باوه‌نور، ناحیه‌یه‌ك خاڵیی له‌ ناوه‌ندی چالاكیی بۆ گه‌نجان

2024/05/19 - 11:25 | 370 جار بینراوە    
 
رادیۆی ده‌نگ- هونه‌ر ئه‌حمه‌د
 
گەنجان و چالاکوانانی ناحیه‌ى باوەنور دەڵێن هیچ سەنتەرێکی گەنجانیان نییە لە ناحیەکە بۆ ئەوەی پەرە بە توانا و خولیا جیاوازه‌کانیان بدەن، بەڕێوبەری ناحیەكه‌ش دەڵێت: پێشوازیی له‌ هه‌ر لایه‌نێك ده‌كه‌ین بۆ كردنه‌وه‌ى وه‌ها ناوه‌ندێك.
 
باوه‌نور، ناحیه‌یه‌كى دێرینی سه‌ر به‌ قه‌زاى كه‌لاره‌، سه‌رباری بونى كێشه‌ى جیاوازى خزمه‌تگوزاریی، كه‌موكورتییه‌كى به‌رچاوى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیچ ناوه‌ندێكى راهێنان و پێگه‌یاندنى گه‌نجانى تێدانییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى تیایدا په‌ره‌ به‌ توانا و خولیا و حه‌زه‌كانیان له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كاندا بده‌ن.
 
سەیوان مەحمود، چالاکوانی مەدەنی له‌ باوه‌نور، باس لەوەدەکات نەبونی ناوه‌ندى تایبه‌ت به‌ گه‌نجان، بۆشاییەکی زۆری له‌ ناحیه‌كه‌یاندا دروستکردوە، وتى: گەنجان ناتوانن پەرە بە حەز و خولیاکانیان بدەن، گەنجەکانمان ناچارن پەنا بۆ وەرزشێک یان سه‌یری یاری و كارى دیكه‌ به‌رن بۆ پڕکردنەوەی كاته‌ به‌تاَله‌كانیان.
 
نه‌بونى ناوه‌ندى تایبه‌ت به‌ چالاكیی گه‌نجان، وایكردوه‌ گه‌نجانى ناحیه‌كه‌ بۆ به‌شداریی له‌ خولی جیاواز رو له‌ قه‌زاكانى كه‌لار و ده‌ربه‌ندیخان بكه‌ن.
 
نامدار محه‌مه‌د، گه‌نجێكى چالاكی ناحیه‌كه‌یه‌، بۆ رادیۆی ده‌نگ وتى: لەساڵانی رابردودا بە ناچاریی بۆ ئەنجامدانی خولی موسیقا پەنامان دەبردە بەر سەنتەری گەنجانی دەربەندیخان.
 
سه‌یوان مه‌حمودـیش جه‌ختى له‌م قسه‌یه‌ كرده‌وه‌ و وتى:  ئەگەر گەنجێك حەز و خولیایەکی هەبێت بۆ ئەوەی پەرەی پێ بدات، بە ناچاری و لە سەنتەری گەنجانی شاری کەلار دەکات.
 
جەختی لەوەشکردەوە: تاکو ئێستا هیچ هه‌وڵێك نه‌دراوه‌ بۆ كردنه‌وه‌ى ناوه‌ندێكى چالاکیی بۆ گەنجان لە ناحیه‌كه‌دا، حکومەت زۆر بێباکە و هیچ گرنگیەک بە شارۆچکە بچوکەکان نادات.
 
نامدار محه‌مه‌دـیش پێیوایه‌ هه‌م حكومه‌ت له‌م پرسه‌دا كه‌مته‌رخه‌مه‌، هه‌م گه‌نجانیش "هەردو لایەن کەمتەرخەمن، هەم گەنجان بەیەکەوە ناتوانن یەک بگرن و داکۆکی لەوە بکەن کە ئەبێت سەنتەرێکی لەوشێوەیە هەبێت و بیگەیەنن بە لایەنی پەیوەندیدار، هەم لایەنی کارگێری و ئیداری ناوچەکەش".
 
 
له‌به‌رامبه‌ردا،  بەڕێوبەری ناحیەی باوەنور، بونى كردنه‌وه‌ى ناوه‌ندی گه‌نجان به‌ گرنگ و پێویست ده‌زانێت.
 
عەدنان عەلی، بۆ رادیۆی ده‌نگ وتى: به‌گشتى له‌ ناحیه‌كاندا نه‌مبیستوه‌ سه‌نته‌رى گه‌نجان هه‌بێت وه‌ك له‌وه‌ى له‌ شاره‌كاندا هه‌یه‌، ئه‌گه‌رچی ئێمە بە گرنگی دەزانین سەنتەرێکی ئاوا لەسنوری ناحیەکانیشدا بکرێتەوە.
 
سه‌رباری ئه‌وه‌ش، باسی له‌وه‌كرد تائێستا هیچ داواكاریه‌كیان بۆ كردنه‌وه‌ى ناوه‌ندێكى  گه‌نجان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتوه‌ "ئێمە وەکو لایەنی فەرمی سەیری داواکاری خەڵک دەکەین و ئیشیان لەسەر دەکەین، بەڵام تائێستا به‌ فه‌رمی داواکارییەکی لەو شێوەیە نەهاتوه‌تە لای ئێمە، ئەگەر بێت ئه‌وا ئێمە جگە لەوەی لەگەڵ رێکخراوەکاندا راستەوخۆ قسە دەکەین بۆ ئەو بابەتە، بۆ لایەنی ئیداری سەروی خۆشمان بەرزیدەکەینەوە بۆ ئەوەی ئەوانیش لەڕێگەی خۆیانەوە هەوڵی زیاترمان بۆ بدەن".
 
له‌ بۆشایی نه‌بونى هیچ ناوه‌ندێكى تایبه‌ت به‌ گه‌نجان، چه‌ند پێشنیازێك له‌لایه‌ن گه‌نجان و چالاكوانان و ئیداره‌ى ناحیه‌كه‌وه‌ ده‌كرێت.
 
نامدار محه‌مه‌د، وتى: لەگەڵ بەڕیوبەری سەنتەری گەنجانی دەربەندیخان و کەلار قسەمان کردوە بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی، بەشێک لەخولەکانیان بهێننە باوەنور.
 
عه‌دنان عه‌لیـش وتى: شوێنمان زۆرە بۆ ئەنجامدانی خول، رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی چەند خولێکی کردوه‌تەوە و شوێنمان بۆ دابینکردون، هەر رێکخراوێکی تر بتوانێت خول بۆ گه‌نجان بکاتەوە، ئێمە دەستخۆشی لێدەکەین و ئامادەکاریمان تیایە هاوکارییان بکەین.
 




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,091,670     ژمارەی میوان 1149