بازاڕی یەکەکانی نیشتەجێبون لە کەلار دەشکێت

2023/11/28 - 12:11 | 823 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
خواست لەسەر پرۆژەکانی نیشتەجێبون لە کەلار بەڕادەیەکی بەرچاو دابەزیوە، خاوەنی نوسینگەیەک دەڵێت: پێشتر پسولەی پرۆژە پارەی دەکرد، ئێستا بێبەرامبەر دەفرۆشرێت، وەبەرهێنێکیش دەڵێت: چاوەڕێی ئەوەمان نەدەکرد و دەبێت رێگەی دیکە بگرینەبەر.
 
لەماوەی ساڵێکدا تەوژمێکی دروستکردنی پرۆژەی نیشتەجێبون گەرمیان و بەتایبەت قەزای کەلاری گرتەوە، لەو ماوەیەدا زیاتر لە ١٠ پرۆژەی نیشتەجێبون خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش بەوهۆیەی خواست لەسەر پرۆژەکان زۆر بو.
 
بەڵام ئێستا پرۆژەکانی نیشتەجێبون بەڕادەیەک خواست لەسەریان کەم بوەتەوە، کە هەندێک پرۆژە هەن یەکەکانیان بە تەواوی بۆ نافرۆشرێت.
 
بەپێی بەدواداچونی رادیۆی دەنگ، حاڵی حازر نزیکەی ٤ هەزار یەکەی تەواوکراو لە کەلاردا هەن، ٢٠ هەزار یەکەش یان دەست بە دروستکردنیان کراوە یاخود بەمنزیکانە دەستپێدەکەن و رێکارەکانیان تەواوبون، زیاتر لە ١٠ هەزار یەکەی دیکەش لە رێکاردان.
 
هەڵمەت عومەر، خاوەنی نوسینگەی عەقاراتی ژیانەوە لە کەلار، جەختی کردەوە لەوەی بەهۆی زۆری پرۆژەکانەوە، خواست لەسەریان کەمی کردوە.
 
ئەو بۆ رادیۆی دەنگ وتیشی: پرۆژەکان زۆر بون و گرانی نرخەکانی و زۆری پێشەکی یەکەکان، رۆڵی هەبوە لە کەمبونەوەی خواست، چونکە خەڵک ١٠ هەزار "دەفتەرێک" دۆلاری هەبێت بیدات بەپێشەکی، دەفتەرێکی دیکەی دەخاتە سەر و خانویەکی پێدەکات لە ناحیەی رزگاری.
 
باسی لەوەشکرد؛ جاران پسولەی پرۆژەکان پارەیەکی زۆریان دەکرد، کەچی ئێستا نرخەکانی بە نیوە و زیاتریش دابەزیون، پسولەی پرۆژەی وەهاش هەیە کە ئێستا کۆمپانیا بەبێ بەرامبەر دەیانفرۆشێت.
 
هاوڵاتییەک کە کاری کڕین و فرۆشتنی پسولەی پرۆژەکانی نیشتەجێبون دەکات و نەیویست ناوی بهێنرێت، بە رادیۆی دەنگی وت: لە ماوەی ٢ مانگدا نزیکەی ٢٠ هەزار (٢ دەفتەر) دۆلار زیانم کردوە لە کڕین و فرۆشتنی پسوڵەدا، چونکە سەرەتا کە من پسوڵەکانم کڕی نرخەکانیان بەرز بو، بەڵام ئێستا زۆر دابەزیوە و بگرە پارە ناکات.
 
جگە لە زۆری ژمارەی پرۆژەکان، هۆکاری دیکەش هەن بۆ کەمبونەوەی خواست لەسەر پرۆژەکانی نیشتەجێبون.
 
جەعفەر محەمەد، خاوەنی نوسینگەی عەقاراتی ویژدان لە کەلار، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: کێشەی موچە و یارییکردنی نرخی دۆلار، دو هۆکاری ترن لەپاڵ بەلێشاو دروستکردنی پرۆژەکانی نیشتەجێبون، بۆئەوەی بازاڕی ئەو پرۆژانە کپ و کز بێت.
 
بەپێی راپۆرتێکی یەکەی چاودێریی حکومەتی خۆجێی گەرمیان، له‌ سنورى گه‌رمیاندا ٣٥ پرۆژه‌ى نیشته‌جێبون هه‌ن، کە هەندێک لەوانە هێشتا له‌ رێكارى وه‌رگرتنى مۆڵه‌تدان‌. ئه‌و پرۆژانه‌ش پرۆژه‌ى چین و توێژه‌كان (لۆ كۆست) و پرۆژه‌ى بازرگانى (های كۆست) و تێكه‌ڵ (میكس)ـن.
زۆرینه‌ى پرۆژه‌كانیش له‌ قه‌زاى كه‌لارن، ٣ پرۆژه‌یان له‌ قه‌زاى كفریین و ئه‌وانى دیكه‌ له‌ قه‌زاى كه‌لارن كه‌ له‌و ژماره‌یه‌ سیانیان ده‌كه‌وێته‌  ناحیه‌ى رزگاری.
 
کەمبونەوەی خواستی هاوڵاتیان لەسەر کڕینی یەکەکانی پرۆژە نیشتەجێبونەکانی کەلار، بۆ وەبەرهێنەرەکانیش شۆکهێنەر بوە.
 
وەبەرهێنێک کە نەیویست ناوی بهێنرێت، بە رادیۆی دەنگی وت: چاوەڕێی ئەوەمان نەدەکرد دۆخی پرۆژەکان وایلێبێت و ئەو خواستەی لەسەر نەبێت کە دەوترا هەیە.
 
وتیشی: زۆری پرۆژەکان و جۆراوجۆرییان، رۆڵی هەبوە لەوەی خواست لەسەریان کەم بکات و تەنانەت نەتوانین هەمو یەکەکانمان بفرۆشن.
 
بەڕای ئەو وەبەرهێنەرە، بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، پێویستیان بە گرتنەبەری رێگەی دیکە هەیە، وەک باشکردنی کوالێتیی یەکەکان و داشکاندن کردن و پێدانی ئۆفەر بە هاوڵاتیان.
 
ئەم خاڵەش خاوەنی نوسینگەی عەقاراتی ژیانەوە جەختی لێکردەوە.
 
هەڵمەت عومەر، وتیشی: پرۆژە ئەگەر دروست بکرێت و پێشەکییەکەی کەم بێت بۆنمونە ٢٥٠٠ دۆلار (٢٥ گەڵا) و قیستەکانی کەم و درێژ بن بۆنمونە ساڵی ٣٠٠٠ دۆلار (٣٠ گەڵا) لە ساڵێکدا، ئەمە باشە و خەڵک توانای هەیە بیکڕێت.
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,257,108     ژمارەی میوان 2674