سەرژمێریی دانیشتوان لە مێژوی عێراقدا

2024/07/11 - 06:28 | 578 جار بینراوە    
 
سالار حەسەن 
 
سەرژمێریی دانیشتوان واتا روپێوییەکی گشتگیر و هەمەلایە بۆ دانیشتوان کە تێیدا داتا کۆدەکرێتەوە دەربارەی ژمارەی دانیشتوان و دابەشبونی جوگرافی دانیشتوان و تەمەن و ئاستی خوێندەواری و ئاستی زانستی و دیانەت و و ئاستی داهات و چەندین لایەنی تری جوگرافی و کۆمەڵایەتی و ئابوریی دانیشتوان.
 
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە رونی بکەمەوە تەنها ژمارەی دانیشتوانە.
 
بۆ یەکەمجار لە ئینگلتەرا لە ساڵی 1066 سەرژمێریی ئەنجامدراوە و لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش ساڵی 1791 سەرژمێری ئەنجامدراوە و پاشان  فەرەنسا 1836 و بەلجیکا 1846 و یابان 1861 و ئەڵمانیا 1871 و هیندستان 1881 و سۆڤیەت 1897 سەرژمێری دانیشیوانیان ئەنجامداوە.
 
لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانیەوە تاوەکو ئێستا هەشت سەرژمێریی لە عێراقدا ئەنجامدراوە. سەرژمێرییەکان لەنێوان ساڵانی 1927 بۆ 1997 بوە، هەر دە ساڵ جارێک سەرژمێرییەک ئەنجامدراوە، بەڵام هەندێک جار بە هۆکارێک سەرژمێرییەکە پێشخراوە.
 
سەرژمێرییەکانی عێراق ئەمانەن:
 
یەکەم: سەرژمێریی ساڵی 1927
 
یەکەم سەرژمێرییە لە سەردەمی حکومەتی پاشایەتی عێراقی بندەستی بریتانی .ئەم سەرژمێرییە لەلایەن فەرمانگەی نفوسی گشتی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراقیەوە ئەنجامدراوە.
 
بەگوێرەی سەرژمێرییەکە ژمارەی دانیشتوانی عێراق 2 ملیۆن و 968 هەزار و 54 کەس بوە.
 
دوەم: سەرژمێريی ساڵی 1934 
 
ئەم سەرژمێرییە سێ ساڵ لە وادەی خۆی پێشخرا بەمەبەستی دەستکەوتنی ژمارەی دروستی دانیشتوان بۆ هەڵبژاردنی ئەو سەردەمە. هەر لەسەر بنەمای ئەم سەرژمێرییە "دەفتەر جنسیە" دراوەتە خەڵکی عێراق.
 
لە مانگی 10ـی 1934 کۆتایی پێهاتوە و لە مانگەکانی 8 و 9ـی ساڵی 1935 ئامارێکی تری تەواوکاری کراوە بۆ ئەو کەسانەی کە لە سەرژمێرییەکەی 1934دا تۆمار نەکراون.
 
بەپێی سەرژمێرییەکە ژمارەی دانیشتوانی عێراق 3 ملیۆن و 213 هەزار و 174 کەس بوە.
 
سێیەم: سەرژمێريی ساڵی 1947 
 
لە رۆژی 19 تشرینی یەکەمی ساڵی 1947 ئەنجامدراوە و هەمو شار و ناوچەکانی گرتوەتەوە. یەکەم سەرژمێرییە کە داتاکانی لە سێ گۆڤاردا بڵاوکراوەتەوە.
 
ژمارەی دانیشتوانی عێراق بەپێی ئەم سەرژمێرییە 4 ملیۆن و 816 هەزار و 185 کەس بوە.
 
چوارەم: سەرژمێریی ساڵی 1957
 
بە وردترین و باشترین سەرژمێریی دانیشتوانی عێراق دادەنرێت .لە مانگی دەی ساڵی 1957 ئەنجامدراوە و بەپێی سەرژمێرییەکە ژمارەی دانیشتوانی عێراق 6 ملیۆن و 536 هەزار و 109 کەس بوە.
 
پێنجەم: سەرژمێریی ساڵی 1965 
 
ئەم سەرژمێرییە دەبوایە لە ساڵی 1967 ئەنجام بدرایە، بەڵام لەبەر ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن سەرژمێرییەکە دو ساڵ پێشخرا.
 
لە مانگی دەی ساڵی 1965 ئەنجامدراوە و ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتە 8 ملیۆن و 261 هەزار و 527 کەس.
 
شەشەم: سەرژمێریی ساڵی 1977
 
یەکەم سەرژمێرییە کە لەلایەن دەزگای ئاماری عێراقەوە ئەنجامدراوە لە کاتێکدا پێنج سەرژمێرییەکەی پێشتر لەلایەن دائیرەی نفوسی سەربە وەزارەتی ناوخۆوە ئەنجام درابو.
 
دیسانەوە سەرژمێرییەکە لە مانگی دەدا ئەنجام درا.
 
ژمارەی دانیشتوانی عێراق بەپێی سەرژمێرییەکە گەیشتە 12 ملیۆن و 497 کەس.
 
حەوتەم: سەرژمێریی ساڵی 1987
 
لە مانگی دەی ساڵی 1987 ئەنجامدراوە بەهۆی جەنگی عێراق ئێرانەوە  ناوچە سنورییەکانی عێراق ئێراندا  نەگرتوەتەوە.
 
ژمارەی دانیشتوانی عێراق لەم سەرژمێرییەدا 16 ملیۆن و 335 هەزار و 199 کەس بوە.
 
هەشتەم: سەرژمێریی ساڵی 1997
 
لە مانگی دەی ساڵی 1997 لە پانزە پارێزگای عێراق ئەنجامدراوە و سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانی نەگرتوەتەوە.
 
ژمارەی دانیشتوانی عێراق 19 ملیۆن و 184 هەزار 543 کەس بوە.
 
دەبوایە لە ساڵەکانی 2007 و 2017ەوە دو سەرژمێری لە عێراقدا بکرایە، بەڵام بە کۆمەڵێک هۆکار تائێستا  لەدوای روخانی حکومەتی بەعسەوە، هیچ سەرژمێرییەک لە عێراق نەکراوە.
 
لە ئێستا وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڕیاریداوە لە ساڵی 2025 سەرژمێریی گشتی دانیشتوان ئەنجام بدات.
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,256,785     ژمارەی میوان 2355