ده‌رباره‌   په‌یوه‌ندی
فەرمانگەیەکی کفری لە گەرمیان جیابوەوە

2024/06/11 - 04:02 | 184 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
بنکەی شوێنەواری کفری دەکرێتە بەڕێوبەرایەتییەک هاوشێوەی بەڕێوبەرایەتی شوێنەواری گەرمیان و راستەوخۆ پەیوەست دەبێت بە بەڕێوبەرایەتی گشتی شوێنەوار لە وەزارەتی شارەوانی، بەمشێوەیەش دو بەڕێوبەرایەتی شوێنەوار لە گەرمیاندا بونیان دەبێت.
 
بەپێی فەرمانی ژمارە (۷۰۹٥) کە لە رێکەوتی ۹ـی ٦ـی ۲۰۲٤ـدا دەرچوە و واژوی ساسان عەونی- وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی پێوەیە، هاتوە کە بنکەی شوێنەوار و کەلەپوری کفری بگۆڕدرێت بۆ بەڕێوبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپوری کفری.
 
ئاماژەی بەوەشکردوە کە بڕیارەکە بەپشت بەستن بە فەرمانێکی ئەنجومەنی وەزیران دراوە لەپێناو زیاتر خزمەتکردنی شوێنەوارەکانی قەزاکە.
 
ئەمەش لەکاتێکدایە لە گەرمیاندا بەڕێوبەرایەتییەکی تایبەت بە شوێنەوار بونی هەیە کە بارەگاکەی لە کەلارە.
 
ساڵح محەمەد، بەڕێوبەری شوێنەواری گەرمیان، جەختی لە هەواڵەکە کردەوە و بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ئێمە پێش چەند ساڵێک نوسراومان کردبو بۆ ئەوەی بنکەی کفری بکرێت بە فەرمانگە، بەڵام لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیار لەوە دراوە بکرێت بە بەڕێوبەرایەتی.
 
لەبارەی ئەوەی تاچەند بونی دو بەڕێوبەرایەتی شوێنەوار لە گەرمیاندا حاڵەتێکی ئاسایی دەبێت، بەڕێوبەری شوێنەواری گەرمیان بۆ رادیۆی دەنگ وتی: لە روی ئیداریەوە دەبێت یاخود نا، نازانین.
 
وتیشی: دوای ئەوەی بنکەی کفری بو بە بەڕێوبەرایەتی، لەوانەیە بەڕێوبەرایەتییەکەی ئێمە ببێت بە بەڕێوبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپوری کەلار، لەکاتێکدا ناوچەی دیکەشمان لەسەرە کە سەر بە قەزای کەلار نین، لە نمونەی ناحییەکانی مەیدان و قۆرەتو.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 1,905,935     ژمارەی میوان 284