لەبارەی روداوەکانی کوردستانەوە

2024/01/30 - 11:41 | 421 جار بینراوە    
 
مایکڵ رۆبن
وەرگێڕانی: عەلى نادر
 
ئه‌و ده‌مه‌ی شه‌ڕ و كاولكاریی عێراقی به‌ چۆكدا هێنابو، كوردستان خۆی وه‌ك هه‌رێمێكی جێگیر، بێكێشه‌ و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌مه‌ند نماییش ده‌كرد. كورده‌ ده‌سته‌ڵاتداره‌كان هه‌رێمه‌كه‌یان چه‌شنی به‌هه‌شتێكی دیموكراتی و په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بۆ ئازادیی ئایینی ده‌خسته‌ڕو. وڵاتانی خۆرئاوایش -چ له‌ روی ساده‌ییه‌وه‌ بێت، یان به‌ هۆی چاوچنۆكییانه‌وه‌- ئامێزیان بۆ هه‌رێمه‌كه‌ كرده‌وه‌ و بره‌ویان به‌و چیرۆكه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌ دا.
 
مه‌خابن، روداوه‌كان له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع شتێكی تریان پیشان ده‌دا. نه‌ك ته‌نیا دو خێزانه‌ سیاسییه‌ ده‌سته‌ڵاتداره‌كه‌ -به‌رزانییه‌كان و تاڵه‌بانییه‌كان- سوكایەتییان به‌ یه‌كتر ده‌كرد و یه‌كترییان لاواز ده‌كرد، به‌ڵكو‌ له‌نێو هه‌ر یه‌كێك له‌ خێزانه‌كانیشدا ئامۆزاكان له‌ پشته‌وه‌ شمشێریان له‌ پشتی یه‌كتر دەسوی. بۆ نمونه‌، له‌نێو به‌رزانییه‌كاندا، مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ وه‌یسی بارزانیی برا و پاڵپشتیدا توانییان نێچیرڤانی سه‌رۆكی هه‌رێمه‌كه‌ په‌راوێز بخه‌ن.
 
ده‌سته‌ڵاتداران به‌ هۆتێله‌ پێنج ئه‌ستێره‌كانه‌وه‌ پۆز لێ ده‌ده‌ن، كه‌چی نه‌خۆشخانه‌كانیان هێشتا له‌ جیهانی سێیه‌مدا چه‌قیون. چه‌ندین مانگه‌ موچه‌ نه‌دراوه‌، له‌ كاتێكدا نوخبه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌ ئۆتۆمبێلی لامبۆرگێنی لێ ده‌خوڕن و بوتڵی ویسكیی ده‌ هه‌زار دۆلاری پێشكه‌ش به‌ دیبلۆماتكاره‌ بیانییه‌كان ده‌كه‌ن.
 
به‌شێكی زۆر له‌ هاونیشتمانییه‌كانیان به‌ خه‌ونی گه‌یشتن به‌ ئه‌وروپا، ژیانیان ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌، به‌ڵام زۆرینه‌یان یان له‌نێو دارستانه‌كانی بیلاڕوسیا ره‌ق ده‌بنه‌وه‌، یان له‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا ده‌بنه‌ خۆراكی قرشه‌كان.
 
ئه‌مڕۆ خه‌ڵك وه‌ك رابردو له‌ جه‌نگی سووریا هه‌ڵنایه‌ت، به‌ڵام گه‌نده‌ڵیی ده‌سته‌ڵاتدارانی كوردستان، هاونیشتمانییه‌كانیان ناچار ده‌كات ئه‌و هه‌رێمه‌ به‌جێ بهێڵن.
 
له‌ هه‌مان كاتدا كه‌مینه‌ ئایینییه‌كان له‌و هه‌رێمه‌دا هه‌میشه‌ ده‌ناڵێنن. دەستەڵاتداران زۆرینه‌ی په‌رستگا ئایینییه‌كان ته‌نیا بۆ نماییش بەکاردێنن. له‌ كاتی پێویستدا میوانه‌ بیانییه‌كانیان بە مەبەستی سه‌رنجڕاکێشان بۆ بانگهێشت دەکەن. بارزانییه‌كان به‌ نماییشكردنی وێنه‌یه‌كی پاپا بێتاوانی و نیازپاكیی خۆیان پیشان ده‌ده‌ن، هه‌ركه‌ كامێراكان وه‌لا نران، كه‌مینه‌ كریستیانه‌كان و ئه‌وانه‌یش كه‌ ره‌خنه‌ له‌ ده‌سته‌ڵاتیان ده‌گرن، ده‌خه‌نه‌ كونجی زیندانه‌وه‌.
 
له‌و هه‌رێمه‌دا ته‌نیا كه‌رامه‌ت و مافه‌كانی مرۆڤ نه‌خراونه‌ته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، به‌ڵكو ئاساییشی هه‌رێمه‌كه‌یش جێی پرسیاره‌. بارزانیی خۆی هاوكاریی داعشی كرد، چونكه‌ باوه‌ڕی وابو ده‌توانێت له‌ دژی نه‌یاره‌كانی به‌كاریان بهێنێت. بێزاربونی خه‌ڵك له‌ گه‌نده‌ڵیی نێوخۆیی زه‌مینه‌یه‌كی له‌باری بۆ توندڕه‌ویی ئایینی له‌ هه‌رێمه‌كه‌دا چێكردوه‌. ده‌سته‌ڵاتدارانی هه‌رێمه‌كه‌ هەمیشە شه‌ڕ و ئاژاوە ده‌نێنه‌وه‌ ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شكست و ناكامییه‌كانیان دیزه‌به‌ده‌رخۆنه‌ بكه‌ن. 
 
ئه‌مریكا ئه‌مڕۆ دركی به‌وه‌ كردوه‌ چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ بەهەڵە گره‌و له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداره‌ كورده‌كان ده‌كات.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,044,291     ژمارەی میوان 4334