لەسەر دۆسیەی شەهیدکردنی کاوە گەرمیانی لە ئەمریکا سکاڵا لەسەر دو بەرپرس تۆماردەکرێت

2024/02/02 - 03:49 | 1349 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
بەتۆمەتی تێوەگلان لە شەهیدکردنی رۆژنامەنوس: کاوە گەرمیانی، لەلایەن تیمێکی پارێزەرەوە لە ئەمریکا، سکاڵا لەسەر دو بەرپرس تۆمار دەکرێت، برایەکی کاوە گەرمیانیش دەڵێت: بڕوامان بەدادگانی کوردستان نەماوە، بۆیە لە ئەمریکا سکاڵامان تۆمارکرد.
 
کاروان ئەحمەد، برای شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: بە کۆنتاکت لەگەڵ ئێمە، لەلایەن تیمێکی پارێزەرەوە سکاڵامان لەسەر دو بەرپرس تۆمارکردوە بەتۆمەتی شەهیدکردنی کاوە گەرمیانی.
 
وتیشی: لە رێکەوتی ۳۰/۱/۲۰۲٤ بەفەرمی سکاڵاکە تۆمارکراوە لە دادگایەکی واشنتۆن.
 
باسی لەوەشکرد: پێشتر سکاڵاکەمان لە دادگاکانی کوردستان تۆمار کردوە، بەڵام دادگاکانی کوردستان جێگەی ئومێد نین.
 
لەبارەی ئەوەی دو بەرپرسەکە کێن، کاروان ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا بۆ ئەوەی کاریگەریی نەبێت لەسەر پرۆسەی دادوەریی، جارێ ناوەکان ئاشکرا ناکەین.
 
رۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی لە شەوی ٥/۱۲/۲۰۱۳ لەناو ماڵی باوکی دا لە گەڕەکی سەرکەوتنی کەلار تیرۆرکرا، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکەی، تەنها کەسێک بەتۆمەتی تیرۆرکردنەکەی سزا درا و دۆسیەکەی داخرا، خانەوادەکەشی پێیانوایە هێشتا بکەرانی سەرەکی تیرۆرەکە سزای خۆیان وەرنەگرتوە.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,256,818     ژمارەی میوان 2388