كۆیە هەناسەیەك دەدات

2024/01/01 - 05:29 | 418 جار بینراوە    
 
بەدواداچون: شلێر سەعید ـ كۆیە
 
جووتیاران زەوییە كشتوكاڵییەكانیان بەكار دەهێننەوە
 
سووربوونی ژینگەدۆستان كەمێك لە بارەكە راستدەكاتەوە، لە ڕێی كاركردن لە سەر ئەو بارودۆخەی كارگەكانی چەو و لم لە سەر زێی بچووك لە سنووری كۆیە دروستیان كردووە، كە ئەنجامەكەی تێكدانی ژینگەی ناوچەكەیە، وێرانكردنی زەوییە كشتوكاڵییەكانە و زیانمەندی یەكەم ژنان و خنكانی گەشتیارانە، كە تەنیا لەم هاوینەدا شەش گەشتیار خنكاون.
 
رێكخراوی (هەناسەی سرووشت) بۆ هۆشیاریی ژینگەیی لە قەزای كۆیە، سەر بە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكانی هەرێمی كوردستانە و لە ساڵی 2013ـەوە دامەزراوە و لە بواری هۆشیاریی ژینگەیی كار دەكات.
 
مژدە محەمەد، مامۆستای جوگرافیا و ئەندامی رێكخراوی (هەناسەی سرووشت)، دەڵێت،: "لە ڕێی هەڵمەتی هۆشیاریی، سەردانی مەیدانیی، هاندانی جووتیاران بۆ گەڕانەوە سەر كێڵگەكانیان و گوشاری یاسایی، ویستوومانە كاریگەریی ئەم كارگانە لە سەر ئاڕاستەی تێكدانی ژینگەی ناوچەكە كەم بكەینەوە." 
 
لە قەزای كۆیە سێ رێكخراوی ژینگەدۆست هەن، بەڵام تەنیا (هەناسەی سرووشت) كاری لە سەر كانەكانی چەو و لم كردووە و لە چەند رێگەیەكەوە ڕێگری دەكات لە زیاتر  وێرانكردنی ژینگەی ناوچەكە و هاندانی ژنان و پیاوانی ناوچەكە بۆ ئاوەدانكردنەوەی كێڵگەكانیان و پاراستنی سیمای كشتوكاڵیی ناوچەكە. 
 
عەدنان عەلی میر، 20 ساڵە لە بواری ژینگە كار دەكات و شارەزاییەكی باشی لەو بارەیەوە هەیە، سەبارەت بە كانەكانی چەو و لم دەڵێت: "بەگشتی دوو جۆرن: جۆرێكیان لە نێو زەوی كشتوكاڵیی و نزیك كەناری رووبار و زێیەكان دروست دەكرێن، جۆرێكی دیكەیشیان لە شوێنە قەدەغەكراوەكانی زێ و رووبارەكان دروستكراون".
 
لایەنی پەیوەندیدار لە حكوومەت رێگەی بەمجۆرەیان داوە كە بریتین لە شوێنە دوورەكان یان لە زوورگەكان كار بكەن، تاوەكو زیان بە سرووشت نەگەیەنن و نەبنە هۆی تێكدانی ژینگە و رێڕەوی ئاو و لە ناوچوونی درەختەكان، بەڵام ئەوانی دیكە بەهۆی تێكەڵبوونی رۆنی ئۆتۆمبێل و ئامێرەكانی هەڵكەندن لەگەڵ ئاوەكە، دەبنە هۆی پیسبوونی ئاو و لەناوچوونی گیانلەبەرە ئاوییەكان و پیسبوونی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە.
 
بەگوتەی عەدنان عەلی میر، لە سنووری هەولێر زیاتر لە 65 كانی چەو و لم هەیە، بەڵام بەشێكیان مۆڵەت لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان وەردەگرن و فەرمانگەی ژینگەش چاودێرییان دەكات و هەندێكیان بێ مۆڵەت كار دەكەن.
 
عەمید گۆران ئەحمەد سماقە، بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانی كۆیە لە بارەی كارگەكانی چەو و لم دەڵێت: "لە كۆیە حەوت كارگەی چەو و لم هەیە، چواریان كار دەكەن و سێ دانەیان بە هۆكاری جیاواز وەستاون".
 
كۆیە یەكێكە لە قەزاكانی سەر بە پارێزگای هەولێر و دەكەوێتە دووری 70 كیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر مێژووی دروستبوونی ئەم قەزایە بۆ 2500 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، بەپێی ئامارێكی وەزارەتی پلاندانان ساڵی 2022، ژمارەی دانیشتووانی قەزای كـۆیـە 119.526 هەزار كەس بووە، كە لە هەردوو نەتەوەی كورد و كلدان پێكهاتووە.
 
لە گوندەكانی دەشتی كۆیە بە هەر پێنج ناحیەكەیەوە، كە نزیكەی 190 گوند هەیە، بەشێك لە جووتیاران بەتایبەت ژنان كار لە كێڵگەكانیان دەكەن، وەك بژێوی ژیانیان و هاوكات بەهۆی راهاتنیان لە شیناییكردن وەك پیشەیەكی بۆ ماوەیی بۆیان ماوەتەوە.
 
لەبارەی تێكچوون و نەمانی زەوییە كشتوكاڵییەكان لە كەناری زێی بچووك بە هۆی كارگەكانی چەو و لمەوە، خانم عومەر ئەحمەد، كە ژنە جووتیارێكی (43) ساڵانە و لە ناحیەی تەقتەقی سەر بە كۆیە دادەنیشێت، زۆر نیگەرانە و دەڵێت: "كارگەكانی چەو و لم، جگە لەوەی رێڕەوی ئاوەكەیان تێكداوە و ژینگەیان پیسكردووە، زەوییە كشتوكاڵییەكانیشیان لەناو بردووە، ئەوەش وایكردووە، زۆربەی ژنانی ئەم دەڤەرە بێكاربن".
 
ئەحمەد قادر تەمەن 56 ساڵ، جووتیارێكی دەشتی كۆیەیە و دەڵێت: "زیانی زۆر بەر كێڵگەكانی كشتوكاڵ و ڕووبەری سەوزایی كەوتووە، هەرچەندە لە ڕووی یاساییەوە بەپێی گرێبەستەكەیان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار، ئەو خاوەن كارگانە دەبێ شوێنەكان پڕ بكەنەوە و زەوییەكان وەك خۆی لێبكەنەوە، بەڵام ئەوان زۆر بەكەمی پابەندی بڕگەكانی گرێبەستەكە دەبن و بە دەگمەن نەبێت، لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناكرێت".
 
ژنان دەگەڕێنەوە سەر كارەكانیان
 
مژدە محەمەد، كە خۆی خەڵكی گوندی (كانیبی)ـیەو ئێستا لە ناحیەی ئاشتی مامۆستایە، زیاتر دەڵێت: بۆ بەرگرتن لە زیاتر داڕمانی ژینگەی ناوچەكە، رێكخراوەكەیان بەردەوام لەو سنوورە چالاكانە كار دەكات، بە ئامادەبوونی چالاكوانان سەردانی مەیدانیی شوێنی كارگەكانی چەو و لمیان كردووە و هەڵمەتێكیشیان بۆ ئەم مەبەستە ڕاگەیاندووە.
بەگوتەی مژدە رێكخراوەكەیان لەساڵانی پێشوو ( 2014 ـ 2016 ) چەندین كاری كردووە بۆ كەمكردنەوەی زیانە ژینگەییەكان، كە بەهۆی كانەكانی چەو و لمەوە دروستدەبن.
 
لەو هەڵمەتەدا، رێكخراوی هەناسەی سرووشت مەترسییەكانیان خستۆتەڕوو، كە بریتیبوون لە تێكدانی ژینگەی ناوچەكە و وێرانكردنی زەوییە كشتوكاڵییەكان و هاوكات ئەو گۆماوانەی بەجێماون دەبنە مەترسی بۆ خنكانی گەشتیاران، كە زۆرجار گەشتیاران بۆ مەبەستی مەلەكردن بەكاری دێنن و شیاوی مەلە تیاكردنیش نین.
 
لە ئەنجامی ئەو هەڵمەتەی رێكخراوی هەناسەی سرووشتدا لە گوندی كانیبی، ژنانی گوندەكە هاندراون بۆ چاككردنەوەی ئەو زەوییانەی كارگەكانی چەو و لم تێكیانداون و ئەوانیش دەستیانكردووە بە پڕكردنەوەی چەند شوێنێك لەو شوێنانە و دووبارە بەكارهێنانەوەیان بۆ كشتوكاڵ، بۆیە بەشێك لە زەوییەكان ئێستا ئامادەن بۆ كشتوكاڵكردن.
 
یەكێك لە كارگە لەكاركەوتووەكانی چەو و لم
 
یوسف سەلیم، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كۆیە دەڵێت: "لە سنووری كۆیە كە پێنج ناحیە و نزیكەی 190 گوند هەیە،  جگە لە داچاندنی گەنم و جۆ، دانیشتووانەكەی زیاتر بە كشتوكاڵەوە سەرقاڵن و ئەو بەرهەمانەی زۆر پشتی پێ دەبەستن (پیاز، لۆبیا، فاسۆلیا و شوتی)ـیە. بەرهەمی گەنم لە سنوورەكە لەمساڵدا 2023 زیاتر لە (100) سەد هەزار تەن بووە، بەرهەمی لۆبیا كە ئێستا وەرزی ڕنینەوەیەتی لەم ناوچەیە، رۆژانە 60 شەست تەن دەبێت و رەوانەی شارەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری عێراق دەكرێت.
 
بەگوتەی مژدە، رێكخراوی هەناسەی سرووشت، هەر بەوەشەوە نەوەستاوە، بەڵكو بە نووسراوێكی فەرمی لایەنی پەیوەندیداری لەوە ئاگاداركردۆتەوە، كە بەردەوام چاودێریی كارگەكانی چەو و لم بكەن و رێگە نەدەن ببنە مایەی تێكدانی ژینگەی ناوچەكە و لەباربردنی كشتوكاڵ و خەونی جووتیارانی ئەو دەڤەرە.
 
بەپێی زانیارییەكانی هەناسەی سرووشت، تا ئێستایش ( چیمەنتۆ، بەرد، چەو و لم و بلۆك) لە بیناسازیی وڵاتدا بەكاردێن، بۆیە كارگەكانی چەو و لمیش هێشتا هەن، بەڵام بەشێوەیەكی نازانستی كار دەكەن و كاریگەریی نەرێنییان لە سەر پێكهاتە سەرەكییەكانی زەوی، ئاو و هەوا و خاك هەیە، دواجاریش راستەوخۆ بەشێكن لە پیسكردنی ژینگە و تێكدانی هاوسەنگیییەكەی.
 
یەكێك لە خاوەن كارگەكانی سنووری كۆیە، كە زۆرتریش بە (غەسالە) ناودەبرێن و پێی باشنەبوو ناوی ئاشكرا بكرێت، دەڵێت: "رۆژانە نزیكەی 150 مەتر چەو و لم دەردەهێنن، بەڵام كاركردن بەپێی رۆژە"، واتە هەموو رۆژێك كارناكەن بەتایبەت لە وەرزی زستان، بۆیە ساڵانە نزیكەی 50 هەزار مەتر چەو و لم بەرهەمدەهێنن.
 
قەزای كۆیە خاوەن پێگەیەكی جیۆگرافی گرنگە لە سەر ئاستی عیراق و كوردستاندا. بە دوو چیای خنجیلانە دەورە دراوە. ئەوانیش چیای باواجی، كە بەرزییەكەی 1260 كم و چیای هەیبەت سوڵتان، كە بەرزییەكەی 1092 كم لە رووی ئاستی دەریاوە دەبێت. قەزای كۆیە جیا لەوەی بە ناوچەیەكی دەوڵەمەندی نەوت دادەنرێت، لە سامانە كانزاییەكانیش دەوڵەمەندە، بەهۆی ئەوەی لە زێی بچووك نزیكە، خاك و زەوی ناوچەكە كشتوكاڵییە و بۆتە ناوچەیەكی گەشتیاریی و ساڵانە ژمارەیەكی بەرچاو لە گەشتیاران ڕووی تێدەكەن.
 
بەگوتەی گۆران ئەحمەد سماقە، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی كۆیە، ژمارەی ئەوانەی لە زێی بچووك و گۆمەكاندا خنكاون لەم وەرزی هاوینەدا تا بەرواری (20-9-2023) شەش كەس خنكاون، كە دوو كچ و منداڵێك و دوو گەنج و پیاوێكی بەتەمەن بوون. گۆران سماقە دەڵێت: "بەردەوام هەوڵمانداوە، كە ئەو كارگانە ناچار بكەین دوای تەواوبوونی كارەكانیان شوێنەكان وەك خۆیان پڕبكەنەوە، بە پێچەوانەوە بەرپرسیارن".
 
بەڵگەی سەركەوتن
 
مژدە محەمەد، نەیشاردەوە كە لە كاركردنیان لە سەر كارگەكانی چەو و لم زۆر ماندوو بوون، بەڵام دەشڵێت: "شانازی دەكەین بە كارەكەمانەوە كە ئەنجامێكی باشی هەبووە، بەتایبەت بۆ ژنان و كچان".
 
خانم عومەر بە گەشبینییەوە دەربارەی كارەكانی دەڵێت: "لەوەتەی توانای كاركردنم هەیە، هەر كاری شینایی و كشتوكاڵ دەكەم". گوتیشی: "كارەكەم زۆر خۆشدەوێت و قەتیش لێی بێزار نابم".
 
دیمەنێک لە گوندی كانی بی
 
 
ژنان رۆڵی سەرەكی دەبینن لە كاركردن لە زەوییە كشتوكاڵییەكاندا و بژێوی خێزانەكانیانی پێ پەیدا دەكەن.
 
"لە كشتوكاڵ بژێوی ژیانی خێزانەكەم دابیندەكەم، یارمەتی هاوسەرەكەم دەدەم." خانم بەوەندەیش كۆتایی بە وەڵامی پرسیارەكەی ئێمە نەهێنا و گوتی: هەر من نا، زۆرینەی ئەو ژنانەی لەگەڵ من دێنە سەر كار، بژێوی ژیانمان بەم كرێكارییەی كشتوكاڵ پەیدا دەكەین. گوتیشی: "سوپاس بۆ رێكخراوی هەناسەی سرووشت، كە هاندەرمان بوون و بەرچاوڕوونیان پێداوین و هانیانداوین بەردەوامبین و واز نەهێنین، بەوەش هەم ئێمە سوودمان بینیووە، هەم بۆ ژینگەی ناوچەكەش بەسوودە".
 
ئەحمەد قادر دەڵێت: "زۆرینەی جووتیارانی ئەو سنوورە بەجۆرێك لە جۆرەكان بەهۆی ئەم كارگانەوە زیانمەند بوون، بەڵام ئێمە وەك ئەو ناوچەیە زیاتر لە 1000دۆنم زەویمان پڕ كردۆتەوە، كە ئێستا بۆ كشتوكاڵ شیاون، بوونی ڕیكخراوە ژینگەییەكان پێویستن، كە هاوشێوەی رێكخراوی هەناسەی سرووشت لەخەمی ژینگەی ناوچەكەدان و لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار دەكەنەوە لە پێشێلكاری كانەكان و ئێمە خۆشحاڵین بەو هەڵمەتەی كردوویانە بۆ هۆشیاركردنەوەی ئێمە و جووتیاران بەگشتی". 
 
هەڵگورد عەبدوڵڵا سیدە، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاشتی لە قەزای كۆیە، دەڵێت: "چەند گوندێكمان هەیە دەكەونە سەر زێی بچووك، لەو گوندانە كارگەی دەرهێنانی چەو و لم هەیە، بەڵام لە ئێستادا بەشێكی كەمیان كار دەكەن و ئەوانی دیكە راگیراون، بەپێی یاسا و ڕێنماییەكان هەر كارگەیەك سەرپەرشتیاری بۆ دادەنرێت و لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان مۆڵەتی پێدەدرێت".
 
هەڵگورد عەبدوڵڵا گوتی: "نابێت كارگەكان لە زێیەكان، ڕێگاكان یان لە تاوەرەكانی كارەبا نزیكببنەوە، تا زیان بەو شوێنە گشتییانە نەگەیەنن و دوای تەواوبوونی كارەكەی دەبێت شوێنەكان پڕ بكەنەوە و وەك خۆی لێبكرێتەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر وانەكەن ئەو بڕە پارەی وەك بارمتە دانراوە، بۆیان ناگەڕێتەوە".
 
ناوچەكە پێویستیی بە هەناسەی زیاترە
 
مژدە محەمەد دەڵێت: "بۆ هەركارێك كۆمەڵێك بەربەست هەن، بۆ ئەو كارانەی ئێمەش كۆمەڵێك بەربەستمان هاتۆتە پێش لەوانە: لاوازیی گیانی هاوكاری و خۆبەخشیی، چونكە بە زۆر كەسمان گوتووە هاوكارمان بن، بەڵام لە چەند كەسێك نەبێت، ئەوانی دیكە بە دوای داواكەمانەوەنەهاتوون".
 
گوتیشی: تكایە ژینگەكە بۆ هەموومانە و ناكرێ هەروا بە ئارەزوو و بەپێی بەرژەوەندی تاك جێبهێلدرێت، پێویستە دوای كۆتاییهاتنی كارەكان پێویستە زەوییەكان وەك خۆیان لێبكرێتەوە و رادەستی خاوەنەكانیان بكرێنەوە.
 
ئەحمەد ئیسماعیل، جووتیار، دەڵێت: "جووتیاران زۆربەی زەوییەكان بەنرخی (10) یان (20) هەزار دۆلار بە خاوەن كانەكان دەفرۆشن، بەڵام دوای وەرگرتنەوەیان بە (30) هەزار دۆلاریش نابنەوە بە زەوی كشتوكاڵیی".  
 
ناخۆشترین كێشە بۆ مژدە لەو هەڵمەتەدا جگە لە خراپیی بارە داراییەكە، بە پیرەوەنەهاتنی بەشێك لە خاوەن زەوییەكانە بۆ هەڵمەتی هۆشیارییەكەیان.
 
مژدە دەڵێت: "بەردەوام دەبین، جگە لە هەڵمەتی كاری كارگەكانی چەو و لم بۆ ساڵی نوێی خوێندن هەڵمەتی هۆشیاریی ژینگەییمان لە قوتابخانەكاندا هەیە". ئەو ئاماژەی بەوەشدا كە سەرەڕای ئەوە هەڵمەتێكی راگەیاندن دەستپێدەكەن بۆ پاراستنی سرووشتی كۆیە و هەرێمی كوردستان بەگشتی.
 
 
* ئەم ڕاپۆرتە لە چوارچێوەی پڕۆژەی (اصواتنا) بەرهەم هێنراوە، کە لەلایەن رێکخراوی ئینتەرنیوزەوە جێبەجێ کراوە.
 
** بۆ خوێندنەوەی راپۆرتەکە بەشێوازی PDF ئەم فایلەی خوارەوە دابەزێنە:
 
 
 

 




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,256,854     ژمارەی میوان 2423