شۆڕش خالد
لە حەوت هەڵبژاردنی رابردو لە پارێزگای كەركوك (پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا)، كورد بەردەوام 50%ـی كورسییەكانی هێناوە، لە چەند هەڵبژاردنێكیشدا زیاتری هێناوە، بەو مانایەی ئەگەر ئەمجارەش لەسەدا 50 كەمێك زیاتریش بهێنێت هەشت كورسی دەبەیت، كەواتە:
یەكەم: تۆ دەنگی خۆت هێناوەتەوە. ئەگەر هەڵپەڕێكە بۆ ئەوەیە یەكێتی نوێ لە كەركوك شكستی نەهێناوە، ئەوە شتێكی ترە و ئەتوانی بۆ یەكێتی هەڵپەڕی.
دوەم: ناكرێت میدیا بە چاویلكەی ئیسكان، رەحیماوا و شۆڕیجە سەیری كۆی دەنگی پارێزگای كەركوك بكات، ئەی چی لە حەویجە، رەشاد، ریاز و عەباسی دەكەیت؟ بێزەحمەت دەزانیت رێژەی دەنگدان لەوێ چۆن بووە؟ ئەگەر نازانی بۆ گەنجی كورد دەهێنیتە سەر شەقام كە نازانن ئەنجامەكە لەڕاستیدا چۆنە؟
سێیەم: چەند وێستگەیەكی قەرەهەنجیر، حەسار و شوان و فەیلەق مەكە بەپێوەر، ئێوە كێشەتان لەگەڵ نەوەی نوێ و پارتیدا هەیە، ئەی چی لە وێستگەكانی زاب و مولتەقا دەكەن، نازانیت رێژەی سەدی رەحیماوا پێوەر نییە بۆ هەمو پارێزگاكە.
چوارەم: ناپرسیت بۆچی عەرەب لەم هەڵبژاردنەدا كەمترین گلەیی و ناڕەزایەتیی هەیە، ئەگەر یەكێتی بەپێی پێشبینی تۆ 150 هەزار دەنگ دەهێنێت، ئەی بێزەحمەت كوا 350 هەزار دەنگەكەی تر و لەكوێیە؟ چونكە بەپێی ئاماری كۆمسیۆن لە كەركوك زیاتر لە 550 هەزار دەنگ دراوە بە دەنگدانی گشتی و تایبەتەوە.
پێنجەم: میدیا دەبێت ئەركێكی سەرەكی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری بێت بۆ خەڵك، نەك خۆڵ بەچاوی خەڵكدا بكات، پەیامنێرەكە لەهەمو تەمەنیدا كەركوكی نەبینیوە، نازانێت خەڵكەكەی چۆن بیردەكەنەوە، گوزەرانی چۆنە و تێڕوانینی بۆ پێكهاتەكان چۆنە، دڵنیام دو راپۆرتی باشی لەبارەی كەركوكەوە نەخوێندۆتەوە بۆ ئەوەی تێبگات چی دەگوزەرێت، ئەی چۆن دەزانێت روماڵێكی باش بكات، ئینجا تەحلیلی ژمارە و ژمارەسازی بكات، كە لەم كاتەدا ئیشی ئەو نییە، ئەگەر داتای هەمو پارێزگاكەی لا نەبێت.
شەشەم: پێویستە چاوەڕێی كاتژمێر پێنج بكەیت، بۆ ئەوەی لایەنێكی رەسمی پێت بڵێت داتاكان چۆنن، ئەوكات تۆش دەتوانیت تەحلیلی داتا بكەیت.
حەوتەم: بۆ ناپرسیت بۆچی یەكێتی بەڕەسمی ناڵێت لە كەركوك چییان بەدەستهێناوە، كەواتە ئەوانیش چاوەڕێ دەكەن، تۆ بۆچی پێشدەكەویت. بۆ نمونە سەرۆكی یەكێتی لە پەیامەكەی شەوی رابردویدا، روی لە هەمو نەتەوەكانی شارەكەیە و دەڵێت؛ "هەمووان پێكەوە ئاهەنگ دەگێڕین". كەواتە ئەویش چاوەڕێ دەكات و دڵنیا نییە.
هەشتەم: من نازانم ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بەپێی هەڵپەڕكێیەكەیە یان نا، دەبێت چاوەڕێی داتای رەسمی بكەین.