باران سهعید حاجی
مناڵان لە هەر شوێنێکی جیهاندابن، لە هەر نەتەوە و رەگەزێک بن، سیمبولی جـوانی و خۆشەویستی و دڵـپاکی و بێتاوانی و راستگۆیین.
دەستنیشانكردنی رۆژێكی جیهانی تەرخانكراو و تایبەت بەچین و توێژێكی كۆمەڵ، دیاردەیەكی پێویستی جیهانییە و لەتەواوی دونیادا فۆرم و تایبەتمەندی جیاجیای لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتوە.
رۆژی مناڵیش بەگوێرەی ئەو مێژوەی هەیەتی و بەشێكی دانەبڕاوی واقیعە، تاوەكو ئەم ساتە وەختەش بەردەوامی هەیە.
رێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان لەزوەوە بۆ رێگەگرتن و كەمكردنی شوێنەوارەكانی شەڕلەسەر مناڵان بە تایبەتی لەساڵی 1954 بەئەركی خۆی زانی داوا لەوڵاتانی دونیا بكات رۆژێكی تایبەت بۆمناڵان هەبێت و بەجیهانییش بكرێت و وەكو راسپاردەی ئەم رێكخراوە بچەسپێنرێت. ئەوەبو رێكەوتی 20ـی نۆڤەمبەری 1954 مافەكانی مناڵ نوسران و دواتر واژۆكرا، هەروەها 20ـی نۆڤەمبەری 1989واژۆ لەسەر رێكهوتننامهكه و بڕگە و ماددەكانی كراو لەلایەن 191 وڵاتەوە پەسەندكرا، پێشتریش ئەم یادە یەكەمجار و لەلایەن رێكخراوی ژنانی دیموكراتی نێودەوڵەتییەوەو لەنۆڤەمبەری 1949ـدا و لەكۆنگرەی پاریسدا بڕیارێكیان سەبارەت بە رۆژی جیهانی مناڵان چەسپاندبو، بەپێی ئەو بڕیارە 1/6/1950 بە رۆژی جیهانی مناڵان دەستنیشانكرابو.
رۆژی جیهانی مناڵ رۆژێكە لەپێناوی بەگژداچونەوە و قبوڵنەكردنی توندوتیژی دژی مناڵان، وەستانە لەبەرامبەر ناڕەواییكردن و گوێپێنەدانی گەوران لەهەمبەر مناڵانیان، هەوڵێكی جددییە بۆ دانانی سنورێك لەبەرامبەر قۆرخكردن و بەكارهێنانی مناڵ بۆ مەرامی ناڕەوا. لەهەمانكاتیشدا تەقەلایەكە بۆ بەفەرمی ناساندن و كارپێكردنی بڕگە و ماددەكانی مافەكانی مناڵ لەگشت نێوەندەكانی كۆمەڵگا بە گشت سێكتەرەكانییەوە، هاوكات رێگەخۆشكەرێكیشە بۆ چاندنی تۆوی برایەتی و ئاشتی و تەبایی لەنێوان مناڵاندا لەهەر رەنگ و رەگەز و ئایین و مەزهەبێك بن و لەهەركوێیەكی ئەم دونیایە بن.
دەبیێت هەمیشە هەوڵ بدرێت گرنگی بە مافەكانی مناڵ بدرێت، چونكە کاریگەری پێنەدانی ماف لەسەر مناڵان لە گەورە بونیاندا رەنگدەداتەوە و ئەمەش کارەساتی گەورە بە دوای خۆیدا دەھێنێت بۆ خێزان و بۆ کۆمەڵگه بە گشتی، بۆیە ھەمیشە مافی تەواو بە مناڵان بدرێت، پێنەدانی ماف رەنگە ببێتە ھۆکاری دروستبونی کەسێکی توندوتیژ یاخود کەسێکی نا ئارام یاخود کەسێکی بێ متمانە بە خودی خۆی ھەمو ئەم ھۆکارانەو چەندین ھۆکاری تریش بە تەواوی لە دوای قوناغی مناڵی و ھەرزەکاری رەنگ دەداتەوە.
ئەم مافانەش لە دهستور و چەندین یاسای كارپێكەر لە هەرێمی كوردستان و عێراق بونیان هەیە.
لە دەستورى عێراق لە ساڵى 2005 دهرچوێنراوه، بە گوێرەى ماددەى 30، دابینکردنى خزمهتگوزاریی تەندروستى و کومەڵایەتى بۆ خێزان و مناڵ لە لایەن دەوڵەتەوە كراوه به مهرج بهسهر حكومهتهوه و پێویستە حکومەت بە بەباشى و کەشێکى ئارام و ژیانێکى ئاسودە بۆ مناڵان دابین بکات.
هەروەها بەگوێرەى یاساى بارى کەسێتى ژمارە (188)ـى ساڵى 1959، دهبێت مناڵ ناو و رەگەزنامە و نەسەب و مافى بژێوى و بەخێوکردنی له ژینگهیهكی ئارامدا ههبێت.
لەیاساى کاری ژمارە 37ـى ساڵی2015ـداو لە ماددەى 95ـى یاساكهدا هاتوە: نابێت مناڵ هەمو جۆرە کارێک بکات بەتایبەت ئەو کارانەى کە قورسن و کاریگەریى لە تەندروستى ئەوان بکات، نابێت بەکاربهێنرێن بو کارى بازرگانى و بە گوێرەى یاسا ئەو ئیشە به تاوان ههژمار دهكرێت.