دەنگ نێت
پاش ئەوەی ژمارەیەک جوتیاری گەرمیان رایانگەیاند جوتیارانی ناوچەی داودە رێگریان لێدەکەن گەنمەکانیان ببەن بۆ سایلۆی خورماتو و کەرکوک، جوتیارێکی ناوچەی داودە دەڵێت: ئەوانەی گەنم دێنن جوتیار نین بەڵکو بازرگانن و نرخی گەنمەکەی ئێمە دەشکێنن.
زیاتر لە ۲ رۆژە جوتیارانی ناوچەی داودە لە لە رێگایە ناحیەکەیان بۆ دوزخورماتو خێوەتیان هەڵداوە و رێگری دەکەن لە جوتیارانی سنوری ئیدارەی گەرمیان گەنمەکانیان ببەن بۆ سایلۆکانی دوزخورماتو و کەرکوک.
هەڵکەوت محەمەد، جوتیار لە ناوچەی داودە، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ئێمە رێگری لە جوتیار ناکەین، ئەو گەنمەی دێت بازرگان دەیهێنێت جوتیار نایهێنێت، کێشەی بۆ ئێمە دروست کردوە، چونکە ئێمە خۆمان گەنم دەبەین لە بازگە ناهێڵن بپەڕێتەوە.
وتیشی: بەهۆی ئەم بازرگانانەوە کێشە بۆ جوتیارانی ناوچەکەش دروست دەکرێت، چونکە ئەمان بە پارە دەیپەڕێننەوە، ئەگەر من بڕۆم گەنمەکەم بە پارە ببەمە ئەودیوەوە لەوانەیە بشمگرن و بڵێن تۆ بەرتیل ئەدەی، بەڵام ئەم بازرگانانە هەموی بەتەنسیق دەڕوات و بەرپرسی گەورەی لە پشتەوەیە.
دەشڵێت: ئەو گەنمەی لە کەلار و ناوچەکانی دیکەوە دێت گەنمی ترە، تەنانەت لە ئێرانەوە دێت، ئاخر دروێنە لە مانگی ٤ لای ئێمە نەبوە چۆن لە کەلار بوە؟
لەبارەی ئەو قسەیەی کە دەوترێت جوتیارانەی ناوچەی داودە لەم رێگەگرتنە دەیانەوێت گەنم بە هەرزانتر لە جوتیارانی کەلار و دەوروبەری بکڕن و خۆیان بەگرانتر بیدەنەوە سەیلۆکان، ئەو جوتیارە
وتیشی: هیچ کەسێک ناتوانێت ئەم شتە بکات جگە لە بازرگانەکانی سنوری ئێمە، ئەوانیش دراوە لە بەرژەوەندیان و لە ئێستادا ناتوانن ئەم کارە بکەن.
لەبارەی چارەسەری بابەتەکەوە، هەڵکەوت محەمەد دەڵێت: هەموساڵێک ئەم کێشەیەمان بۆ دروست دەکەن، تا دروێنە لەم ناوچەیە بمێنێت و گەنمەکانی خۆمان سەرف نەکرێت، مەحاڵە رێبدرێت گەنم بڕوات، چونکە گەنمی کوردستان بەسەر ئێمەدا بڕوات هەم گەنمەکانمان لە بازاڕدا نافرۆشرێت، هەم بازگەکەش کێشە دروست دەکات بەهۆی ئەوانەوە.
وتیشی: یەک رۆژ رێگایان پێبدەین گەنم بڕوات، بۆ رۆژی دواتر گەنمەکەی ئێمە پارە ناکات و تەنی ۱۰۰ هەزار دینار شکاوە لە بازاڕدا.