ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم: دەبێت حکومەتی هەرێم بڕیار لەچارەنوسمان بدات

2023/11/19 - 09:07 | 378 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت- سروە کەریم
 
دوای تێپەڕینی زیاتر لەمانگێک بەسەر بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم سەرباری ئەوەی کارەکانیان راگرتوە، بەڵام هێشتا بە فەرمی دەستبەرداری پۆستەکانیان نەبون و ناشزانن چارەنوسیان چیە، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێریش دەڵێت: بڕیار لای ئەنجومەنی وەزیرانە.
 
رۆژی ٢٤ـی ئەیلولی ئەمساڵ، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بەنادەستوریی ناساندنی یاسای ژمارە ٢ـی ساڵی ٢٠١٩ کە هەموارێکی یاسایی بو لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش وایکرد ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم بکەونە بۆشایی یاساییەوە.
 
ئەنجومەنەکانی هەولێر و سلێمانی: حکومەت بەبێ چاودێر ماوەتەوە
 
بەرزان شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بەدەنگ نێتـی راگەیاند: ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵکو ئێمە ئێستا لەبۆشاییەکی یاسایی داین و حکومەتیش بەبێ چاودێر ماوەتەوە.
 
وتیشی: باشترین بژاردە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی نوێیە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان، بەڵام پەرلەمان ناتوانێت ئێستا ئەوە بکات، بۆیە چاوەڕوانی حکومەتی هەرێمین کەبڕیار لەسەر ئەوە بدات.
 
عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، باسی لەوەکرد: بەهۆی ئەوەی لەبۆشایی یاسایی داین، کۆبونەوە ناکەین و کاری لیژنەکانمان راوەستاوە و لەڕێگەی پەیوەندییەوە کاری هاوڵاتی بەڕێدەکەین.
 
وتیشی: ئێمە چاوەڕێین ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بەئاگادارییان لەم بابەتە بڕیار بدەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێک لەئارادا نیە.
 
کەی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵدەوەشێنرێنەوە؟
 
عەلی رەشید، دەڵێت: بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق پوخت نیە و زانیاری تەواوی لەخۆ نەگرتوە، بەڵکو تەنها بەنایاسایی ناساندنی یاساکەیە، بەوجۆرەش ئەنجومەنەکان هەڵناوەشێنرێتەوە.
 
پێیشیوایە چوار بژاردە لەبەردەمیاندایە:
 
یەکەم: پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی دولەسەر سێی ئەندامەکانی، ئەنجومەنەکان هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام ئێستا ناتوانرێت ئەو کارە بکرێت کە پەرلەمان خۆیشی پەکیکەوتوە.
 
دوەم: خودی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەدەنگی دولەسەر سێی ئەندامەکانیان خۆیان هەڵبوەشێننەوە، بەڵام لەبەردەم بۆشایی یاسایی دان.
 
سێیەم و چوارەم: هەبونی رێنمایی نوێی لەحکومەتەوە، یاخود "ناردنەوەمان بۆ ماڵەوە".
 
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگایی سلێمانیش دەڵێت: "دو ئەگەر هەیە کە حکومەتی هەرێم بڕیاری لەسەر بدات: دەبێت کاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دیاری بکرێت، یاخود ئەنجومەنی پارێزگاکان بەدامەزراندن بکرێت".
 
ئاماژەی بەوەشکرد: تاوەکو ئێستاش هیچ بڕیارێک نەدراوە.
 
ئەم خولەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم لە هەڵبژاردنێکدا کە لە ٣٠ـی نیسانی ٢٠١٤ ئەنجامدرا، پێکهاتن؛ ئەگەرچی تەمەنی ئەنجومەنەکە ٤ ساڵ بو، بەڵام بەو هەموارەی پەرلەمانی کوردستان بۆ یاسای ئەنجومەنەکە کردی، تەمەنی درێژکردەوە.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,256,671     ژمارەی میوان 2243