بڕیاری كردنه‌وه‌ى كارگه‌كانى چه‌و و لم چالاكوانان نیگه‌ران و خاوه‌ن كارگه‌كان دڵخۆش ده‌كات

2024/02/23 - 05:20 | 341 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت
 
دواى ئه‌وه‌ى ئیداره‌ى گه‌رمیان بڕیاریدا به‌ رێگه‌دان به‌ كاركردنه‌وه‌ى كارگه‌كانى چه‌و و لم له‌ پاش دوساڵ راگرتن، ئه‌م بڕیاره‌ چالاكوانان نیگه‌ران ده‌كات و پێیانوایه‌ كاره‌ساتی ژینگه‌یی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ریشدا خاوه‌ن كارگه‌كان پێشوازیی لێده‌كه‌ن و به‌ بڕیارێكى گرنگى ده‌زانن.
 
رۆژى 8ـى ئه‌م مانگه‌، ئیداره‌ى گه‌رمیان له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا دوباره‌ رێگه‌دان به‌ كاركردنه‌وه‌ى كارگه‌كانى چه‌و و لمی له‌سه‌ر روباری سیروان راگه‌یاند، ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌ى پێش دو ساڵ ئه‌و كارگانه‌ به‌ هۆكارى تێكدانى ژینگه‌ى روباری سیروان، له‌ كاركردن وه‌ستێنران.
 
ئیداره‌ى گه‌رمیان له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى دا ئاماژه‌ى به‌ هیچ هۆكارێك نه‌داوه‌ له‌ ده‌ركردنى بڕیاره‌كه‌، به‌ڵام به‌پێی لێدوانێكى پێشوى به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى گه‌رمیان، به‌وهۆیه‌ى ژماره‌یه‌كى زۆر پرۆژه‌ى نیشته‌جێون له‌ ناوچه‌كه‌دا دروست ده‌كرێن و ئه‌وانیش پێویستیان به‌ چه‌و و لم هه‌یه‌ بۆ كاره‌كانیان، بۆیه‌ بڕیار له‌ كردنه‌وه‌ى كارگه‌كان دراوه‌.
 
بڕیاره‌كه‌ى ئیداره‌ى گه‌رمیان، پێش ئه‌وه‌ى به‌ فه‌رمی بڵاو ببێته‌وه‌، به‌ نافه‌رمیی گه‌یشتبوه‌ چالاكوانان، ئه‌وه‌بو چه‌ند كاتژمێرێك پێشتر راگه‌یه‌نراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا نیگه‌رانى خۆیان له‌م كاره‌ پیشاندا.
 
به‌وته‌ى چالاكوانانى كه‌مپینی پاراستنى روباری سیروان كه‌ له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌یاندا خستویانه‌ته‌ڕو: "گەشەسەندنی سروشت و ژینگەى روباری سیروان لە ماوەی دو ساڵی رابردو، لە ئەنجامی بڕیاڕی داخستنی غەسالەکانی چەو و لم هاتە بەرهەم، بۆیە ئێستا هەر بڕیارێک بدرێت بۆ هەڵوەشانەوە یان هەموارکردنی بڕیاڕی پێشو، بە دڵنیاییەوە زیان بەم سامانە سروشتیە دەگەیەنێت".
 
له‌به‌رامبه‌ردا ئیداره‌ى گه‌رمیان ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌ كه‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى كارى كارگه‌كان، به‌ كۆمه‌ڵێك رێوشوێندا تێده‌په‌ڕێت، له‌وانه‌: نابێت كارگه‌كان له‌ سنورى نێوان پردى گرده‌گۆزینه‌ و گوندى به‌رده‌سور بن، پێویسته‌ هه‌مو كارگه‌یه‌كى چه‌و و لم كارگه‌ى به‌ردشكێن "كه‌ساره‌"ش دابنێت و وه‌كو یه‌ك هه‌ردو ماده‌كه‌ (واتا چه‌و و لم و سه‌ره‌به‌رد) به‌رهه‌مبهێنێت، نابێت به‌هیچ جۆرێك له‌ ناو روباری سیروان یاخود نزیك سه‌رچاوه‌كانی پرۆژه‌ ئاودێرییه‌كان كاری هه‌ڵگرتنی چه‌و و لم ئه‌نجامبدرێت یان رێڕه‌وی روباره‌كه‌ بگۆڕدرێت و هه‌روه‌ها ئه‌و شوێنانه‌ی دارستانی سروشتین نابێت كاریان تێدابكرێت و بڕینه‌وه‌ی دارو ده‌وه‌ن قه‌ده‌غه‌یه‌ تێیدا.
 
سه‌رباری ئه‌وه‌ى مه‌رجه‌كان له‌ چاو جاران توندوتۆڵترن، به‌ڵام ئه‌مه‌ نه‌بوه‌ته‌ مایه‌ى ره‌زامه‌ندیی چالاكوانان، به‌ڵكو به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك بیرۆكه‌ى ده‌ستبه‌كاربونه‌وه‌ى كارگه‌كان ره‌د ده‌كه‌نه‌وه‌.
 
به‌ڕای عه‌بدوڵموته‌ڵیب ره‌فعه‌ت- مامۆستاى زانكۆ و پسپۆڕی ژینگه‌ و ئاو، ئه‌م بڕیاره‌ "كاره‌ساتى ژینگه‌یی له‌ رۆخی روباره‌كه‌ ئه‌خوڵقێنێت".
 
ده‌ڵێت: كاركردنه‌وه‌ى كارگه‌كان واده‌كات دارستانه‌كان له‌ناو بچن و كوالێتى ئاوی روباره‌كه‌ش خراپ بێت، چونكه‌ به‌ به‌رده‌وامى ئیش له‌سه‌ر قوڵتركردنى روباره‌كه‌ ده‌كرێت.
 
به‌پێچه‌وانه‌ى چالاكوانانه‌وه‌، خاوه‌نانى كارگه‌كانى چه‌و و لم، پێشوازیی له‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن پێوه‌ى پابه‌ند ده‌بین.
 
محه‌مه‌د ئیسماعیل، نوێنەرى خاوه‌ن کارگەکانی چه‌و و لم له‌ سنورى گه‌رمیان، بۆ رادیۆى ده‌نگ وتى: بڕیاره‌كه‌ى ئیداره‌ى گه‌رمیان به‌باش ده‌زانین و پێمان خۆشه‌.
 
ده‌شڵێت: زۆرینه‌ى كارگه‌كان ده‌ستبه‌كار ده‌كه‌نه‌وه‌ و ئاماده‌ن بۆ دانانى به‌ردشكێن "كه‌ساره‌".
 
 
 
 ئەم راپۆرتە بە هاوبەشی AFD و CFI لە چوارچێوەی پرۆژەی "قریب" بەرهەمهێنراوە




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,116,194     ژمارەی میوان 1588