چەکدارێک له‌ 1 رۆژدا 4 ئۆتۆمبیل لە نێوان چەمچەماڵ و گەرمیان دا ده‌ڕفێنێت

2023/11/11 - 03:42 | 1173 جار بینراوە    
 
ده‌نگ نێت- محه‌مه‌د مه‌حمود
 
له‌ رێگاى قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ بۆ قه‌زاى كه‌لار، كه‌سێك به‌ چه‌كه‌وه‌ 4 ئۆتۆمبیل ده‌ڕفێنێت، سێ لە ئۆتۆمبیلەکان بەجێدێڵێت و یه‌كێكیان خراپ ده‌كات، كه‌سه‌كه‌ داواكراوه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ و تائێستاش ده‌ستگیر نه‌كراوه‌، ئاسایش و پۆلیسیش له‌سه‌ر روداوه‌كه‌ بێده‌نگییان كردوه‌.
 
سه‌ره‌تاى چیرۆكه‌كه‌
 
رۆژی شەمە (28ـى تشرینی یه‌كه‌مى 2023)، هێزه‌ ئه‌منیه‌كان لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، هه‌وڵی ده‌ستگیركردنى كه‌سێك ده‌ده‌ن كه‌ فه‌رمانى ده‌ستگیركردنى هه‌یه‌، به‌ڵام كه‌سه‌كه‌ خۆی نادات به‌ده‌سته‌وه‌ و  هه‌ڵدێت، ملی رێگاى كه‌لار ده‌گرێته‌به‌ر و له‌م نێوانه‌شدا بۆ گه‌یشتن به‌ كه‌لار، 4 ئۆتۆمبیل ده‌ڕفێنێت، كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان و بۆ ماوه‌یه‌ك به‌كارده‌بات.
 
به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار، كه‌سه‌كه‌ سه‌ره‌تا له‌ناو چه‌مچه‌ماڵ، دەیەوێت ئۆتۆمبیلێك به‌ شۆفێره‌كه‌یه‌وه‌ بڕفێنێت، به‌ڵام ئۆتۆمبیله‌كه‌ کوژاوەتەوە و نەڕۆشتوە‌. چەکدارەکە شۆفێری ئۆتۆمبیله‌كه‌ ناچار ده‌كات ئۆتۆمبیلێكى تری بۆ رابگرێت، ئه‌ویش لە ژێر هەڕەشەی تفەنگدا ئۆتۆمبیلێكی جۆری بیکاشۆی بۆ راده‌گرێت كه‌ شۆفێره‌كه‌ى پۆلیسی دارستانه‌، دواى ئه‌وه‌ى به‌ چه‌كه‌وه‌ په‌لامارى ده‌دات، ناچارى ده‌كات دابه‌زێت و خۆی سه‌رده‌كه‌وێت و هه‌ردو شۆفێره‌كه‌ش به‌جێدێڵێت. 
 
رفاندنى ئۆتۆمبیلی سێیه‌م
 
عه‌بدوڵڵا سابیر، مامۆستایه‌كى خانه‌نشینی ناسراوى كفرییه‌ و له‌ سلێمانى داده‌نیشێت، بۆ پرسه‌ى خزمێكیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ گه‌رمیان و دواى به‌سه‌ربردنى شه‌وێك، به‌ رێگاى سه‌نگاودا ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ سلێمانى.
 
به‌مشێوه‌یه‌ باسی له‌ روداوه‌كه‌ كرد: کاتژمێر 2ـی دوانیوەڕۆ، لە رێگای سەنگاوەوە بەرەو سلێمانی بەڕێکەوتم، نزیک کاتژمێر 3ـی عەسر نزیکبومەوە لە گوندی "حەسەن کەنۆش"، لەمپەرێکی بەرز لەسەر جادەکە بو، بۆ ئەوەی تێپەڕێنیت پێویستە ئۆتۆمبێلەکە بە تەواوەتی خاو بکەیتەوە، پاش تێپەراندنی لەمپەرەکە ئۆتۆمبێلێکی جۆری توێتا بیکاشۆی رەنگ سپی لە پێشمەوە وەستا و شۆفێره‌كه‌ى دەستی رائەتەکاند و ئەیوت بوەستە.
 
عەبدوڵڵا سابیر، باس لەوەدەکات لەو کاتەی گەیشتوەتە گوندی حەسەن کەنۆش چەکدارەکە رایگرتوە و ئۆتۆمبیلەکەی رفاندوە
 
 
وتیشی: وه‌ستام و كه‌سه‌كه‌ش ئۆتۆمبێلەکەی خستە سەر خۆڵەکە و دابەزی و تفەنگێکی پێبو، هاتە ناوەڕاستی جادەکە و دو مەتر ئۆتۆمبێلەکەی لەمن دور بو، چەکی لێ راکێشام و وتی: دابەزە خوارەوە، وتم: بۆ چی بوە؟ وتی: ئەڵێم دابەزە خوارەوە، ئۆتۆمبێلەکەت جێ بهێڵە و پێویستیم بە ئۆتۆمبێلەکەتە، وتم: ئێ خۆت ئۆتۆمبێلت نیە؟ وتی من ئەچم بۆ دەرەوەی جادەی قیر دو گوند لەخوار ئێرەوە، باوکم دوژمن هاتوەتە سەری، ئەبێ بڕۆم فریای بکەوم، ئەوکات منیش تێگەیشتم بابەتە رێگریە و دەیەوێت ئۆتۆمبێلەکەم بەرێت.
 
بەردەوام بو لە گێڕانەوە و وتی: ئەو بەدەنگی بەرز قسەی دەکرد لە توڕەیی و شپرزه‌یی دا، منیش بەدەنگی بەرز قسەم دەکرد بۆ ئەوەی کەسێک بێت بەهانامەوە، به‌ڵام کەس لە گوندەکە دەرنەچو، تەنها ژنێکى به‌ساڵاچو هاتە ناو دەرگای حەوشەکە و بۆخۆی سەیری دەکرد.
 
به‌ كه‌سه‌كه‌م وت: تۆ شڵەژاوی دەڕۆی بۆ لای باوکت کێشە نیە، من ئۆتۆمبێلەکە لێ دەخوڕم و دەتگەیەنمە لای باوکت و لەوێش سەیارەکەت بۆ جێ دەهێڵم و بەپێ دەگەڕێمەوە، لەم قسانەیا بوم، تەواو توڕەبو، میلی تفەنگەکەی هێنایەوە و وتی: پێتدەڵێم دورکەوەرەوە، ئه‌وه‌بو دابه‌زیم و رێگه‌ى دام مۆبایل و جانتاكه‌م داگرم، ئه‌ویش سه‌ر ئۆتۆمبیله‌كه‌م كه‌وت كه‌ جۆری لاندكرۆزه‌ره‌ و رۆشت.
 
عه‌بدوڵلا سابیر، باسی له‌وه‌شكرد كه‌ چه‌كداره‌كه‌ ئۆتۆمبیله‌ بیكاشۆكه‌ى به‌ ئیشپێكردنه‌وه‌ جێهێشتوه‌ و دواتر ئه‌م په‌یوه‌ندی به‌ ئاسایشه‌وه‌ كردوه‌ و هاتونه‌ته‌ لای، پاشان بۆی ده‌ركه‌وتوه‌ ئه‌م پیاوه‌ كێشه‌یه‌كى هه‌بوه‌ و ئۆتۆمبیله‌ بیكاشۆكه‌شی له‌ چه‌مچه‌ماڵه‌وه‌ رفاندوه‌ و به‌ره‌و ئیداره‌ى گه‌رمیان هاتوه‌.
 
ئۆتۆمبیلێكى تریش ده‌ڕفێنێت!
 
دواى ئه‌وه‌ى چه‌كداره‌كه‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ى عه‌بدوڵڵا سابیر ده‌بات، به‌ هۆكارێك كه‌ نازانرێت به‌دیارییكراوى چییه‌، کێسی گێڕەکەی کون بوه‌ و هایدرۆلیکی تیا نەماوە، هه‌ربۆیه‌ لەسەر جادەی گشتى نێوان ناحیەی رزگاری و گونده‌كانى تیلەکۆ و زەردی حەمە، ئۆتۆمبیله‌كه‌  په‌كی كه‌وتوه‌ و نه‌ڕۆشتوه‌.
 
دواى له‌كاركه‌وتنى ئۆتۆمبیله‌كه‌، كه‌سه‌كه‌ هاتوه‌ته‌ سه‌ر جاده‌ و ئۆتۆمبیلێكى دیكه‌ى رفاندوه‌.
 
چەکدارەکە لە نزیک گوندی زەردی حەمە چوارەم ئۆتۆمبیلی رفاندوە و پێی هاتوەتە کەلار
 
ئه‌و هاوڵاتیه‌ى كه‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ى رفێنراوه و ده‌كاته‌ ئۆتۆمبیلی ژماره‌ چوار كه‌ چه‌كداره‌كه‌ له‌و رۆژه‌دا رفاندبێتى‌، فه‌رمانبه‌ره‌ له‌ كه‌لار و نه‌یویست ناوی بهێنرێت، روداوه‌كه‌ى به‌مشێوه‌یه‌ بۆ ده‌نگ نێت گێڕایه‌وه‌: پاش بەڕێکەوتنم لە سەنگاوەوە گەیشتینە نزیک گوندی زەردی حەمە، کوڕێکی گەنج وەستابو بە کڵاشینکۆفێکەوە دەستی کردە تەقەکردن بەسەر خەڵک و ئۆتۆمبێلەکاندا، لەپێشدا وام دەزانی ئەو کوڕە ئۆتۆمبێلەکەی پەکی کەوتوە بۆیە وا دەکات، بۆ یارمەتی دابەزین ئیتر چەکی لە ئێمە راکێشا كه‌ سێ كه‌س بوین، دوریخستینه‌وه‌ و خۆی سه‌ر ئۆتۆمبیله‌كه‌م كه‌وت كه‌ له‌ جۆری كیای سۆرینتۆ بو و رفاندى.
 
دوای رۆژێک و ئاگادارکردنەوەی لایەنە ئەمنییەکان، فەرمانبەرەکە ئۆتۆمبیلەکەی لە کەلار دەدۆزرێتەوە کە لەسەر شەقامێک بە جێهێڵراوە. بۆیان دەرکەوتوە چه‌كداره‌كه‌ به‌ ئۆتۆمبیله‌ كیاكه‌ هاتوه‌ته‌ كه‌لار و له‌وێ بەجێیهێشتوه‌ و هه‌ڵهاتوه‌.
 
پۆلیس و ئاسایش بێده‌نگن!
 
ده‌نگ بۆ وەرگرتنی زانیاری فه‌رمى لەسەر روداوه‌كه‌، پەیوەندی بە وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە کرد، به‌ڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە، هاوکات پەیوەندی بە بەرپرسی راگەیاندنی ئاسایشی گەرمیانەوە کرد، رەتیکردەوە لێدوان بدات، هەروەک پەیوەندیشی بە وتەبێژی پۆلیسی گەرمیانەوە کرد، بەڵام بەو پاساوەی پەڕاوی کەیسەکە لای ئەوان نییە ئامادەنەبو لێدوان بدات.
 
زانیاریی له‌باره‌ى چه‌كداره‌كه‌وه‌ 
 
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست ده‌نگ نێت كه‌وتوه‌، چه‌كداره‌كه‌ ناوى (پ. ف. ح)ـه‌ و ته‌مه‌نى 23 ساڵه‌، به‌ ئه‌سڵ خه‌ڵكى گوندێكى سه‌ر به‌ ئیداره‌ى گه‌رمیانن، به‌ڵام چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ داده‌نیشن.
 
به‌پێی زانیارییه‌كان، چه‌كداره‌كه‌ هه‌ڵهاتوه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش تائێستا نه‌یانتوانیوه‌ ده‌ستگیری بكه‌ن.
 

 




Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,269,129     ژمارەی میوان 947