دەنگ نێت
نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ لەکەلار دەڵێت: وەزیری پەروەردە پێی وتوین نوسراومان کردوە بۆ حکومەتی عێراق و چاوەڕێی وەڵامین بۆ بەگرێبەستبونی وانەبێژان، ئەگەرنا خۆمان دەتانکەین بە گرێبەست.
مەجید محەمەد، بە رادیۆی دەنگی وت: لە کۆبونەوەی چەند رۆژی رابردودا، وەزیری پەروەردە پێی راگەیاندین لە ماوەکانی رابردودا نوسراویان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆکەکەی کردوە، بەمەبەستی بەگرێبەستبونی وانەبێژان و هەڵسەنگاندنی ئەو بودجەیەی کە دەبێت بۆ بەگرێبەستبونی وانەبێژان تەرخان بکرێت، کە خۆی دەبینێتەوە لە ١٨ ملیار دیناری مانگانە.
باسی لەوەشکرد: وەزیری پەروەردە لە پرسیاری ئەوەی کە ئایا ئەگەر وەڵامنەدرێینەوە چی دەکەن؟ لەوەڵامدا وتویەتی لەو حاڵەتەدا خۆمان بەگرێبەستبونتان رادەگەیەنین و سود لەداهاتی ناوخۆ دەبینین و تاڕادەیەک دەتوانین ئەو بودجەیە تەرخانبکەین.
بەپێی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان ٣٧ هەزار ٧٣٤ کەسە، کە نزیکەی هەزار و ١٧٥ وانەبێژیان لە سنوری ئیدارەی گەرمیانن.