سزای سوكایه‌تیكردن به‌ ئاین له‌ یاسادا

2023/11/06 - 06:26 | 877 جار بینراوە    
 
گۆران عەلی
 
فه‌لسه‌فه‌ی دانانی سزا بۆ هه‌ر كردارێك كه‌ یاسا به‌ تاوانی دانابێت، بریتیه‌ له‌ سنوردانان و جڵه‌وكردنی هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت به‌ ئه‌نقه‌ست یان به‌ هه‌ڵه‌، زیان بگه‌یه‌نێت به‌ هه‌ر مافێكی مادی یان مه‌عنه‌وى هه‌ر كه‌سێك كه‌ یاسا پاراستنى له‌ ئه‌ستۆ گرتوه‌، بۆ هه‌ر تاوانێكیش ده‌بێت سزایه‌ك هه‌بێت ته‌نانه‌ت له‌ دیموكراتی ترین وڵاتدا، چونكه‌ ئازادیی ره‌ها یه‌كسانه‌ به‌ پێشێلكردنی مافی كه‌سانی تر.
 
یه‌كێك له‌ مافه‌ مه‌عنه‌ویه‌كانی تاك، بریتیه‌ له‌ پاراستنی ئاین و بیروباوه‌ڕ و سیمبوله‌كانی له‌ هه‌ر سوكایه‌تیه‌ك، به‌مه‌رجێك یاسا دانی نابێت به‌و ئاین و بیروباوه‌ڕه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر یه‌ك كه‌س په‌یڕه‌وكارى بێت و "پڕوپوچترین" بیروباوه‌ڕیش بێت بە رای ئێمە، چونكه‌ یاسا دانیپێداناوه‌.
 
دیاریشه‌ کە ئاینى پیرۆزی ئیسلام نه‌وه‌ك یاسا سوكایه‌تی پێكردنی به‌ تاوان داناوه‌، به‌ڵكو كردویه‌تی به‌ سه‌رچاوه‌ى زۆربه‌ی یاساكانی و ئه‌مه‌ش له‌ ده‌ستوردا چه‌سپاوه‌.
 
‌زۆر به‌ رونی یاسای سزادانی عێراقی ژماره‌ (111)ـی ساڵى 1969 باسى ده‌كات به‌ تایبه‌ت له‌ ماده‌ى (372)، بێگومان كه‌سه‌كان و سروتە‌ ئاینیه‌كان به‌شێكن له‌ ئاین و ده‌بێت رێزیان لێبگێرێت، به‌ڵام كه‌ى كارێك به‌ تاوانى سوكایه‌تیكردن به‌ ئاین داده‌نرێت و سزاى بۆ دیاریكراوه‌؟
 
ماده‌ی سه‌ره‌وه‌ مه‌رجه‌كانی دیاریكردوە، ئه‌وانیش: 
 
1. دانه‌ پاڵى هه‌ڵسوكه‌وتێك یان گوفتارێك بۆ كه‌سێك كه‌ مایه‌ی رێز و شكۆ بێت لای گروپێكی ئاینی دانپێنراو به‌ یاسا، ئه‌و كاره‌ش مایه‌ی ناشرینی و سوك سه‌یركردن بێت لای خه‌ڵكی.  
 
2. ئه‌و كار دانه‌ پاڵه‌ به‌ ئاشكرا بێت، بۆ نمونه‌ له‌ راگه‌یاندن به‌ هه‌مو جۆره‌كانیه‌وه‌.
 
3. ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ى ئه‌م كاره‌ى خراوه‌ته‌ پاڵ، مایه‌ی رێزو شكۆ بێت له‌ لایه‌ن په‌یڕه‌وكارانی ئاینه‌كه‌وه‌. 
 
هه‌ر كات ئه‌و مه‌رجانه‌ هاته‌ دی له‌ كه‌سى ئه‌نجامده‌رى كاره‌كه‌، ئه‌وه‌ به‌ تاوانبار داده‌نرێت و سزا ده‌درێت به‌ سزای به‌ندكردن کە له‌ (3) سێ ساڵ زیاتر نه‌بێت.
 
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێن، به‌ پێى ماده‌كانی (47 و 48) له‌ یاسای رێكاره‌ دادگه‌رییەكانى ژماره‌ (23)ـى ساڵى 1971، هه‌ر تاک و دەستە و رێكخراوێك یان داواكاری گشتى به‌م تاوانه‌یان زانی، ده‌توانن سكاڵا بجوڵێنن.
 



Dengnet.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 2,257,038     ژمارەی میوان 2604