وەزارەتی نەوتی عێراق: چاوەڕێدەکەین لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم بگەینە رێککەوتن

2023/11/27 - 07:00 | 354 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت ئاشکرای دەکات مانگی داهاتو وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان و بەرپرسانی هەرێم کۆدەبنەوە لەبارەی گۆڕانکاری لەگرێبەستە نەوتیەکانیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی تورکیاوە، گەشبینیشە بەوەی دەگەنە رێککەوتن.
 
باسم محەمەد، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی دا وتویەتی: لەئەگەری رێکەوتنمان لەگەڵ کۆمپانیاکان و گۆڕانکارییکردنیان لە گرێبەستەکانیان، راستەوخۆ هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە.
 
بریکارەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق پاش نزیکەی ٩ مانگ لەڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم گەشبینە بە رێککەوتن.
 
وتی: پێمانوایە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتیەکان رێکدەکەوین، چونکە ئەوان دەیانەوێت بەردەوام بن لەکارەکانیان لەهەرێمی کوردستان.
 
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە٢٥ـی مانگی ئاداری ئەمساڵەوە لە رێگەی تورکیاوە راگیراوە، ئەویش پاش ئەوەی حکومەتی عێراق سکاڵایەکی لە دادگای پاریس بردەوە کە تیایدا تورکیا ناچار دەکات بڕی ملیارو نێوێک دۆلار بداتە عێراق لەبەرامبەر رێگەدانی بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆدەرەوە وبەبێ رەزامەندیی بەغداد لەماوەی ساڵانی ٢٠١٤ - ٢٠١٨.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,268,976     ژمارەی میوان 838