هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانى پارتى له‌گه‌رمیان: ئاڵۆزیی و ئاله‌نگاریی

2024/06/28 - 10:05 | 818 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت
 
هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ گه‌رمیان كێشه‌ و ئاڵۆزیی تێده‌كه‌وێت، به‌وهۆیه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ ناوچه‌یه‌كى ئه‌و حزبه‌ راده‌گیرێت و ژماره‌یه‌ك كادیری دیكه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ و راگه‌یاندنى هه‌ڵوێست ده‌كه‌ن.
 
هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانى پارتى دیموكراتى كوردستان چه‌ند رۆژێكه‌ له‌سه‌رجه‌م لقه‌كانى ئه‌و حزبه‌ ده‌ستیپێكردوه‌، له‌ گه‌رمیانیش به‌هه‌مانشێوه‌.
 
هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ له‌ خوارى خواره‌وه‌ى رێكخستنه‌كانى ئه‌و حزبه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات هه‌تا ئاستى كارگێڕی لقه‌كان كه‌ به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و حزبه‌ن له‌ ناوچه‌كان له‌ خوار لێپرسراوی لقه‌وه‌ (هه‌ڵبژاردن بۆ لێپرسراوی لق ناكرێت).
 
سه‌ره‌تا بنكه‌كان رێكخراوه‌كان هه‌ڵده‌بژێرن و ئه‌وانیش پێنج كارگێڕی ناوچه‌ هه‌ڵده‌بژێرن و ئەوانیش لێپرسراوی ناوچە لەنێو خۆیان هەڵدەبژێرن. دواتر كارگێڕانى ناوچه‌كان و به‌رپرسی ناوچه‌كان، كارگێڕانى لق هه‌ڵده‌بژێرن.
 
له‌ گه‌رمیاندا تائێستا هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌مو ئاسته‌كاندا كراوه‌ و ته‌نها هه‌ڵبژاردنى كارگێڕانى لق ماوه‌ كه‌ بڕیاره‌ سبه‌ى شه‌مه‌ به‌ڕێوه‌بچێت.
 
ده‌ره‌نجامه‌كان تائێستا
 
له‌كۆی (7) ناوچه‌ى پارتى له‌ گه‌رمیان، تائێستا له‌ (6) ناوچه‌یان هه‌ڵبژاردن كراوه‌ و ته‌نها ناوچه‌ى باوه‌نور ماوه‌ كه‌ به‌هۆی كێشه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنى تێدا نه‌كراوه‌.
 
ده‌ره‌نجامى هه‌ڵبژاردنى لێپرسراوى ناوچه‌كانیش به‌مشێوه‌یه‌یه‌:
1. ناوچه‌ى كه‌لار: وریا عه‌لی
2. ناوچه‌ى گوڵان "كه‌لار": رێبوار مسته‌فا
3. ناوچه‌ى كفری: كۆچه‌ر ئه‌كبه‌ر حاجی رۆسته‌م
4. ناوچه‌ى ده‌به‌ندیخان: موسلیم مه‌لا تایه‌ر
5. ناوچه‌ى رزگاری: سەرکەوت عەلی
6. ناوچه‌ى مه‌یدان: كارزان محه‌مه‌د زاهید
 
له‌ باوه‌نور هه‌ڵبژاردن راگیراوه‌
 
به‌هۆی ته‌واونه‌بونى نیساب و بونى كێشه‌وه‌، هه‌ڵبژاردن له‌ ناوچه‌ى باوه‌نور تائێستا ئه‌نجام نه‌دراوه‌، له‌كاتێكدا بڕیاره‌ سبه‌ى هه‌ڵبژاردنى كارگێڕانى لق ئه‌نجام بدرێت و ده‌بێت پێش ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌، هه‌ڵبژاردنى ئۆرگانه‌كانى تر ته‌واو بوبن.
 
هه‌ڵبژاردن له‌ ناوچه‌ى باوه‌نور كێشه‌ى تێكه‌وتوه‌ به‌هۆی كێبڕكێی نێوان دو كاندیدی سه‌ره‌كی بۆ لێپرسراوى ناوچه‌ (پشتیوان محەمەد و ئه‌كره‌م فه‌ره‌ج).
 
به‌هۆی بونى كێشه‌وه‌، هه‌ڵبژاردن له‌ رێکخراوی ئاشتی لە ناوچەی باوەنور به‌ بڕیاری هیوا ئەحمەد مسته‌فاـى سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئاماده‌كاری هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌ئاستى سه‌ركردایه‌تى كه‌ركوك- گه‌رمیان، راگیرا؛ دواتر هه‌ر خۆی بڕیاری دابو كه‌ به‌ ئاماده‌بونى سێ له‌سه‌ر چوارى نوێنه‌ره‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كان هه‌ڵبژاردن لە ناوچەی باوەنور بكرێت، به‌ڵام كێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و سێ له‌سه‌ر چواره‌ كه‌ نیسابه‌ بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ى باوه‌نور، پێكنایه‌ت؛ چونكه‌ هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌ى مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌، نایه‌ن بۆ ده‌نگدان به‌هۆی ترسیان له‌ ده‌رنه‌چونى كاندیده‌كه‌یان، به‌مه‌ش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ په‌كی كه‌وتوه‌.
 
دروستبونى شه‌ڕ و ئاڵۆزی
 
له‌ چه‌ند شوێنێكدا شه‌ڕ و ئاڵۆزی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا دروستبوه‌، به‌تایبه‌تى له‌ كه‌لار و مه‌یدان و رزگاریی. له‌كه‌لار شه‌ڕى ده‌سته‌ویه‌خه‌ى تێكه‌وتوه‌ و ڤیدیۆی یه‌كێك له‌و شه‌ڕانه‌ش له‌ سۆسیال میدیادا بڵاوبوه‌ته‌وه‌، له‌ مه‌یدانیش كێشه‌ و ئاڵۆزیی وایكرد هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ته‌گه‌ره‌ى تێبكه‌وێت و دواتر چاره‌سه‌ر كرا، له‌ رزگارییش به‌هه‌مانشێوه‌ ئاڵۆزی دروستبو و گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌وه‌ى كادیرێك رایبگه‌یه‌نێت كه‌ دو سبه‌ى كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانیی ده‌كات له‌سه‌ر ده‌ستوه‌ردانى به‌رپرسێك له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ كه‌ به‌وته‌ى خۆی ئه‌و به‌رپرسه‌ "كوڕه‌ جاشه‌".
 
ئەوانەی ناڕازین لە هەڵبژاردنەکە و دەرەنجامەکەی، بەرەی بەرامبەر بەپێدانی بەڵێن و دەستکەوتی مادیی بۆ گۆڕینی بۆچونی بەشێک لە کادیرە دەرچوەکان تۆمەتبار دەکەن.
 
له‌باوه‌نوریش به‌هه‌مانشێوه‌، به‌وهۆیه‌ى نه‌توانراوه‌ هه‌ڵبژاردنى ناوچه‌ تائێستا بكرێت، هه‌ربۆیه‌ زیاد له‌ جارێك ئاڵۆزی و شه‌ڕ دروست بوه‌.
 
ململانێی به‌ره‌كان
 
له‌ هه‌ڵبژاردنى رێكخسته‌كانى گه‌رمیان، دو به‌ره‌ى زه‌ق ململانێی یه‌ك ده‌كه‌ن، به‌ره‌ى لێپرسراوی ئێستای لق و به‌ره‌ى به‌رامبه‌رى كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك كارگێڕ لق پێكدێن.
 
تائێستا ده‌ره‌نجامه‌كان زیاتر به‌ قازانجی به‌ره‌ى لێپرسراوى لقه‌، چاویشیان له‌وه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى كارگێڕانى لقیشدا درێژه‌ به‌م سه‌ركه‌وتنه‌ بده‌ن.
 
به‌ڵام له‌ باوه‌نور دۆخه‌كه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه‌، به‌ره‌ى به‌رامبه‌ر به‌هێزتره‌ له‌ به‌ره‌ى لێپرسراوی لق و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ئه‌گه‌ر گۆڕانكاریی له‌ ده‌نگى ئه‌وانه‌ى مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌ نه‌یه‌ته‌ پێش و هه‌ڵبژاردن بكرێت؛ كاندیده‌كه‌ى ئه‌و به‌ره‌یه‌ بۆ لێپرسراوى ناوچه‌، سه‌ركه‌وتو بێت.
 
ئاله‌نگارییه‌ گه‌وره‌كه‌ سبه‌ینێیه‌
 
سبه‌ینێ هه‌ڵبژاردنى كارگێڕانى لق ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ پڕه‌ له‌ ئاله‌نگاریی، چونكه‌ ژماره‌ى كارگێڕی لقه‌كان كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ بۆ نزیكه‌ى نیوه‌ (6 كارگێڕ كه‌ پێنجیان پیاو و یه‌كێكیان ژنه‌)، هه‌ربۆیه‌ كێبڕكێكه‌ گه‌رمه‌ له‌نێوان كاندیده‌كاندا.
 
هه‌روه‌ها دابه‌شبونى كاندیده‌كانیش بۆسه‌ر به‌ره‌ جیاوازەکان، هێنده‌ى تر هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی قورسکردوە.
 
بۆیه‌ سبه‌ى به‌ نیسبه‌ت پارتییه‌وه‌ له‌ گه‌رمیان قورس ده‌بێت، ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و حزبه‌وه‌ ده‌ستپێشخه‌ریی نه‌كرێت بۆ هێوركردنه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ و به‌ڕێوه‌چونى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى ئاسایی.
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,268,959     ژمارەی میوان 828