به‌هۆی ئاژه‌ڵه‌وه‌ سه‌وزایی ناحیه‌ى رزگاریی روبه‌ڕوى له‌ناوچون ده‌بێته‌وه‌

2024/06/23 - 05:26 | 274 جار بینراوە    
 
رادیۆی ده‌نگ- شیرین ئه‌حمه‌د
 
دیاردەی بەخێوکردنی مەڕوماڵان لەناو ماڵاندا لە ناحیەی رزگاریی سه‌ر به‌ كه‌لار، بوەتە جێگای نیگەرانی چالاکوانانی بواری ژینگە و به‌رپرسانى حكومه‌تیش، بەوەی زیان بەو دار و نەمام و روبه‌ره‌ سه‌وزاییانه‌ دەگەیەنن کە لەناو ناحیەکەدا دەچێنرێن و هه‌ن.
 
به‌پێی ئه‌و ڤیدیۆ و وێنانه‌ى چالاكوانانى ناحیه‌ى رزگاریی بۆ رادیۆی ده‌نگیان ناردوه‌، به‌شێك له‌ نه‌مام و دره‌خت و روبه‌رى سه‌وزایی ناو ناحیه‌كه‌، روبه‌ڕوى له‌ناوچون و شكاندنه‌وه‌ و تێكدان بونه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش به‌هۆی ئاژه‌ڵانه‌وه‌، كه‌ زۆرجار خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان ئاژه‌ڵه‌كانیان له‌نێو باخچه‌كانى ناحیه‌كه‌دا ده‌له‌وه‌ڕێنن.
 
یاسین حەمەئەمین، چالاکی بواری ژینگە لە ناحیەی رزگاریی، بە رادیۆی دەنگی وت: لەم ساڵانەی دواییدا رێژه‌ى سه‌وزایی به‌ راده‌یه‌كی به‌رچاو لەناحیەکەماندا زیادیکردوە، بەڵام بەداخەوە بەخێوکردنی مەڕوماڵات لەناوماڵەکان زیانی زۆری گەیاندوە بەو دار و درەخت و نەمامانەی کە دەچێنرێن.
 
دەشڵێت: داوادەکەین ئەو دیاردەیە نەمێنێت، چونکە خەڵکێکی زۆری بێزارکردوە و زیانێكى زۆریشی لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌.
 
به‌خێزكردنى ئاژه‌ڵ له‌ناو ناحیه‌كه‌دا، له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پێش 9 ساڵ ئێستا شارەوانی رزگاریی بەمەبەستی بنەبڕکردنی بەخێوکردنی مەڕوماڵات لەناو ماڵەکاندا، چەندین پارچە زەوی دور لە ناحیەکەی دابەشکرد بەسەر ئاژەڵداراندا، كه‌چى تائێستا دیارده‌كه‌ بنبڕ نه‌بوه‌.
 
سەرۆکی شارەوانی ناحیەی رزگاریی- ئەرسەلان ئەحمەد، له‌مباره‌یه‌وه‌ بە رادیۆی دەنگی وت: لە ساڵی 2016 هەر ئاژەڵدارێک شوێن خانێکی پێدرا بۆ ئەوەی دور لەشوێنی نیشتەجێبون بەخێوی بکات، بەڵام سەرەڕای ئەوە ئەبینین لەناو ماڵەکاندا مەڕوماڵات بەخێودەکەن.
 
باس لەوەشدەکات: ئەم دیاردەیە زیانی گەیاندوە بە باخچەکانمان و ئەو نەمامانەی شارەوانی ده‌یانچێنێت.
 
به‌ نیگه‌رانیشه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئەو رەنجەی ئێمە ئەیدەین بۆ دروستکردنی باخچەیەک و چاندنی نەمامێك، به‌م كارانه‌ دەفەوتێت".
 
ئه‌گه‌ر دیارده‌ى به‌خێوكردنى ئاژه‌ڵ ئه‌و زیانه‌ زۆره‌ى بۆ بوارى سه‌وزایی له‌ ناحیه‌كه‌دا هه‌یه‌، كه‌وایا بۆچی لێپێچینه‌وه‌ ناكرێت و بنبڕ ناكرێت؟
 
ئه‌م پرسیاره‌مان روبه‌ڕوى سه‌رۆكى شاره‌وانى رزگاریی كرده‌وه‌، له‌وه‌ڵامدا وتى: چەندینجار لەرێگەی لیژنەکانمانەوە هەڵمانداوە بنەبڕی بکەین و ئیجرائاتمان لەگەڵ کردون و ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامین، بەڵام ئەو دیاردەیە هەر بەردەوامی هەیە.
 




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,091,857     ژمارەی میوان 1336