ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
ره‌فتاری تاوانكاريی بە لای فرۆیدەوە

2024/06/25 - 09:54 | 239 جار بینراوە    
 
باران سه‌عید حاجی
 
گومانی تێدا نیە كە مرۆڤ لە سەرەتای لە دایكبونیەوە بە چەندین قۆناغی جیاواز تێپەڕ دەبێت كە هەر یەك لەم قۆناغانە كاریگەریان بەسەر مرۆڤەوە هەیە و گۆڕانكاری تیادا رودەدات چ لە روی جەستەیی بێت یان لە لایەن دەرونی. ئەوەی كە ئێمە لێره‌دا دەمانەوێت قسەی لەسەر بكەین بریتیە لە لایەنی دەرونی و كاریگەری بەسەر رەفتاری تاوانكاریی، هەوڵدەدەین دەرون شی بكەینەوە وەكو فاكتەر و پاڵنەرێك بۆ رەفتاری تاوانكاری بە پشت بەستن بە بیردۆزی فرۆید. 
 
فرۆید كەسێتی مرۆڤی بۆ سێ بەش دابەش كردوە كە هەریەك لەو بەشانە خەسڵەت و سیمای خۆی هەیە، كە جیاوازە لەگەڵ تایبەتمەندیەكانی بەشەكانی دیكە، زۆرجاریش دژ بەیەكترن و لەململانێدان، بەڵام لەیەكتری جیانابنەوە و كەسێتی مرۆڤ بەهۆی كاركردنی ئەم سیانەوە دیاریدەكرێت:
 
یەكەم: ئەو id. بەگەورەترین بەشی پێكهاتەی دەرونی لەكەسێتیدا دادەنرێت، سەرچاوەی غەریزە و خواستە سەرەتاییەكانی مرۆڤە و لەسەر بنەمای تێركردنی حەز و ئارەزو دەڕوات. هەروەها پڕە لەغەریزە و پێداویستیە فیسیۆلۆژیەكان و كۆنترین پارچە و بەشی كەسێتییە، كاتێك مرۆڤ لەدایكدەبێت تەنیا ئەم بەشەی هەیە و لەگەڵیدا لەدایك دەبێت و بەدرێژایی ژیانیشی هەر لەگەڵیدا دەمێنێتەوە. ئەم بەشە لەگشت بۆماوە و پێداویستی و حەزو ئارەزوە ئاژەڵیەكان پێكهاتوە.
 
ئەو دور لە گشت یاسا و پرەنسیپە لۆژیكییەكانی مرۆڤ كاردەكات و هیچ شتێك دەربارەی دابونەریت و ئاكاری جوان و هەروەها بەهای كۆمەڵایەتی نازانێت و گۆێڕایەڵیان نابێت، هەمو هەوڵێكی لە پێناو بەدەستهێنان و پڕكردنەوەی حەز و ئارەزوەكانیەتی.
 
بۆ نمونە مناڵی شیرەخۆر ئەگەر برسی بێت یان تینو بێت، لەهەر شوێنێكدا بێت ئەوا دەستدەكات بەگریان، یان میزەڵدانی پڕ بو خۆی لێ رزگار دەكات ئەگەر لەباوەشی گەورەترین مرۆڤدا بێت، چونكە ئەو ساوایە دەیەوێت بەهەر شێوەیەك بێت ئەو پێداویستیانەی تێر بكات
.
دوەم: من  ego. رەگەزی دەرونییە لەكەسێتیدا، لەسەر بنەمای لۆژیك دەڕوات و هەوڵدەدات گشت یاساكانی مرۆڤ جێبەجێ بكات و پەیوەستە لەگەڵ واقیع، بە پشتبەستن بە ئەقڵانیەت هەوڵدەدات كە كۆنتڕۆلی كارەكانی ئەو بكات.
 
فرۆید دەڵێت: كار و ئەركی من زۆر گران و ئەستەمە، لەبەر ئەوەی دەبێت هاوسەنگی لە نێوان سێ شت دروست بكات كە بریتین لە:  ئەو، واقیع و جیهانی دەرەوە و منی باڵا.
 
ئەو دەیەوێت وەك ئاژەڵ پێداویستیە فیسیۆلۆژیەكانی تێر بكات، هەروەها فشار دەخاتە سەر من، لەلایەكی دیكەوە منی باڵا فشاری تایبەتی خۆی دەخاتە سەر من و ناهێڵێت بەشێوەیەكی ئاژەڵی و سەرەتایی و مناڵانە هەڵسوكەوت بكات و توشی ئازاری ویژدان و هەستكردن بە تاوان بێت، هەروەها واقیع و جیهانی دەرەوەش پێداویستی و مەرجی تایبەتی خۆی هەیە و من ناتوانێت لێیان دەربچێت، چونكە بەزاندنی سنوری جیهانی دەرەوە و دابونەریتی كۆمەڵایەتی، كۆمەڵێك ئاریشه‌ و گرفت بۆ من دروست دەكات.
 
لەبەرئەوە توانا و لێهاتوی من لەوەدا دەردەكەوێت، كە بتوانێت هەندێك لەحەز و ئارەزو و پێداویستیە فیسیۆلۆژییە ئاژەڵییەكانی ئەو لەبەرگ و كاڵایەكی كۆمەڵایەتیدا تێر بكات، كە لەڕێگەیەوە بتوانێت دڵی ئەو رازی بكات، لەهەمان كاتدا لەسنوری جیهانی دەرەوە و دابونەریت دەرنەچێت و منی باڵاش زویر نەبێت، بەڵام ئەم كارە ئەوەندە ئاسان نییە و "من"ێكی بەهێزو پتەوی پێویستە.
 
سێیەم: منی باڵاsuper ego . رەگەزی مۆرالێ و كۆمەڵایەتییە لەكەسێتیدا، لەسەر بنەمای بەهای ئاكاری بەرز دەڕوات و گوزارشت لەهەمو ئەو بەها كۆمەڵایەتیانە دەكات، كە لەمناڵیەوە فێری دەبین و دەبێتە بەشێك لە ئاكارمان.
 
منی باڵا بەها مۆراڵی و نمونەییەكانی كۆمەڵگەی مرۆیی دەنوێنێت و كار بۆ سەركوتكردنی من دەكات، تا ئامانجە كۆمەڵایەتییەكانی بەئامانجی مرۆیی بگۆڕێت و بەردەوام هەوڵی تەواو دەدات و دەیەوێت من رازی بكات كە رەفتار بەرەو ژیانی كۆمەڵایەتی ئاڕاستە بكات و ئامانجەكانی بەئامانجی مرۆیی بگۆڕێت.
 
فرۆید دەڵێت: ئەو و منی باڵا بەردەوام لەململانێدان و رۆڵی من راگرتنی ئەو باڵانسەیە، كاتێك ئەو باڵانسە تێكدەچێت، مرۆڤ توشی شڵەژانی دەرونی دەبێت.
 
منی باڵا بەشی سێیەمی كەسێتی مرۆڤە، كە لەئەنجامی پەروەردە و بەكارهێنانی پاداشت و سزا لەلایەن دایك و باوك و كەسانی چواردەورەوە دروست دەبێت. منی باڵا نوێنەری بەها و دابونەریت و ئاكاری كۆمەڵایەتییە لەناو خودی مرۆڤدا، هەروەها وەك دراوێك وایە دوڕوی هەیە، روی یەكەمی ناودەبرێت بەمنی نمونەیی كە بریتییە لەلاساییكردنەوەی ئاكارە جوانەكانی دایك و باوك و مامۆستا ئەو كەسانەیە كەوا پەروەردەی دەكەن هەمیشە وەكو نمونە تەماشایان دەكات و هەوڵدەدات ئاكار و هەڵسوكەوتەكانیان دوبارە بكاتەوە، هەروەها بە پاداشتكردنە لە لایەن ئەوانەوە لەسەر ئەو كارە باشانەی كەوا ئەنجامیان دەدات.
 
بەڵام روی دوەمی منی باڵا ناودەبرێت بە ویژدان كە ئەمیش بریتییە لەهێزێكی ناوەكی كە ئەگەر تاك كارێكی نابەجێ و ناشرین دژ بە دابونەریتی كۆمەڵایەتی بكات، ئەوا سزا و سەرزەنشتی من دەكات.
 
منی باڵا بڕیاردەری یەكەمە لەسەر باش و خراپی چالاكیەكانی من، ئەویش بەپێی دابونەریت و پێوەری كۆمەڵایەتی، هەوڵدەدات بۆ سەركوتكردنی پاڵنەر و حەز و ئارەزوەكانی ئەو، بەتایبەتی ئەوانەی كە سیمایەكی سێكسی و تاوانكارانەیان هەیە.
 
شایەنی باسە كە من و منی باڵا لەزۆر كەسدا ناتوانن هاوئاهەنگ بن و یەك كەسێتی هاوسەنگ پێكبهێنن، ئەو ناهاوسەنگیە لەهەندێك كەسدا دەبێتە هۆی توشبون بە پشێوی دەرونی، چونكە لەو مرۆڤانەدا كە منی باڵا لەگەڵ من-دا لەكێشەدایە، من هەوڵ دەدات لەژێر ئەو دەسەڵاتەدا رزگاری بێت و سەربەخۆ بێت.
 
من هەوڵدەدات رێگە لە ئەو بگرێت و نەیەڵێت بەخێرایی و بە مەیلی خۆی ئارەزوەكانی بەدیبهێنێت و دەیەوێت بەرەو ژیانی كۆمەڵایەتی ئاڕاستەی بكات و ئارەزوەكانی لەچوارچێوەی سیسته‌م و یاسای كۆمەڵایەتیدا بەدیبهێنێت، ئەگەر تاك ویستی یان هەوڵیدا بەو ئاستە مۆرالییەوە كە بۆ خۆی كێشاویەتی پابەند بێت، ئەوا منی باڵا لەململانێی هەمیشەییدا دەبێت لەگەڵ هەردوكیان.
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,130,618     ژمارەی میوان 1446