌ كرده‌وه‌یه‌كى تیرۆریستی ناوزه‌دی كرد، به‌ڵام جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت چاوه‌ڕێی ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌كان بكه‌ن.
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,256,624     ژمارەی میوان 2196