رادیۆی دەنگ- یەکەی رۆژنامەوانی مافەکانی مرۆڤ
کارەبای نیشتمانی لە ئیدارەی گەرمیانەوە دەگەیەنرێتە پارێزگای دیالە، کارەکە کۆمپانیایەک ئەنجامی دەدات، بەڵام لەسەر هێڵی کارەبای نیشتمانییە، بەمەش ڤۆڵتیەی کارەبای سنوری گەرمیانی کەمکردوە.
کۆمپانیای 'تۆرۆس ئارم' کە کۆمپانیایەکی سەر بە قەیوان گروپە، گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی عێراقی کردوە بۆ پێفرۆشتنی نزیکەی ١٨٠ مێگاوات کارەبا، ئەم کارەبایە لە گەرمیانەوە دەچێت بۆ دیالە، لەئێستادا سودی بۆ دیالە و زیانی بۆ گەرمیان دەبێت.
لەم راپۆرتەدا وردەکاریی پرۆژەکە و لێکەوتەکەی لەسەر گەرمیان دەخەینەڕو.
ئەسڵی پرۆژەکە
کۆمپانیای تۆرۆس ئارم وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبای بە گازی سروشتی هەیە لە قەزای بازیانی سەر بە پارێزگای سلێمانی کە بە وێستگەی کارەبای قەیوان ناسراوە، وێستگەکە گازەکەی لە کۆرمۆرەوە بۆ دێت و کارەبا بەرهەمهێنراوەکەی بە حکومەتی هەرێم دەفرۆشێت.
لەم ماوەیەدا کۆمپانیاکە ٢ یەکەی دیکەی لە وێستگەکە خستوەتەکار کە بە دوکەڵی خودی وێستگەکە کاردەکەن، بەشێوەیەک دوکەڵی یەکەکانی تری وێستگەکە بە پرۆسەیەک دەگۆڕدرێت لە گەرمییەوە بۆ هەڵم و لەو هەڵمەوە وزەی کارەبای لێ بەرهەمدەهێنێت.
لەو دو وسێتگەیە، نزیکەی ٢٥٠ مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنرێت.
حکومەتی هەرێم کارەباکەی ناوێت
دوای زیادبونی بەرهەمی وێستگەکە، حکومەتی هەرێم ئامادەنەبوە لێی بکڕێت، هەربۆیە کۆمپانیاکەش لەگەڵ حکومەتی عێراقی رێککەوتوە بەوەی لە بری حکومەتی هەرێم، کارەبا زیادەکە بە ئەو بفرۆشێت.
هۆکاری نەکڕینی کارەباکە لەلایەن هەرێمەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حکومەتی هەرێم بە کاریگەریی قەیرانی دارایی وتویەتی ناتوانێت بەرهەمی دیکەی کارەبا لە کۆمپانیاکان بکڕێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەرهەمی کارەبای هەرێم لە ئاستێکدایە کە لە باشترین حاڵدا دەتوانرێت تەنها نیوەی کاتەکانی رۆژ کارەبای نیشتمانیی بۆ هاوڵاتیان دابینبکرێت.
فرۆشتنی کارەباکە بە عێراق
کۆمپانیای تۆرۆس ئارم، رۆژی ٢٩ـی ئایاری ئەمساڵ گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی کارەبای حکومەتی عێراق کردوە بۆ فرۆشتنی کارەبا زیادەکەی پێی. ئەو کارەبایەش لە رێگەی تۆڕی کارەبای نیشتمانی هەرێمەوە دەگەیەنرێتە جەلەولا و خانەقین و سەعدیە.
بەپێی گرێبەستەکە لە قۆناغی یەکەمدا کۆمپانیاکە بڕی ٩٠ مێگاوات کارەبا دەدەن بە عێراق، پلە بە پلە زیاددەکرێت هەتا دەگاتە ٢٤٠ مێگا، بەڵام لە دوێنێوە کە پرۆسەکە دەستیپێکردوە، نزیکەی ٦٠ مێگا دەدرێت بە دیالە.
کۆمپانیاکە کارەبا زیادەکە لە بازیانەوە تێکەڵ بە تۆڕی کارەبای نیشتمانی هەرێم دەکات و لە رێگەی گەرمیانەوە دەیگەیەنێت بە دیالە، بەشێوەیەک لە رێگەی هێڵی ١٣٢ کەیڤییەوە لە کەلارەوە دەیگەیەنێت بەو ناوچانە.
پرۆسەکە لە دوێنێ نیوەڕۆوە (٢ـی حوزەیران) دەستیپێکردوە و سەرەتا ٩٠ مێگاوات کارەبا دەدرێت بەوناوچانە و بڕیارە دواتر بەرز بکرێتەوە بۆ ١٨٠ مێگاوات و دواتر بگەیەنرێتە ٢٤٠ مێگاوایت.
کاریگەریی پرۆسەکە بۆ دیالە و خانەقین
پرۆسەکە سودی زۆری دەبێت بۆ پارێزگای دیالە و بەتایبەتی قەزای خانەقین و ناحیەکانی، چونکە ئەو ناوچانە هەم کارەبای نیشتمانییان کەم بو هەم ڤۆڵتییەشیان لاواز بو.
ئەم پرۆسەیە وادەکات کارەبای نیشتمانی ئەو ناوچانە (قەزای خانەقین و ناحیەکانی: جەلەولا، سەعدیە و قەرەتەپە) باش ببێت، بە فیعلیش لە دوێنێوە کە کارەبایان پێگەیەنراوە، کارەبای نیشتمانیی ئەو ناوچانە باش بون و بون بە ٢٤ سەعاتیی.
کاریگەریی پرۆسەکە لەسەر کارەبای سنوری گەرمیان
ئەم پرۆسەیە کاریگەری سلبی لەسەر کارەبای نیشتمانی لە ئیدارەی گەرمیان دەبێت، چونکە ئەو کارەبایە بە هەمان هێڵی کارەبای نیشتمانی هەرێم کە موڵکی هەرێم و خەڵکەکەیەتی نەک هی کۆمپانیاکە، دەگەیەنرێتە دیالە، لەکاتێکدا پرۆژەکە بازرگانییە و کۆمپانیاکە لێی سودمەند دەبێت نەک حکومەتی هەرێم یان دانیشتوانی هەرێمی کوردستان.
ئەم کارەش کاریگەریی سلبی دەبێت لەسەر ڤۆڵتییەی کارەبای نیشتمانی.
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، لە دوێنێوە کە پرۆسەکە دەستیپێکردوە، بڕی کارەبای نیشتمانی نزیکەی ١٠ کیلۆ ڤۆڵت کەمیکردوە، بە واتایەکی تر، ڤۆڵتیەی کارەبای ماڵان نزیکەی ١٠ ڤۆڵتییە دابەزیوە و ئەگەر پێشتر ٢٢٠ ڤۆڵتییە بوبێت، ئەوا ئێستا بوە بە نزیکەی ٢١٠ ڤۆڵت.
ئەمەش لەلایەک کاریگەریی دەبێت لەسەر هاوڵاتیان کە نەتوانن بەباشی سود لە کارەباکە وەربگرن، هەروەک لەکاتی کەمبونەوەی ڤۆڵتییە بەکاربردنی ئەمپێریش زیاد دەکات، بەمەش فشاری زیاتر دەکەوێتە سەر کارەبای نیشتمانی سنورەکە.
ئەم کێشەیە لەئێستادا دروستبوە کە هێشتا دونیا کەمتر گەرمە، چاوەڕوان دەکرێت لە مانگەکانی داهاتوی هاویندا ئەگەر چارەسەر نەکرێت، ئەوا دۆخی کارەبای ناوچەکە زۆر خراپ بکات.
کێشەکە ئەوەیە کە هیچ سێرکت برێکێک لەسەر وێستگەی کارەبای گەرمیان دانەنراوە بۆ ئەوەی ئەم کارەبایەی کە دەچێت بۆ دیالە جیا بکرێتەوە و کاریگەریی دروست نەکات لەسەر کارەبای ئیدارەی گەرمیان.
پێشتر کارەبای نیشتمانی بەهێڵێک لە دەربەندیخانەوە و بە دو هێڵ لە وێستگەی بەرهەمهێنانی حەسیرەوە دەهات بۆ وێستگەی کەلار، بەڵام ئێستا بوە بە یەک هێڵ و هێڵەکەی تر تەرخانکراوە بۆ کارەباکەی دیالە، کە ئەمەش لێکەوتەی خراپی دەبێت لەسەر کوالێتی و ڤۆڵتییەی کارەبای سنوری گەرمیان.
چارەسەر چییە؟
ئەگەر کۆمپانیاکە بیەوێت کارەبا زیادەکەی بە دیالە بفرۆشێت و حکومەتی هەرێم خۆی نەیکڕێت، ئەوا رێگای گونجاو بۆ ئەوەی کاریگەریی لەسەر کارەبای سنوری گەرمیان نەبێت، دەبێت هێڵی تایبەت بۆ گواستنەوەی لە کەلارەوە بۆ دیالە و بەتایبەت بە دیوی جەلەولا بونیاد بنێت، هەروەک دەبێت سێرکت برێک دابنێت لەکەلار بۆ رێگرییکردن لەوەی پرۆسەکە کاریگەریی لەسەر کارەبای سنورەکە نەبێت و ڤۆڵتییەی کارەبای نیشتمانیی ناوچەکە نزم نەکات.
لە گرێبەستەکەی کۆمپانیاکە و وەزارەتی کارەبای عێراقدا، ئاماژە بەم چارەسەرانە کراوە، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەکراوە.