بۆچی ئه‌ندامێتى حه‌لبوسیی له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كۆتایی پێهێنرا؟

2023/11/14 - 08:17 | 1332 جار بینراوە    
 
نوسینى: د.عه‌لی به‌شار ئه‌غوان 
وه‌رگێڕانى: ده‌نگ نێت
 
پێش هه‌ڵبژاردنى 2021، به‌ڕێز: محه‌مه‌د حه‌لبوسی، داواى له‌ به‌ڕێز: له‌یس دلێمى كردوه‌ به‌ ئه‌نجامدانى ئه‌مانه‌ى لایخواره‌وه‌:
 
1. له‌یس دلێمى، نوسراوێكى داواكارى وه‌كو پارله‌مانتار ئاراسته‌ى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌ن "حه‌لبوسی" بكات كه‌ تیایدا به‌ ته‌واویی و به‌ رونى داواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بكات، به‌ڵام رێكه‌وت "به‌روار" له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌ نه‌نوسێت (وه‌ك له‌وێنه‌ى ژماره‌ 1 دا هاتوه‌).
 
2. وه‌كو خودی خۆی، له‌یس دلێمى لاپه‌ڕه‌یه‌كى سپی واژو بكات كه‌ تیایدا جگه‌ له‌ ناو و واژوه‌كه‌ى ته‌نها ئاماژه‌ به‌وه‌كرابێت كه‌ نوسراوه‌كه‌ ئاراسته‌ى به‌ڕێز: محه‌مه‌د حه‌لبوسی كرابێت، به‌بێ ئه‌وه‌ى ئه‌م نوسراوه‌ش رێكه‌وت "به‌روارى"ـى له‌سه‌ر بنوسرێت، (وه‌ك له‌ وێنه‌ى ژماره‌ 2 دا هاتوه‌). پێویست بو دواتر له‌سه‌ر ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه‌ كۆمپاله‌یه‌كى دارایی بنوسرێت وه‌كو گه‌ره‌نتییه‌ك بۆ حه‌لبوسی.
 
دواى هه‌ڵبژاردنى 2021 و سه‌ركه‌وتنى له‌یس دلێمى و به‌ده‌ستهێنانى ئه‌ندامێتى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، ژماره‌یه‌ك كێشه‌ رویدا، له‌ لێكه‌وته‌ى ئه‌و كێشانه‌دا پارله‌مانتار: له‌یس دلێمى دانى به‌وه‌دانا كه‌ پێش هه‌ڵبژاردنى 2021 واژوى له‌سه‌ر نوسراوێكى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ كردوه‌ و نوسراوه‌كه‌ش له‌لای حه‌لبوسی هه‌ڵگیراوه‌ (وه‌ك له‌وێنه‌ى ژماره‌ 1ـدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ داواكارى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یه‌، به‌ڵام به‌بێ نوسینی رێكه‌وت "به‌روار")، كه‌ ئه‌مه‌ش داواكارییه‌كى راسته‌ و به‌ده‌ستى خودی پارله‌مانتار له‌یس دلێمى نوسراوه‌ته‌وه‌. دواتر ئه‌و پارله‌مانتاره‌ داوای له‌ پارله‌مانتاران كرد كه‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران "حه‌لبوسی" ئه‌و داواكارییه‌ بكشێنێته‌وه‌ و هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ى رێگه‌ له‌ حه‌لبوسی بگرێت به‌كاری بهێنێت.
 
كاتێك حه‌لبوسی به‌ داواكارى پارله‌مانتار: له‌یس دلێمى ده‌زانێت بۆ كشاندنه‌وه‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی (وێنه‌ى ژماره‌ 1)، ده‌ستبه‌جێ داواكاریی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى په‌سه‌ند كرد و په‌راوێز "هامش"ـى له‌سه‌ر نوسی كه‌ تیایدا ره‌زامه‌ندى خۆی له‌و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یه‌ پیشان ده‌دات و دواتر به‌شێوه‌یه‌كى فه‌رمیی وه‌رگیرا و رێكه‌وتى (7/5/2022)ـى له‌سه‌ر نوسی (ئه‌م رۆژه‌ رۆژى شه‌مه‌یه‌ كه‌ پشوى پاش پشوه‌كانى جه‌ژنه‌)، به‌وهۆی ئه‌و ره‌زامه‌ندیه‌ى حه‌لبوسییه‌وه‌، دلێمى بێبه‌شكرا له‌ ئه‌ندامێتى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران.
 
دواى هه‌ندێك فشار، حه‌لبوسی پاشه‌كشه‌ى كرد له‌ قبوڵكردنى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى له‌یس دلێمى (وێنه‌ى ژماره‌ 1)، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ دلێمى وه‌ك ئه‌وه‌ى هیچ شتێك روینه‌دابێت، گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سه‌ركاره‌كه‌ى وه‌كو ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و یه‌ك وه‌رزی ته‌واوى یاسادانانى ته‌واوكرد. به‌ڵام لاپه‌ڕه‌ سپیه‌كه‌ (وێنه‌ى ژماره‌ 2) هه‌ر له‌لای حه‌لوبوسی مابویه‌وه‌.
 
دواتر ناكۆكی دیكه‌ رویدا، له‌ لێكه‌وته‌ى ئه‌و ناكۆكیانه‌دا و له‌ رێكه‌وتى 15/1/2023، حه‌لبوسی لاپه‌ڕه‌ سپیه‌كه‌ى ده‌رهێنا كه‌ تیایدا له‌یس دلێمى به‌ سیفه‌تى هاوڵاتى واژوى كردوه‌. حه‌لبوسی به‌شێوه‌ى ئه‌لیكترۆنى داواكارییه‌كى نوێی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ به‌ناوى پارله‌مانتار: له‌یس دلێمى له‌سه‌ر په‌ڕه‌یه‌كى سپی چاپ ده‌كات (وێنه‌ى ژماره‌ 3) و دواتر هه‌ستاوه‌ به‌ بڕینی 3 بۆ 5 سانتیمه‌ترى سه‌روى لاپه‌ڕه‌كه‌ى پێشوى (وێنه‌ى ژماره‌ 2) كه‌ تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ نوسراوه‌كه‌ ئاراسته‌ى حه‌لبوسی كراوه‌. بڕیار بو حه‌لبوسی ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه‌ (وێنه‌ى ژماره‌ 2) به‌كاربێنێت بۆ نوسینی كۆمپیاله‌یه‌كى دارایی له‌سه‌ر له‌یس دلێمى به‌ گوژمه‌یه‌كى پاره‌ى زۆر بۆ ئه‌وه‌ى گرنتى ئه‌وه‌ بكات له‌گه‌ڵیدا بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام حه‌لبوسی ئه‌مه‌ى نه‌كرد، به‌ڵكو به‌ باشی زانی كه‌ بیخاته‌سه‌ر داواكارییه‌كى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى ئه‌لیكترۆنى و به‌مشێوه‌یه‌ له‌یس دلێمى له‌ پارله‌مان وه‌ده‌رنێت.
 
دواى ئه‌مه‌، ئه‌ندامێتى له‌یس دلێمى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران به‌ فه‌رمی كۆتاییهات، ئه‌ویش ناچار روى له‌ دادگاى فیدراڵی كرد و حه‌لبوسی تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ى هه‌ستاوه‌ به‌ ساخته‌كردنى "ته‌زویركردنى" داواكارى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى (وێنه‌ى ژماره‌ 3) به‌وپێیه‌ى ئه‌و به‌بێ نوسینى رێكه‌وت داواكارییه‌كه‌ى نوسیوه‌ و درێژى لاپه‌ڕه‌كه‌ش كه‌متره‌ له‌ هه‌ر كاغه‌زێكى ئاسایی  A4. 
 
لایخۆشیه‌وه‌ دادگا له‌ به‌ڵگه‌ و بیانوه‌كانى له‌یس دلێمى كۆڵیه‌وه‌ و قه‌ناعه‌تى پێكرد و ئه‌مڕۆش حه‌لبوسی به‌ تاوانبار دایه‌قه‌ڵه‌م به‌وه‌ى سوێندى شكاندوه‌ و ساخته‌كاریی كردوه‌، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ئه‌ندامێتى حه‌لبوسی له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كۆتایی پێهێنا به‌ كاریگه‌ریی ساخته‌كردنى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى له‌یس دلێمى (وێنه‌ى ژماره‌ 3)، دواتریش ئه‌ندامێتى له‌یس دلێمشی له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران كۆتایی پێهێنا به‌كاریگه‌ریی داواكارى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى یه‌كه‌مى (وێنه‌ى ژماره‌ 1).
 
كۆتا تێبینی:
بڕیاره‌كانى دادگاى فیدراڵی بڕیاریی كۆتایی و پابه‌نده‌گیین و هیچ جۆره‌ تانه‌لێدان و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین و تێهه‌ڵچونه‌وه‌یه‌ك قبوڵ ناكه‌ن و ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ و به‌بێ كۆتوبه‌ند جێبه‌جێ بكرێن، بۆیه‌ كاریگه‌رییه‌كه‌ى ئه‌وه‌ تێده‌په‌ڕێنێت كه‌ به‌ته‌نیا دۆسیه‌یه‌ك بێت له‌به‌رده‌م دادگا، چونكه‌ بڕیاره‌كانى دادگاى فیدراڵی به‌ته‌نیا بڕیاری دادوه‌ریی نین، به‌ڵكو گوزارشتن له‌ ئیراده‌ى خودی ده‌ستور.
 




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,116,338     ژمارەی میوان 1633