له‌گه‌رمیان پاشماوه‌ پزیشكییه‌كان له‌بری ئه‌وه‌ى له‌ناوببرێن كه‌چى ده‌شاردرێنه‌وه‌

2024/07/15 - 04:11 | 374 جار بینراوە    
 
رادیۆی ده‌نگ- شیرین ئه‌حمه‌د
 
له‌ گه‌رمیان ئه‌و پاشماوانه‌ى له‌ نه‌شته‌رگه‌ریی و برینپێچیی و كاره‌كانى دیكه‌ى بوارى پزیشكییدا ده‌مێننه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌رزی و ده‌رمانانه‌ى كه‌ به‌كارده‌هێنرێن، وه‌ك هه‌ر پاشماوه‌یه‌كى تر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ چاره‌سه‌رێك بكرێن، ده‌خرێنه‌ ژێر خاك.
 
پاشماوه‌ پزیشكییه‌كان، له‌و جۆره‌ تایبه‌تانه‌ى پاشماوه‌ن كه‌ ده‌بێت به‌ شێوازی تایبه‌تى له‌ناوببرێن، چونكه‌ به‌پێی داتاكانى رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى، ئه‌گه‌رچی ته‌نها 15%ـى پاشماوه‌ پزیشكییه‌كان ژه‌هراویی و مه‌ترسیدارن، به‌ڵام هه‌مویان ده‌بێت به‌شێوازی زانستی و تایبه‌ت له‌ناو ببرێن، چونكه‌ لێكه‌وته‌یان هه‌یه‌ بۆسه‌ر ته‌ندروستی گشتى.
 
له‌گه‌رمیاندا ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ ره‌چاو نه‌كراوه‌، به‌ڵكو پاشماوه‌ پزیشكییه‌كان وه‌كو هه‌ر پاشماوه‌یه‌كى دیكه‌ى ئاسایی كۆده‌كرێنه‌وه‌ و ژێرخاك ده‌كرێن.
 
د. سیروان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پاشماوه‌ پزیشكییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى نازانستى له‌ناوده‌برێن، كه‌ ئه‌مشێوازه‌ش زۆرتر شاردنه‌وه‌یانه‌ له‌ژێر خاك وه‌ك له‌وه‌ى له‌ناوبردن یان چاره‌سه‌ركردنیان بێت.
 
وتی: دو جۆر پاشماوەی پزیشکی هەیە، یەکێکیان گۆشتە و بە ئامێری تایبەت لەناودەبرێت، ئه‌وه‌كه‌ى دیكه‌ش پاشماوەی ترن و پێویستی بە سوتێنەرێکە بۆ لەناوبردنی.
 
 
به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ته‌ندروستى گه‌رمیان سوتێنه‌ر "محرقه‌"ـى نیه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى هه‌یه‌تى ئامێرێكه‌ بۆ له‌ناوبردنى پاشماوه‌ پزیشكییه‌كانى وه‌كو ده‌رزى و شوشه‌ و هی دیكه‌.
 
هه‌ڵگورد حه‌مید، به‌ڕێوبه‌رى مه‌ڵبه‌ندى ته‌ندروستى شێروانه‌ له‌كه‌لار، هاوكات سه‌رپه‌رشتیاری ئامێره‌ تایبه‌ته‌كه‌ى ته‌ندروستى گه‌رمیانه‌ بۆ له‌ناوبردنى هه‌ندێك له‌ پاشماوه‌ پزیشكییه‌كان، بۆ رادیۆی ده‌نگ وتى: ئامێرەکە ناوی (ئۆتۆکلیڤ کراشەر)ـە و تایبەتە بە مەوادی تیژ و شوشە و ئاسن، كه‌ ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ دەهاڕێت و پاكژیان ده‌كات.
 
دەشڵێت: ئامێرەکە رۆژانە دەتوانێت نزیکەی 60 کیلۆ لە پاشماوەی پزیشکی به‌ هاڕین و تەعقیمكردن چاره‌سه‌ر بكات.
 
به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌، بۆچى سوتێنه‌ر له‌ناوچه‌كه‌دا نییه‌ یان بۆچی هه‌وڵ بۆ دروستكردن و دانانى نه‌دراوه‌؟
 
ئه‌م پرسیاره‌مان روبه‌ڕوى به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان كرده‌وه‌ و له‌ وه‌ڵامدا وتى: لە ساڵەکانی 2019 و 2020 و 2021 نوسراومان کرد بۆ دابینکردنی زەوی و دروستکردنی سوتێنەرێک، زەویەکەمان وەرگرت لە دەرەوەی ناحیەی رزگاریی، به‌ڵام بەهۆی ئەوەی کۆمەڵێك جوتیار رێگریان لێکردین، بۆیە كاره‌كه‌ دواكه‌وت و به‌مه‌ش ئه‌و پاره‌یه‌ى بۆمان ته‌رخانكرابو "تخصیصات" ساڵه‌ داراییه‌كه‌ى به‌سه‌رچو، بۆیه‌ جارێكى دیكه‌ نوسراومان كرد به‌مه‌به‌ستى ره‌زامه‌ندیدان بۆ "تخصیصاتێكى" تر، به‌ڵام ئه‌و نوسراوه‌مان له‌ سه‌ره‌وه‌ ره‌د كرایه‌وه‌.
 
له‌ئێستادا پاشماوه‌ پزیشكییه‌كان، ته‌نها به‌شێكیان له‌ناوده‌برێن كه‌ ئاسن و شوشه‌ و بابه‌تى تیژن، ئه‌ویش به‌ته‌نها له‌ناوه‌نده‌ حكومییه‌كان، ئه‌گینا له‌ نه‌خۆشخانه‌ و ناوه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌ ئه‌هلییه‌كاندا، ئه‌وه‌ش نییه‌.
 
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى بۆچی سود له‌ ئامێری  (ئۆتۆکلیڤ کراشەر)ـەكه‌ى مه‌ڵبه‌ندى ته‌ندروستى شێروانه‌ وه‌رناگیرێت بۆ له‌ناوبردنى پاشماوه‌ پزیشكییه‌كانى كه‌رتى تایبه‌ت، هه‌ڵگورد حه‌مید- به‌ڕێوبه‌رى مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ وتى: ئامێرەکە لەتوانایدا هه‌یە پاشماوەی پزیشکی تەواوی سنورەکە چارەسەر بکات، بەڵام گرفتی نەبونی کارمەندی هەیە.
 
هیچ ئامارێكى ورد له‌باره‌ى قه‌باره‌ى پاشماوه‌ پزیشكییه‌كان له‌ كه‌رتى حكومى و تایبه‌تدا له‌ گه‌رمیان به‌رده‌ست نییه‌، به‌ڵام به‌پێی خه‌مڵاندنى به‌رپرسانى ئه‌و بواره‌، رێژه‌كه‌ى ده‌یان كیلۆیه‌ له‌ رۆژێكدا، زۆرینه‌ى ئه‌م پاشماوانه‌ش به‌بێ چاره‌سه‌ر ده‌خرێنه‌ ژێرخاك، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌پێی رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى، هه‌م مه‌ترسی ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ زه‌ویه‌كه‌ پیس ده‌كات و تێكه‌ڵ به‌ ئاوی ژێرزه‌وی ده‌بێت، هه‌میش مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكییه‌وه‌ ده‌ربهێنرێته‌وه‌ و به‌كاربهێنرێته‌وه‌، له‌ هه‌ردو حاڵه‌ته‌كه‌شدا لێكه‌وته‌ و زیانى زۆری ته‌ندروستى هه‌یه‌ و ده‌بێته‌ مایه‌ى بڵاوبونه‌وه‌ى نه‌خۆشی و په‌تا.
 
تاڤگه‌ كه‌ریم، په‌رستاره‌ له‌ كه‌لار، له‌ باسكردنى ئه‌م مه‌ترسییه‌دا ده‌ڵێت: به‌هۆی نه‌بونى سوتێنه‌ره‌وه‌، گه‌رمیان روبه‌ڕوى مه‌ترسی بڵاوبونه‌وه‌ى په‌تا و ڤایرۆس ده‌بێته‌وه‌ و رۆژانه‌ش ئه‌م مه‌ترسیه‌ دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌.
 




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,091,776     ژمارەی میوان 1255