سەعدی ئەحمەد پیرە: ئێمە لەگەڵ پارتی لەیەك حکومەتداین و بەمزوانە جارێکی دیکە کۆدەبینەوە

2023/11/07 - 08:41 | 351 جار بینراوە    
 
دەنگ نێت
 
سەعدی ئەحمەد پیرە- وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی دەڵێت: کۆبونەوەمان لەگەڵ پارتی دوا ناکەوێت، دەبێت گرفتەکان یەک لەدوای یەك چارەسەر بکەین.
 
ئەمڕۆ  شاندی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەپیرمام کۆبونەوە، دوای زیاتر لە ٥ کاتژمێر کۆبونەوە پێکەوە، راگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تێدا جەختیان لە هەبونی ستراتیژیەکی هاوبەش و بەردەوامییدان بەکۆبونەوەکانی هەردولایەن و چارەسەری کێشەی شایستەدارایەکانی هەرێم کردەوە.
 
لەبارەی کۆبونەوەکەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە- وتەبێژی یەکێتی و یەکێک لە ئەندامانی شاندی حزبەکەی لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ، بۆ (دەنگ نێت) باسی لەوەکرد: "ئێمە لەگەڵ پارتی لەیەك حکومەتداین و بەمزوانە و بەبێ دواکەوتن پێکەوە جارێکی دیکە کۆدەبینەوە، چونکە دەبێت گرفتەکانمان هەنگاو بەهەنگاو چارەسەر بکەین".
 
 وتیشی: لەبارەی هەڵبژاردنەوە گفتوگۆ کراوەو بڕیاڕیشە یەکێتی سەردانی هەمو لایەنەکان بکات تەنانەت پێکهاتەکانیش.
 
لەکۆتا کۆبونەوەی نێوان پارتی ویەکێتی کە ۹ـی تەمموز بەڕێوەچو، بافڵ تاڵەبانی پاش کۆبونەوەکە نیگەرانی خۆیی بۆ راگەیاندنەکان دەربڕی و ئاماژەی بە لێکتێنەگەشتی هەردولا کرد.
 
لەبارەی دۆخی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆوە، نێچیرڤان بارزانی- جێگری سەرۆکی پارتی، باسی لەوەکرد: دۆخێکی ئەرێنی هەبوە لەگەڵ برایانی یەکێتی وبڕیارە کۆبونەوەکان بەردەوام بن.
 
یەکێتی لەدوای کۆتایی هاتنی کۆنگرەی پێنجەم، لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ کۆبونەوە لەگەڵ لایەنەکان، کە بافڵ تاڵەبانی- سەرۆکی حزبەکە، سەرۆکایەتی لیژنەکە دەکات.



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,091,796     ژمارەی میوان 1275