سکرتێری پارێزگاری پێشوی کەرکوک بە ١٥ ساڵ زیندانیی حوکمدرا

2023/11/07 - 09:40 | 355 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند سزای ١٥ ساڵ زیندانیکردن بەسەر سکرتێری پێشوی پارێزگاری کەرکوک سەپێنراوە بەهۆی بردنی ملیۆنێک و ٤٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی.
 
بەپێی راگەیەنراوی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئەمڕۆ (٧ـی تشرینی دوەمی ٢٠٢٣)، دادگای دەستپاکیی کەرکوک سزای ١٥ ساڵ زیندانیکردنی غیابی بەسەر سکرتێری پێشوی پارێزگاری کەرکوک (ئەنوەر نامیق ساڵح)ـدا سەپاندوە، بەهۆی بردنی ملیۆنێک و ٤٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی لە موڵکی گشتی.
 
ئەوەشی خستۆتەڕو؛ بەپێی بەڵگەکان، ئەو سکرتێرە هەستاوە بە راکێشانی ئەو بڕە پارەیە لە دو هەژماریی بانکیی پارێزگای کەرکوک بەشێوەی نایاسایی.
 
 باسی لەوەشکردوە؛ دادگا دوای چێککردنەوەی بەڵگەکان لەسەر ئەو دۆسیەیە و بە ئامادەبونی نوێنەری یاسایی پارێزگای کەرکوک و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکیی، سەرەنجام بەپێی مادەی (٣١٦) لە یاسای سزادانی عێراقی، بڕیاری لەسەر ئەو دۆسیەیە داوە.
 
هەروەک ئاماژە بەوەشکراوە کە فەرمانی دەستگیرکردن و قەدەغەی سەفەرکردن بۆ سزادراوەکە دەرچوە، سەرباری دەستگرتن بەسەر هەمو موڵک و ماڵە گوێزراو و نەگوێزراوەکانی.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,116,041     ژمارەی میوان 1477