كرێكارانى گه‌رمیان متمانه‌یان به‌ ده‌سته‌به‌ریی "ضمان أجتماعی" نییه‌

2024/03/23 - 02:07 | 423 جار بینراوە    
 
رادیۆی ده‌نگ- زریان محه‌مه‌د
 
زۆرینەی كرێكارانى گه‌رمیان ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵاتى "ضمان أجتماعی"یان نەكردوه‌، هه‌ندێك له‌ كرێكاران ده‌ڵێن ئه‌و ده‌سته‌به‌رییه‌ى كراوه‌ سودى بۆ كرێكاران نیه‌، به‌رپرسانى حكومه‌تیش ده‌ڵێن: خاوه‌نكاره‌كان بێ متمانه‌ییان له‌لاى كرێكاران دروست كردوه.
 
محه‌مه‌د عه‌لى، كرێكار له‌ گه‌رمیان، بۆ رادیۆى ده‌نگ ده‌ڵێت: ده‌سته‌به‌رى كرێكار له‌ زۆربه‌ى شوێنه‌كان كراوه‌ و خۆیان تۆماركردوه‌، كه‌سیش نازانێ بۆچیه‌ و بۆ كوێ ئه‌چێت و هۆكاره‌كه‌ى چیه‌.
 
باسى له‌وه‌شكرد: حكومه‌ت له‌ %5 پاره‌مان لێ وه‌رده‌گرێت تاوه‌كو ئێستا یه‌ك كه‌سم نه‌بینیوه‌ سودى لێ ببینێ، له‌ كاتێكدا چه‌ندین كرێكارمان هه‌یه‌ له‌ بینا كه‌وتوه‌ خواره‌وه‌ چه‌ندینمان هه‌یه‌ ته‌ندروستى خراپه‌ هیچى بۆ خه‌رج نه‌كراوه‌، ئیتر كه‌ى خه‌رجى ئه‌كه‌ نازانم، له‌ كاتێكدا له‌ وڵاتانى تر ئه‌و بیمه‌یه‌ خه‌رج ده‌كرێت.
 
ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى بۆ كرێكاران، پرۆسه‌یه‌كه‌ كه‌ تیایدا بڕی 17%ـى كۆی موچه‌ى كرێكاره‌كه‌ وه‌رده‌گیرێت كه‌ 5%ـى ئه‌و پاره‌یه‌ كرێكاره‌كه‌ خۆی ده‌یدات و 12%ـه‌كه‌ى تر خاوه‌نكاره‌كه‌ى ده‌یدات، ئه‌مه‌ش دواتر له‌كاتى برینداربون و خانه‌نشین بون و بێكاربوندا، وه‌كو موچه‌ى مانگانه‌ پێی بدرێت.
 
زمناكۆ دارا، كرێكار له‌ گه‌رمیان، وتى: تاوه‌كو ئێستا ئه‌م بابه‌تى ده‌سته‌به‌ریه‌ نه‌ له‌ كه‌ناڵێكى راگه‌یاندنى فه‌رمیه‌وه‌ بیستوه‌ نه‌ له‌ سۆشیاڵ میدیاش، هیچ له‌ حكومه‌تیش رانابینم شێكى له‌و شێوه‌یه‌مان بۆ بكات كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى كرێكار بێت، چونكه‌ ته‌نها بۆ باخه‌ڵى خۆیانه‌ و هیچى كه‌ و سودیشى بۆ كرێكار نیه‌.
 
به‌پێى ئامارێكى ساڵى 2022 له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى بۆ كرێكارانى گه‌رمیان زیاتر له‌ 7 هه‌زار كرێكار تۆماركراون، به‌ڵام بۆ ساڵى 2023 و 2024، ئامار و داتایه‌كى ورد به‌رده‌ست نیه‌.
 
هێمن جه‌مال، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى بۆ كرێكاران/ گه‌رمیان، به‌ رادیۆى ده‌نگى وت: كرێكار ئاستى هۆشیاریى خراپه‌ له‌باره‌ى  ده‌سته‌به‌ریكردنى خۆى، هۆكاره‌كه‌ش بۆ خاوه‌نكاره‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه،‌ چونكه‌ بابه‌ته‌كه‌یان له‌ كرێكاران به‌ هه‌ڵه‌ گه‌یاندوه‌ به‌وه‌ى‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى كرێكار نیه‌، به‌ڵكو باجێكه‌ و لێیان وه‌رده‌گیرێت و پاره‌كانیان ده‌فه‌وتێت.
 
ده‌شڵێت: خاوه‌نكار بێمتمانه‌ییه‌كى زۆرى له‌لاى كرێكار دروستكردوه‌ و هانى كرێكاره‌كان ده‌دات ده‌سته‌به‌ریی نه‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا ده‌سته‌به‌ریى پرۆسه‌یه‌كى ناچاریی "ئیجباری"یه‌ و ئاره‌زومه‌ندانه‌ "ئیختیارى" نیه‌، كه‌چى كرێكاره‌كه‌ روبه‌روى لیژنه‌كه‌مان ده‌بێته‌وه‌ كه‌ نایه‌وێت ده‌سته‌به‌رى بكات.
 
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: 1 لیژنه‌مان هه‌یه‌ و به‌س نییه‌ بۆ سنورى گه‌رمیان، هاوكات به‌ به‌رده‌وامى له‌لایه‌ن خاوه‌نكاره‌كانه‌وه‌ ئاسته‌نگى بۆ لیژنه‌كه‌مان دروست ده‌بێت، به‌ جۆرێك خاوه‌نكار هه‌بوه‌ كرێكارى له‌ ده‌رگاى پشته‌وه‌ كردوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سته‌به‌رى بۆ نه‌كرێت.
 
لایخۆشیه‌وه‌ به‌رپرسی لقى گه‌رمیانى سه‌ندیكاى كرێكارانى كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى نییه‌ له‌باره‌ى پرسی ده‌سته‌به‌رییه‌وه‌.
 
عه‌دنان محه‌مه‌د، باسى له‌وه‌كرد: تاوه‌كو ئێستا په‌یوه‌ندی وامان نیه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ده‌سته‌به‌رى، ئه‌گه‌رچى دانیشتوین له‌گه‌ڵیان و داوامانكردوه‌ ئه‌نداممان هه‌بێت له‌ لیژنه‌كه‌یاندا، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌كراوه‌.
 
وتیشى: كرێكاران ئێستا هۆشیاریى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ خۆیان تۆمار بكه‌ن، له‌ ماوه‌ى ساڵى 2023ـدا زیاتر له‌ 2 هه‌زار كرێكار خۆى تۆمار كردوه‌ له‌ لامان و بۆ 3 مانگى ئه‌مساڵیش نزیكه‌ى 2 هه‌زار كرێكار خۆى تۆمار كردوه‌، كه‌چى تاوه‌كو ئێستا ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى سودى له‌ ئێمه‌ نه‌بینیوه‌، ئه‌گه‌رچى تاوه‌كو ئێستا له‌ سنورى گه‌رمیان زیاتر له‌ 9 هه‌زار كرێكار له‌لاى ئێمه‌ تۆماره‌.
 




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,256,699     ژمارەی میوان 2269